کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن لە هێرشێکی خۆکوژیدا کە کۆبونەوەیەکی زانایانی ئاینی تیادا کرابوو بە ئامانج بەلانیکەمەوە 43 کوژراون و بە یەکێک لەهێرشە هەرە مەترسیدارەکان لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ناودێری دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان وەحید مەجروح دەڵێت 83 کەسیش بریندار بوون لە ئەنجامی ئەو هێرشەی دەستەی سەرۆکایەتی زانایانی ئاینی کردبووە ئامانج لە کاتێکدا لە کۆبونەوەیەکی گەورەدابوون بەبۆنەی جەژنی مەولود ڕۆژی لە دایک بوونی پێغەمبەری موسوڵمانان لە هۆڵی ئەفراح. ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاینیش لە نێو قوربانییەکاندایە.
ئەم هێرشەش پاش کۆمەڵێک توندوتیژیی دێت کە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لە چەند شارو ناوچەی ئەفغانستان ڕوویانداوە و سەدان کەسیش تیایدا کوژراون.
سەرەڕای چەندین هەوڵی دیپلۆماسی یاخیبوان بەردەوامن لە هێرش و پەلاماردانەکانیان لە ئەفغانستان کە بۆ ماوەی 17 ساڵە درێژەی هەیە.