Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: بودجەی 2019 ی وڵاتی عێراق


دیمەنێکی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق
دیمەنێکی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق

حکومەتی عێراق بەرنوسی بودجەی خۆی ناردە پەرلەمان تا پەسەند بکرێت، بەڵام پەرلەمانتاران تا ئێستاشی لەگەڵدابێت پەسەندیان نەکردووە.

زۆرێک لە پەرلەمانتارانی عێراق لەوبڕوایەدان جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو بەرنامەیەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرەک وەزیری عێراق ڕایگەیاندووە لەگەڵ ئەو بەرنوسی بودجەیەی نێردراوەتە پەرلەمان و جەختیش دەکەنەوە لەوەی هەرگیز لەگەڵ یەکدا ناگونجێن.

دەکرێت بگوترێت زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکان بەرنوسی بودجەی 2019 ی عێراقیان ڕەتکردۆتەوە وەک دەگوترێت لەسەر ئەو بنچینەیەی مەرجەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی لە خۆ نەگرتووە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.

ئەگەرچی بودجەی 2019 ی عێراق حکومەتەکەی عەبدولمەهدی ناردویەتیە پەرلەمان بەڵام ئامادەکردنی ئەو بودجەیە لەلایەن حکومەتەکەی حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری پێشووی عێراقەوە ئامادەکراوە. وەک لە بەغداوە باسکراوە لەم پڕۆژە پێشنیازکراوەی بودجەدا خەرجییەکان لە بڕی داهات زیاترە و ئەمەش هیچ مانایەک هەڵناگرێت تەنها کورتهێنانی بودجە نەبێت.

میوانی بەرنامە:
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق.

*ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی عێراقی پاش 2003، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق خوێندنەوەی بۆ ناکرێت بەڵکو گۆڕانکاری تیادا دەکرێت.
*یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەم بودجەیەی 2019 ی عێراق ئەوەیە کە دەکرێت بە بودجەیەکی ئاسایشی یان بەرگری ناوبنرێت.

*کێشە و نابەرابەرییەکی گەورە هەیە لە بودجەدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان.
*لە بودجەی پێشنیازکراودا هیچ بڕە پارەیەک بۆ دانەوەی قەرزی هەرێمی کوردستان دیارنەکراوە، چونکە حکومەتی هەرێم بەبێ ئاگاداری حکومەتی نێوەندی قەرزەکانی کردووە.

*پارتی و یەکێتی ئەوەیان لە سایکۆلۆژیەتی خەڵکی کوردستاندا دروستکردووە کە کورد دۆستی نییە و هەموو کەسێک دوژمنی کوردە، لە کاتێکدا سەلمێندراوە ئەوەندەی کورد دوژمنی خۆیەتی، ئەوەندە نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان دوژمنی نین.

*لە ساڵی 2005 ەوە تا 2014 نزیکەی سەد تریلیۆن دینار گەیشتۆتە هەرێمی کوردستان و کاتێکیش ئەو پارەیە بەهەدەر دراوە، ئەوا گوناهی کەسی تری تیادا نییە.

*پێویستە وەزیری دارایی عێراق گوێ لە نوێنەرانی کورد بگرێت، نەک ڕەچاو کردنی بەرژەوەندی حزبی.

کوردیش کێشەی هەیە لەگەڵ ئەم بودجەیەدا و وەک باس دەکرێت ڕێژەی لە سەدا دوازدەی بۆ دانراوە کە هاوشێوەی بودجەی ساڵی 2018 بوو نەک لە سەدا حەڤدە.

لەوەتای ساڵی 2003 وە کە هاوپەیمانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە عێراق ڕوخاند هێشتا سەرژمێرێکی فەرمیانەی دانیشتوان لە عێراقدا نەکراوە. هەرچۆنێک بێت وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەهای مەزەندەکردووە کە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە زیاترە لە 38 ملیۆن کەس، بودجەش لەسەر ئەو زانیاریانە داڕێژراوە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:46 0:00

XS
SM
MD
LG