Accessibility links

بڕیارەکەی ئەمەریکا دژ بە پەکەکە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا


چالاکوانان و شارەزایان دەڵێن ‌هەنگاوەکانی ئەمدواییانەی ئەمەریکا دژ بە ڕێبەرانی پەکەکە بۆی هەیە شێوازی لێکدانەوەکان بۆ ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کوردەکانی وڵاتەکە بگۆڕێت.

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا خەڵاتی پارەی تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک زانیاری لەسەر سێ ڕێبەری باڵای پەکەکە ئاشکرا بکات. ئەوانەش موراد قەریڵان، جەمیل بایک و دۆران کالکان.

ئەم سێ پیاوە هەرسێکیان کەسایەتی کاریگەرن لە نێو شەڕی سی ساڵەی دژ بە لەشکری تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی سێشەممە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە ڕاگەیاندرابوو پاش سەردانێکی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ماتیو پلامەر بۆ تورکیا.

ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی باشکردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرەی هاوپەیمانی ناتۆ.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە مانگی ڕابردووەوە هەندێک باشبوونی بەخۆوەبینی پاش ئازادکردنی قەشەی ئەمەریکای ئەندرۆ برۆنسن لەلایەن تورکیاوە، کە نزیکەی دوو ساڵ لە نێو زیندانەکانی تورکیا بوو. هەردوو وڵات سزاکانی سەر کاربەدەستانی حکومەتەیان هەڵگرت کە بەهۆی دۆسێی ئەندرۆ برونسن لە مانگی هەشت دانرابوون.

بەڵام هەندێک لە گروپە سیاسییەکان لە تورکیا پێیان وایە هەنگاوی ئەم دواییانەی ئەمەریکا دژ بە ڕێبەرانی پەکەکە زیان بە دەرفەتەکان بۆ ئاشتی لە تورکیا دەگەیەنێت.

گران ئۆزجان نوێنەری هەدەپە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دەستنیشانکردنی خەڵات بۆ زانیاری لەسەر ڕێبەرانی پەکەکە پشتیوانییەکی ڕوونە بۆ هەوڵەکانی لەشکری حکومەتی تورکیا دژ بە کوردەکان."

لە ساڵی 2015 پرۆسەی ئاشتی دوو ساڵەی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە شکستی هێنا. هەردوولا لە وتووێژدابوون بۆ کۆتایی‌هێنان بەو ناکۆکیانەی کە بەهۆیانەوە هەزاران کەس لە تورکیا کوژراون و زۆربەیان مەدنی بوون.

گران ئۆزجان دەشڵێت " پڕۆسەی ئاشتی دەرفەتێکی ئێجگار باش بو بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی خەڵکانی سیڤیل. ئەمەریکاش پشتیوانی لەو پرۆسەیەی دەکرد. جا ئێمە داوا لە حکومەتی ئەمەریکا دەکەین باڵا دەستی خۆی بەکاربهێنێت و فشار بباتەوە بۆ تورکیا تا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ پەکەکە."

بەڵام عەمبەرین زەمان نووسەری تورک دەڵێت کردنی ئەم کەسایەتییانە بە ئامانج " شتەکان بۆ پەکەکە بە گشتی سەختتر دەکات کە هەوڵێکی زۆر دەکات تا شەرعیەت بە خۆی بدات و نێوی خۆی لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەربکات."

زەمان گوتیشی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە زیانێکی زۆر بە پەکەکە دەگەیەنێت. ئەو گوتی " ئەمە بە ڕوونی زیانێکی گەورەیە بۆیان لەو ڕوانگەیەوەی کە ئەوان هەوڵیان داوە لە چاوی جیهانەوە وەکو ڕێکخراوێکی ڕێگەپێدراوی سیاسی لێیان بڕوانرێت."

بەڵام زەمان دەشڵێت هەوڵەکانی ئاشتی حکومەت لەلایەن ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاوە زیانی پێناگات چونکە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشترەوە هەنگاوی توندی دژ بە هەدەپەی سەر بە کوردەکان دەستپێکردووە.

خاتو زەمان گوتوشیەتی " پێم وابێت حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕوونی بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی ئاشتی داوە، هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ نەتەوەپەرستەکاندا توند دەکات و لە ئێستاوە ئەو نیشانانە دەرکەوتوون."

هەرچەندە هەندێک لە چالاکوانە کوردەکان گرنگییەکی زۆر نادەن بە بڕیارەکەی ئەمەریکا، بەڵام هەندێکی تری وەکو هۆشەنگ ئوسێ شیکاری سیاسی کورد بنکە لە بورکسل لەو بڕوایەدایە ئەم دەستنیشانکردنە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەلایەن ئەمەریکاوە.

ئوسێ دەڵێت " ئەمە هەنگاوێکی سیمبۆلیک نییە بۆ هێورکردنەوەی تورکیا، بۆ ئەمەریکا کەم نییە کە پارەی خۆی دابنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێبەرانی پەکەکە. ئەمە بابەتێکی ڕژدە." ئەو گوتیشی مەبەستی ئەمەریکا بۆ درێژدەم چەککەردنی پەکەکەیە کە ڕەنگە ئەمەش بە هەوڵێکی نوێ لێی بڕواندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.

وەزیری بەرگری تورکیا خلوسی ئاکار ڕایگەیاند هەنگاوەکەی ئەمەریکا هەنگاوێکی پۆستیڤانە بوو و زۆرزۆریش درەنگ کەوتووە، و داوای لە واشنتن کرد ڕێبازێکی هاوشێوە لەسەر یەپەگەی سوریاش بگرێتەبەر.

ئاکار لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئەنادۆڵۆ گوتی " ئێمە ناتوانین ئەمە قبوڵ بکەین کە لەلایەکەوە خەڵات لەسەر زانیاری بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەرانی پەکەکە دانێن لەلایەکی تریشەوە کەرەستە و تەقەمەنی دەنێرن بۆ یەپەگە."

تورکیا ناڕازییە لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ یەپەگە لە شەڕی دژ بە داعش.

حکومەتی تورکیا یەپەگە بە بەشێکی جیانەبۆوە لە پەکەکە دەزانێت و هەتا ئێستا چەندین هێرشی کردۆتە سەریان لە سوریا.

بەڵام جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە میانەی کۆنفرانسێکیدا ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت " هەڵوێستی ئێمە لەسەر پەکەکە ڕوونە، بەڵام ئێمە یەپەگە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی نازانین و هەرگیز بە تیرۆرستمان دانەناون."

جێفری گوتیشی " ئێمە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەین، ئێمە لە نیگەرانییەکانیان لەمەڕ پەیوەندییەکانی پەکەکە و یەپەگە تێدەگەین. بۆیە زۆر زۆر بە وریاییەوە کار دەکەین. ئێمە تورکیا ئاگادار دەکەینەوە لەوەی چی دەکەین و چی ناکەین."

بەڵام کاربەدەستانی تورکیا سوورن لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوەی واشنتن بەس نیـیە هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەپەگە تێک نەدات.

XS
SM
MD
LG