Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کابینەی ئایندەی هەرێمی کوردستانی عێراق


ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمەوە ناڕەزایی زۆری بە دوادا هات.

ئەگەرچی لەو ڕاگەیاندنەدا بەشێک لە کۆمیسیاران ئامادە نەبوون بەڵام پێدەچێت ئەنجامەکان هەر بەو شێوەیە بن کە ڕاگەیەندراون.

پاش دواکەوتنێکی بەلانی کەم بۆ سێ هەفتە کۆمیسیۆنی هەرێم ڕایگەیاند پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم سەد و یازدە کورسییەکەی پەرلەمان 45 کورسی بەدەستهێناوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش 21 کورسی .

لە کاتێکیشدا زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی نۆیان ڕەتکردۆتەوە بەڵام پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامە.

بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی و ژمارەیەک لایەنی تریش پارتی و یەکێتی گوناهبار دەکەن بە فێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردندا و پێشێلکارییەکی زۆریشیان کردووە لە پرەنسیپەکانی هەڵبژاردن و دروستکردنی هەزاران بەڵگەنامەی ساختە و هەروەهاش پڕکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان.

هەرچۆنێک بێت لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دادەنرێت لێدوانی جۆراوجۆر دەدات لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم.

ناکۆکی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا زۆرە، هەر بۆیە سەرکردەکانی پارتی دەڵێن پێویستە ئەمجارە پێکهێنانی کابینەکە بەپێی ژمارەی دەنگەکان بێت، یان دەڵێن پێویستە کابینەی ئەمجارە جیاواز بێت، ئەوانەی دوو دڵن با لە کابینەی نۆی هەرێمدا نەبن، هتد.

کابینەی هەشت لە هەرێمی کوردستان لەسەرەتادا لەسەر بنچینەی کابینەی بنکە فراوان پێکهێنرا وەک دەگوترا لە پێناو چوار ساڵی ئارامی و سەقامگیریدایە، بەڵام دوو ساڵی تەواو نەکرد بناغەکانی بنکە فراوانی تێکشکێندرا و دەرکەوتنی ئاشکرای ئەو تێکشکاندنەش لە بڕیاری پارتییەوە دەستیپێکرد بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ڕێگەگرتن لە دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی ئەوسای پەرلەمان لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان و دواتریش لادانی چوار وەزیرەکەی هەمان بزووتنەوە لە پۆستەکانیان.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

بەپێی ڕای زۆرێک لە شیکەرەوە ئەو ئەزموونەی پێی دەگوترا کابینەی بنکە فراوان ئەزموونێکی شکستخواردوو بووە لە زۆر ڕەهەندەوە، لەوانە ڕێگەگرتنێکی بە بەرنامە لەوەی ئۆپزسیۆن نەمێنێت، دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر ئەو بنچینەیە نەبووە کە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بێت لە دەسەڵات و لە بڕیارەکاندا، ئەمە بێ لەوەی وەک دەگوترێت کابینەی هەشت مەودایەکی فراوانتری بۆ دەستێوەردانی حزبی لە کاروباری حکومەتدا ڕەخساند.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەو چوار بۆ پێنج ساڵەی ڕابردوودا هێندەی تر دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا کەوتە ژێر پرسیار و گومانەوە.

ئەی بۆ ئێستا چۆن و ئایا بیرکردنەوەکان لە چوار ساڵی داهاتوو چۆن دەبن؟!

قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق درێژەی هەیە و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بێجگە لە ژمارەیەک پەیماندان بۆ چارەسەرکردن هیچ هەنگاوێکی تر لە ئاسۆدا دیار نییە بۆ باشترکردنی باری بژێوی خەڵک و ڕەخساندنی زەمینەیەک کە بگوترێت ئارامی و سەقامگیریی لەسەر بونیاد دەنرێت.

لە ئێستادا ڕوانینەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە جارێکی تریش پارتی و یەکێتی پێکەوە حکومەت پێکبهێننەوە، هەرچەندە کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن نا، وەک باسی دەکەن یان ئەوەتا پارتی لەگەڵ کۆتاکاندا (کە زۆربەیان هەر سەر بە پارتی دادەنرێن) حکومەت پێکدەهێنێت یانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا. ئەگەری زیاتر کە شییانی هەبێت پێکهێنانی حکومەتە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، واتە دوو زلهێزەکەی هەرێمی کوردستان کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا یەک ئەوی تری بە خیانەت لە دۆزی کورد و بە گەندەڵیگوناهبار دەکرد.

ئەگەر پارتی و یەکێتی حکومەت پێکبهێنن ئایا دەتوانن ڕەوشێکی باش بۆ ژیانی خەڵک دابین بکەن؟

ئایا حکومەتی چوار ساڵی داهاتوو دەتوانێت چی زیاتر بکات کە لە 27 ساڵی ڕابردوودا نەکرابێت؟

ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر چ بنچینەیەک پێکدەهێنرێت؟
ئایا مانایەک بۆ بوون بە ئۆپزسیۆن ماوەتەوە لە هەرێمی کوردستان؟
ئایا کابینەی نوێ و پەرلەمانی هەرێم دەتوانن قەیرانەکانی هەرێم چارەسەر بکەن؟

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:54 0:00

XS
SM
MD
LG