Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: شەهێن سابیر


شەهێن سابیر
شەهێن سابیر

لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی زۆر و جۆراوجۆریش هەن بۆ سینەما.

هەندێک لەسەر ئەو بنچینەیە پێناسەی سینەما دەکەن کە ئاوێتەبوونی چێژ و نومایشتکردنە لەگەڵ ئەندازەیەکی زۆر کەم لە هزر و هونەر و ئەرکەکەشی وەها دادەنێن کە بریتییە لە ئاڕاستەکردن، بەڵام بەشێکی تریش هەن وەها دەچنە نێو پێناسەکردنی سینەماوە کە خزمەتێکی گەورەی کلتوری و فەرهەنگییە و ئەرکەکەشی لە چوارچێوەی پێکەوە گرێدانی کلتور و بەها ئاکارییەکان و مرۆڤایەتییەکانە و بە بەشێکی دانەبڕاویش دایدەنێن لەگەڵ بیرکردنەوە و هەروەهاش تەواوی ئەو هونەرانەی لە ژیاندا بوون و ئامادەییان هەن.

زۆر جار ئەو پرسیارە دەکرێت کە ئایا سینەما چییە؟ هونەرە یان پیشەسازییە؟ وە چەندان پرسیاری تری لەو بابەتە، بەڵام هێشتا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی سەرنج ڕاکێش نییە بۆ ئەو پرسیارانە، بۆچی؟ چونکە دەشێت پاش بینینی هەر فلیمێکی سینەمایی وەڵامێکی جیاوازت لەلا دروست بێت لە سۆنگەی ئەوەی ئەو فلیمە باس لە چی دەکات. دەشێت پاش بینینی فلیمێکی ڕۆمانسی تراژیدی، سینەما وەها لێکبدرێتەوەکە ئەم جیهانە زۆر بچوکە و ناتوانێت گەورەیی خۆشەویستی و عیشقی تیادا جێ ببێتەوە، لە دوای بینینی فلیمێک لەسەر ململانێکانی مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا ئەوا دەگوترێت سینەما هەوڵێکە بۆ ئاسانکردنی ژیان و ئاشناکردنمان بەو ژانانەی مرۆڤ دەیچێژێت، یانیش کاتێک سەیری فلیمێکی تایبەت دەکرێت بۆ نمونە لەسەر دووهەمشەڕی جیهانی یان هەر شەڕێکی تر ئەوا ڕێک سینەما مەینەتییەکانی مرۆڤ و ڕەوشی دەروونیی قوربانییەکانی ئەو شەڕانەمان بۆ ڕاڤە دەکات.

لێرەدا پێویستە بپرسین ئەی سینەمای کوردی (ئەگەر هەمانبێت) چیمان بۆ ڕاڤە دەکات؟!

دەشێت وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر بێت لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشتر، چونکە هێشتا لە کۆمەڵگەی کوردیدا شتێکمان نییە ناوی لێبنرێت بازاڕی سینەما و هێشتاش نەبۆتە ئەو پیشەسازییەی سەرمایەی بۆ وەگەڕ بخرێت، تەنانەت نەشبۆتە ئەو هونەرەی بگوترێت دەربڕینەکان هەر لە ڕێی فلیمی سینەماییەوە دەبێت نەک بەکارهێنانی ژانرەکانی تری هونەر و نوسین، ئەڵبەت لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ناکرێت هەوڵی ڕژدی ژمارەیەک هونەرمەندی کورد نادیدە بگیرێت لە بواری سینەمادا کە دەکرێت بگوترێت هەوڵەکانیان دەبنە دەستپێکێکی تۆکمە بۆ سینەما.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەک فێستڤاڵی سینەمایی دەکرێت و زۆربەشیان تایبەتمەندێتی نێونەتەوەیی لێدەنرێت.

ئێستا سێهەم فێستڤاڵی فلیمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا ژمارەیەک فلیم بۆ بینەران و هونەرمەندانی کورد و بیانیش نومایشت دەکرێن.

کۆمەڵگەی کوردی لە کاتێکدا لە قۆناغە سەرەتاییەکەی دروستکردنی سینەمادایە، ئایا ئەم هەموو فێستڤاڵانە یارمەتیدەر دەبن بۆی تا بتوانێت بوونی خۆی لەم هونەرەدا بسەلمێنێت؟ یان هەر تەنها پێویستە ئەم فێستڤاڵانە بکرێن تا بگوترێت ئێمەی کوردیش سینەمامان هەیە.

ئایا لەگەڵ هەنگاوەکاندا بۆ هەبوونی هونەر و پیشەسازی سینەما ڕەخنەیەکی ڕژدیش بۆ سینەما بوونی هەیە؟

ئایا ئامادەیی خەڵک و هونەرمەندانیش لە فێستڤاڵەکانی تایبەت بە سینەما، پێویستە چ جۆرە خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت؟

ئایا میدیا توانیویەتی بەشداربێت لەو هەنگاوانەی لە بواری سینەمادا دەنرێن؟
شەهێن سابیر، نوسەر و ڕۆژنامەوان، جێگری سەرنوسەری ڕۆژنامەی (شار سینەما) ڕۆژنامەیەکی تایبەتە بە سێهەمین فێستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:19:40 0:00

XS
SM
MD
LG