Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: جەمال خاشقچی


جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەوانی ناودار لەسەر ئاستی جیهان ڕۆژی 2 ی مانگی دەی ئەمساڵ دەچێتە ناو کونسوڵخانەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستانبوڵ و هەر ئەو چوونە ژوورەوەیەیە و تا ئێستا نەهاتۆتە دەرێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی باسدەکرێن لەسەر ئەم دیارنەمانەی خاشقچی، یان ئەوەتا هەر لە کونسوڵخانەوە براوە بۆ شوێنێکی نەزانراو، وەک لە میدیاکاندا باس دەکرێت لەوانەیە بە هەر شێوەیەک بێت ڕفێندرابێت بۆ ناو عەرەبستانی سعودیە. سیناریۆی دووهەمیش کە زیاتر جەختی لێدەکرێتەوە ئەوەیە هەر لەگەڵ چۆتە ناو کونسوڵخانەوە کوژراوە و تەرمەکەش پارچە پارچە کراوە ئەوجا براوەتە دەرێ. ئەمە ئەو سیناریۆیانەن کە جەختی لێدەکرێنەوە هەرچەندە هێشتا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە بەڵگەیەکی کۆنکریتی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی هیچ یەکێک لەو دوو سیناریۆیە.

بەڵام ئەوەی نکوڵی لێناکرێت تێوەگلانی شانشینی عەرەبستانی سعودیەیە لەم دۆسێیەدا، وەک دەگوترێت ئەو ڕاگەیاندنانەی دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعودیە بڵاوی دەکەنەوە زۆر سادە و جێی بڕوا نین.

میوانی بەرنامە:

یاسین تەها، نوسەر و لێکۆڵەر

ئەم دۆسێی دیارنەمان و ئەگەری لەناوبردنەش کاردانەوەیەکی زۆری جیهانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم دۆسێیەی خاشقچی بە کێشەیەکی خراپ ناودێر دەکات و دەڵێت " زۆر بە ڕژدییەوە لەم دۆسێیە دەڕوانین و پێویستە بکەرانی ئەم کارە بدۆزینەوە."

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاش کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ هەڵوێستی خۆی هەبێت لەسەر ئەم ڕووداوی دیارنەمان و ئەگەری کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی.

سیناتۆر لیندزی گراهام، کۆمارییە و دەڵێت ئەم دۆسێیە وەک پەڵەهەورێکی ڕەش بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عەرەبستانی سعودیەوە دەمێنێتەوە."
سیناتۆر کریس مۆرفی، دیموکراتە و دەڵێت " ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی تر پێداچوونەوە بکات بە پەیوەندییە لەشکریی و سیاسی و ئابوریەکاندا لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا."

لە واشنتۆن بەڕیوبەرایەتی ئەمریکا کەوتۆتە ژێر فشارەوە و بە هەمان شێوەش لایەنگران و دژەبەرانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایان خستۆتە ژێر فشارەوە.

سەرۆکی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو هەر زانیارییەک لەسەر ئەم دۆسێیە هەبێت بڵاودەکرێنەوە بۆ ڕای گشتی.

لە وڵاتانی ئەوروپاش کاردانەوەی توند هەن لەسەر ئەم دۆسێیە.

تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ژمارەیەک پرسیار هەن بێ وەڵام ماونەتەوە لەوانە، بۆچی خاشقچی دەچێتە ناو کونسڵخانەی وڵاتەکەیەوە لە ئەستانبوڵ؟ بۆچی سعودییەکان ئەم کارە لە تورکیا دەکەن؟ بۆچی سعودییەکان ئەو کارە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەیاندا دەکەن و لە شوێنێکی تر نا؟ و چەندان پرسیاری تریش.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت لەو ناوچەیەی جیهاندا هیچ وڵاتێک هێندەی تورکیا و قەتەر لەسەر ئەم دۆسێیەیان نەنوسیوە و بە ڕاشکاوانەش پەنجەی تاوانیان بۆ عەرەبستانی سعودیە ڕانەکێشاوە.

ئایا عەرەبستانی سعودیە دەتوانێت بیانویەکی تۆکمە ببینێتەوە بۆ دیارنەمانی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی؟

لە دوای دیارنەمانی خاشقچی ئایا پەیوەندییەکانی عەرەبستانی سعودیە و تورکیا بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن؟

ئایا وڵاتانی تر دەتوانن چ فشارێک بخەنە سەر سعودییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی خاشقچی؟

ئایا ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش ئەمریکا چاوپۆشی لە دۆسێی خاشقچی دەکات بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێرانەوە؟

یاسین تەها، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:42 0:00

XS
SM
MD
LG