Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: سمکۆ ئەحمەد


هەروا سانا نییە بتوانرێت لە چەند دێڕێکدا پێناسەی هونەری شێوەکاری بکرێت یان بتوانرێت ڕاڤە بکرێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە شیوەیەکی بەرچاو هونەری شێوەکاری پەرەی سەندووە، وەلێ هێشتا ماویەتی بگوترێت لە کۆمەڵگەدا بەهایەکی گرنگی هەیە و ئەم ژانرە هونەرییە لە شوێنە جیاوازەکاندا ئامادەیی هەیە.

ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا هونەرمەندی گەورە و داهێنەرمان هەن؟ بەڵێ هەمانە کە هەمیشە بە گیانێکی لەخۆبردووانەوە بە شوێن داهێنانە ناوەزاکاندا دەگەڕێن و لە پێشانگاکانیاندا لەڕێی بەکارهێنانی ڕەنگ و تەکنیکی کارەکانیان، بینەرانی خۆیان سەرسام دەکەن. بەڵام ئەی دوای ئەوە؟! تابلۆکان دەپێچرێنەوە یان ئەگەر بەخت یاوەریان بێت لەوانەیە دووان یان سیانیان لە گەلەرییەکدا هەڵبواسرێن. ئەوەی بەلای بەندەوە گرنگە چوونی ئەو تابلۆیانەیە بۆ ناو ماڵەکان و شوێنەگشتی و دامەزراوە نیشتمانییەکانە.

​نکوڵی ناکرێت لەوەی هەر کارێکی فەرهەنگی لە ئەزمونێکی بچوکەوە دەستپێدەکات، ئیدی لەوانەیە دەستپێکی شاعیرێک بە چەند دێڕێک بێت بۆ یار و یان چیرۆکنوسێک بە نوسینەوەی یادەوەرییەک، یانیش هونەرمەندێکی شێوەکار بە ڕەنگڕێژکردنی لاپەڕەیەک دەست پێبکات وەک ئەو سەرەتایەی هونەرمەندی شێوەکار سمکۆ ئەحمەد دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا.

لە زستانێکدا، باوکی دوا سەفەری تەمەنی دەکات و بۆ ئێجگاری سمکۆ و خوشک و براکانی جێدەهێڵێت. خەمێکی گەورە و قوڵ بەرۆکی ئەم هونەرمەندەمان دەگرێت، تا بڕێک لە قورسایی ئەو خەمە کەم بکاتەوە، هانا بۆ بۆیاخی پێڵاوەکانی ڕەوانشادی باوکی دەبات و بەو بۆیاخانە هەر لەخۆوە وێنەیەک دەکێشێت.

لەو وێنەیەوە خۆشەویستی هونەرمەندی شێوەکار (سمکۆ ئەحمەد) دەستپێدەکات و هەر لەوێشەوە نەرم نەرم هەنگاوی خۆی دەنێت بەنێو ئەم جیهانە پڕ لە ئەفسونەی هونەری شێوەکاریدا.

کاتێک لە تابلۆکانی سمکۆ دەڕوانیت و ورد دەبیتەوە هەست بە سوریالیەتێک دەکەیت کە دانەبڕاوە لە واقیعیەتێکی سیحری و لەوێشەوە دەمانخاتە بەردەم ڕەنگی دۆسێ مرۆڤایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤیش.

ئەگەرچی لە ساڵی 1996 ەوە سمکۆی هونەرمەند دەڕوات بەرەو ژاپۆن و دواتریش بەرەو بەریتانیا بەڵام لەم 22 ساڵەی تەمەنی هونەرییدا هەرگیز دانەبڕاوە لە مەینەتییەکانی نیشتمان، لە ئەزمونەکانی نیشتمان. زۆر جار گوێم لە سمکۆ بووە یان کە ڕاپۆرتێکم لەسەر خوێندۆتەوە،ئەم هونەرمەندە جەختی لەوە کردۆتەوە هونەرمەند پێویستی بە سروشتێکی پاک و بێگەرد هەیە تا لە ماناکانی سروشت تێبگات، دەشڵێت هونەرمەند پێویستی بە زمانێکی ئازادە، تا ئازادانە سرودەکان بچڕێت و پێویستە ئەو کۆتوبەندانەی لە دەست نراون بشکێنرێن تا بتوانرێت ڕاستگۆیانە تابلۆکان بکێشرێن.

ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم لە کۆتایی ساڵی 2016 دا بوو یان سەرەتای 2017 بوو، ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت، بابەتێکی لەسەر پێشانگاکەی لەندەنی سمکۆ نوسیبوو ( بەهار هەرگیز نامرێت)، ڕۆژنامەکە دەنوسێت " هونەرمەند سمکۆ بە تێگەیشتنێکی گەورەوە پەیامێک دەنێرێت بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی، لەو سۆنگەیەوەی ئەو ڕوناکییەی لە بینایی و ئەو ئەڤینەی لە دڵی مرۆڤدایە گەشتی خۆیان بە نێو ڕێگە ڕاست و پان و بەرینەکاندا دەکەن."

بۆ هونەرمەندێکی وەک سمکۆ، ئەگەر بێتو پەیامی هونەرمەند وەک خۆی دەڵێت پەیوەندی بە پرسە مرۆڤایەتییەکان و ماناکانی ئازادی و یەکسانییەوە نەبێت، ئەوا دەروازە مێژووییەکان هەرگیز ناکرێنەوە.

ئایا لە فەرهەنگی کوردیدا جێیەک بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی تابلۆکانی هونەرمەندانی کورد هەیە؟

ئایا هونەری شێوەکاریی کوردی گەیشتۆتە ئاستی جیهانی؟

ئایا لە نێوان ژاپۆن و بەریتانیادا، هیچ گۆڕانێک هەیە لە کارە هونەرییەکانی سمکۆ ئەحمەد، لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە؟

هونەرمەندی شێوەکار سمکۆ ئەحمەد، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
*تێبینی: لە هەفتەی داهاتوودا بەشی دووهەمی ئەم بەرنامەیە لەگەڵ هونەرمەد سمکۆ ئەحمەد درێژەی دەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:14 0:00

XS
SM
MD
LG