Accessibility links

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆکی عێراق ناکۆکن


لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باسی لە پرسی سەرۆک کۆمار کرد و بە "ئیستیحقاقی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان"ی ناوبرد و داواشی لە دکتۆر بەرهەم کرد کە خۆی وەکو یەکێتی ئیعلان بکات تا بیکەنە یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

سەعدی ئەحمەد پیره لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمارەوە‌ وتی "ئەو بابەتە هێشتا ساغ نەبووەتەوە. کێشەیەکی تر هەیە کە ئەو پۆستە لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلا نەبووەتەوە". لە وەڵامی مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە لێدوانێکیدا وتبووی "پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی پارتی ئەزانین"، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی "ئەوە بەپێی ڕێککەوتننامەیەکە کە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتییە و سەرۆکی هەرێم بۆ پارتییە. سەرۆکی هەرێم دەستی لەکار کێشاوەتەوە بەڵام دەسەڵاتەکانی لای سەرۆکی حکومەتە کە جێگری سەرۆکی پارتییە. ئەگەر سەرۆک کۆمار ئیستیحقاقی ئەوانە ئیتر هەڵبژاردنی بۆچییە؟ ئەوان باس لە فرەیی و دیموکراسی ئەکەن. ئەوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە و بەسە".

سەعدی ئەحمەد پیرە لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت"ئەی ئەم دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێم چی لێبەسەردێت؟ ئەوەش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ ئەی وەزارەتی نەوت چی؟ ئەویش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ وەزارەتی داراییش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ وەزارەتی ناوخۆش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ سەرۆکی پەرلەمانیش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ نا! پێم وایە ئەوە کەمێک زیادە لە پێویست. یەکێتی ئەم بابەتەی لە تەعامول پێ قبوڵناکرێت".

هەروەها لەبارەی کاندیدکردنی دکتۆر بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی "دکتۆر بەرهەم ئەتوانێت یەکێک بێت کە کاندیدەکان ئەگەر ئیعلانی ئەوە بکات کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. ئەوەش ڕەنگە لە چەند سەعاتی داهاتوودا یەکلا ببێتەوە".

وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە باسی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کرد و بە "مافی پارتی دیموکراتی کوردستان" ناویهێنا.

عەتا شیخ حەسەن
عەتا شیخ حەسەن

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە وتی "ئەو تەوافوقە سیاسییەی هەبووە سەبارەت بە پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ خولێکی هەڵبژاردن بووە نەک تەوافوقێکی دوور مەودا و تا سەر بێت".

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت "پارتی هێز و براوەی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق. گەر ئەو هاوپەیمانییەتییانەی هەیە لێکی هەڵبوەشێنیت پارتی ئەبێتە هێزی یەکەم. جگە لەوەی لە ئاستی کوردستاندا یەکەمە، لە ئاستی عێراقیشدا ئەبێتە یەکەم حزبی سیاسی کە بە تەنها ٢٥ کورسی پەرلەمانی هەیە. بە پێوانەی دەنگەکان و کورسییەکانی پارتی، پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەشی کوردە لە عێراقێکی تەوافوقدا ئەبێتە بەشی پارتی دیموکراتی کوردستان".

هەروەها دەشڵێت "پارتی زۆر جار قوربانی بە پۆست و پلە داوە لە پێناوی بەرژەوەندی باڵا و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد و سەرخستنی پرۆژەی نەتەوەیەک کە بێ شووناسە بۆ ئەوەی دەنگەکان یەکبگرن لەناو کایەی سیاسی عێراقدا. ئێمە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە مافی پارتی بوو بە گۆڕانمان بەخشی کە خاوەنی ٩ کورسی پەرلەمانی بوو. بەڵام ڕەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە لە حەقی ئینتیخابی خۆی خۆشنەبێت”.

ئەم قسانەی عەتا شێخ حەسەن دوای ئەوە هات، سەعدی ئەحمەد پیرە لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد "پۆستی سەرۆک کۆمار بە تەوافوق مافی یەکێتییه‌."

ڕێباز مەجید، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لە سلێمانی وتووێژی لەگەڵ هەر یەک لە سەعدی ئەحمەد پیرە و عەتا شێخ حەسەن کردووە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:07 0:00
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00

XS
SM
MD
LG