Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەدات بە کۆریای باکور بەر لە چەکداماڵین هیچ شتێکی پێ نابەخشێت


کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کۆریای باکور دەبێت خێرا بکات ئەگەر بیەوێت ڕێککەوتنی چەکداماڵین لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بکات.

وتووێژکەرانی ئەمەریکا، کۆریای باکور و باشور لەدەمی کۆبونەوەکەی سینگاپوری نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی کۆریای باکور کیم جون ئون لە مانگی شەشەوە لە وتووێژی پچڕ پچڕدان بۆ چەکداماڵینی کۆریای باکور.

بەڵام سەرەڕای چەند هیوایەکی زۆر، هەوڵەکان چەقیان بەستەوە بەهۆی نەبوونی هەنگاوی بەرچاو لەلایەن کۆریای باکورەوە هەروەها داواکارییەکانی پیونگیانگ بۆ متمانەی ئاسایشی و نیگەرانییەکانی تری.

ئەندریا تامپسن یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری کۆنتڕۆڵکردنی چەک و ئاسایشی نێونەتەوەیی بە لە واشنتۆن بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە هیچ نادەینە دەستەوە هەتا ئەو کاتەی کۆریای باکور ئەو کارانە نەکات کە دەڵێت."

ئەو گوتیشی " کاربەدەستان لە پیونگیانگ پێویستە پێشا، ئەرکەکان و بەڵێنەکانی کە لە سینگاپور دابویان بەجێ بگەیەنن." خاتو تامپسن مەبەستی لە بەڵێنی چەکداماڵین بوو.

ئەو بە وریاییەوە باسی لە ئۆفەرەکانی ئەمەریکا کرد بۆ کۆریای باکور و گوتی " ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیخەینە بەردەمیان داهاتووی نیمچە دوورگەیەکی بێچەکە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبەخشین زیندوویی ئابوری کۆریای باکورە کە بتوانێت لەگەڵ دراوسێ جیهانیەکانی پەیوەندی بکات." بەڵام گوتیشی ئەمەش دەکەوێتە سەر کۆریای باکور کە لە داهاتوودا چەندێک لەو کارانە دەکات کە بەڵێنی ئەنجامدانی داوە.

XS
SM
MD
LG