Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق لە دووڕیانی پێکهێنانی حکومەت و داواکانی خەڵکدا


هەرچۆنێک بووبێت و بە هەر شێوەیەکیش بووبێت و لە چ ڕەوشێکیشدا بووبێت، کاندیدە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی پێنجی عێراق چوونە هۆڵی پەرلەمانەوە و یەکەم دانیشتنی خۆیان کرد.


یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیش بەبێ مشتومڕی سیاسی تێنەپەڕی و تەنانەت دووهەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی پەرلەمان، تا ئەندازەیەک دڵەڕاوکێی و دڕدۆنگی بە سەرۆکی کاتی پەرلەمانەوە دیاربوو چونکە دانیشتنی دووهەم بە ئامادەبوونی نزیکەی 85 ئەندام دەستپێدەکات و تا دانیشتنەکە تەواو دەبێت ژمارەی بەشداربووان دەکاتە نزیکەی 120 ئەندام پەرلەمان. هەربۆیە بە ناچاری بڕیار دەدرێت سێهەم دانیشتنی پەرلەمان ڕۆژی 15 ی ئەم مانگی نۆیە بکرێت و لەو دانیشتنەدا بڕیار لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدرێت.

ئەگەرچی بەر لەو دانیشتنانەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکانی عێراق باسیان لە هەلومەرجی نوێ و بوار و دەرفەتی نوێی سیاسی دەکرد لە وڵاتەکەیاندا بەڵام لێدوانەکانی ئەندامە نوێیەکانی پەرلەمان و ڕێبەرانی لایەنەکانیش پێنەدەچوو وەک زەمینە خۆشکەرێک بن بۆ ئەو ئایندەیەی وەک مژدەیەک بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەیاندا بە خەڵکی عێراق.

حەیدەر ئەلعەبادی، سەرەک وەزیری عێراق (ئەگەری زۆرە جارێکی تریش ئەو پۆستە وەربگرێتەوە) لە وتارەکەی پەرلەمانیدا جەختی کردەوە لەوەی " گیانبازی بە بەرژەوەندی گەلی خۆمانەوە ناکەین لە پێناو ڕازیکردنی ئێران یان وڵاتانی تر."

ئەم لێدوانەی عەبادی ناتوانێت گومانەکان لەسەر ڕۆڵی ئێران و ئەو وڵاتانەی تری عەبادی باسیان دەکات بڕەوێنێتەوە لەسەر ئەو هەوڵانەی ئێران و وڵاتانی تریش دەیدەن بۆ دروستکردنی هاوکێشەیەکی نوێی سیاسی تەمەن چوار ساڵ.

لەوەتای ساڵی 2005 ەوە وەک دەگوترێت عێراقییەکان خۆیان وڵاتی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا نە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا و نە لە بۆنەکانیشدا گوتارێکی نیشتمانیانە ئامادەییەکی ئەوتۆی نەبووە لای ڕێبەرانی عێراق، بەڵام پێدەچێت ئەمساڵی 2018 ەیە ساڵێکی جیاوازبێت بۆیان و بە تایبەتیش لەناو ماڵی شیعەدا گوتارێکی نیشتمانیانەی عێراقی سەریهەڵداوە و بە دووریش نازانرێت لێدوانەکەی عەبادییش هەر لەو سۆنگەیەوە بێت.

نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت هێشتاش هێزی گەورەی شیعە هەن لەو وڵاتەدا و بوونی ئێران لە وڵاتەکەیاندا بە پێدوایستی دەزانن و وەها دایدەنێن ئێران دەتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت. ئەم هێزانە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا توانای جوڵاندنی شەقامیان هەیە و خاوەنی هێزی چەکداریشن (حەشدی شەعبی) و زۆربەی هەرە زۆری یەکەکانی ئەو هێزەش ئێستا بوونەتە بەشێک لە لەشکری عێراق و بە فەرمی وەک هێزی عێراقی دانراون.

وەک چۆن دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی ڕانەگەیاندنی گەورەترین فراکسیۆنەوە دوا کەوت، ئاوەهاش پێدەچێت ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێی عێراق لەناو پەرلەمانەوە دوا بکەوێت، خۆ ئەگەر لە پەرلەمانیشدا دوانەکەوێت، ئەوا پێناچێت کار و ئەرکێکی سانا بێت بۆ ئەو کەسەی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێردرێت لە ژینگەیەکی پڕ لە ناکۆکی و قەیران و ناڕەزایی گشتی و بێ متمانەیی و بەرژەوەندخوازی و پاوانی دەسەڵات و دەستێوەردانی دەرەکی و ئابورییەکی شێواو و ڕەوشێکی بێ چارەسەردا.

میوانی بەرنامە:

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق.

لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاریەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ باری ناو شاری بەسرە لە باشوری عێراق خراپتر دەبێت، هەر لەم هەفتەیەدا دەیان کوژراو و سەدان برینداریش هەبوون لەناو خۆپیشاندەرانی شارەکەدا، ئەمە بێ لەوەی دوو جار باڵەخانەکانی ئۆفیسی پارێزگاری بەسرە سوتێندران و زیانێکی زۆریش لە شوینە گشتییەکان دراون. هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە یەکلا نەبۆتەوە کە ئایا خەڵک ئارەزوومەندانە بەو جۆرە ناڕەزاییەکانی خۆیان دەردەبڕن یان هاندەدرێن؟ ئەڵبەت وەڵامەکان جۆراوجۆرن.

موحەمەد ئەلزرکاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕیش سپیانی پارێزگای بەسرە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان باسی لەوە کردووە کە هەوڵ دەدرێت شاری بەسرە بکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و ئەوەی باڵەخانەکانیش سوتێنراون، وەک دەڵێت دەستی خەڵکی هاندراون لەلایەن پارتە فەرمانڕەواکانەوە و دەخوازن بە وێرانکردنی شاری بەسرە فشار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

کەمیش نین ئەوانەی لەو بڕوایەدان کە ئێران هەستی بەوەکردووە هەوڵەکانی بە تەواوەتی سەرناگرن لە عێراقدا، بۆیە ئەم ڕووداوانەی بەسرە لە ئێستادا سەریانهەڵداوەتەوە و پەیامێکی ئێرانییەکانە ئەگەر بێتوو حکومەتی نوێ بەبێ ئەوان پێکبهێنرێت، دیمەنەکانی ئێستای بەسرە دەبنە بەشێکی بەرچاوی وێنەکانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، موقتەدا ئەلسەدر کەسایەتی ئاینی شیعەکان کە لایەنەکەی (سائرون) زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا داوای دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمانی عێراقی کردووە و داواش دەکات حەیدەر ئەلعەبادی و گەورە کاربەدەستانی تری وڵاتەکە بەشداری لەو دانیشتنەدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شاری بەسرە و دوو بژارەی بۆ داناون "یان ئەوەتا بەشداری دەکەن یانیش ئەوەتا دەست لەکار بکشێننەوە."

ئایا ڕووداوەکانی شاری بەسرە پەیوەندییان هەیە بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە؟

ئایا ڕێبەرانی عێراق دەتوانن دەستبەرداری ئەزموونی 15 ساڵی ڕابردووی شێوازی فەرمانڕەوایەتی ببن؟

ئایا ڕەوشی ئابوری عێراق دەرفەت بە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە دەدات هەنگاوی پێویست بنێن بە ئاڕاستەی سەقامگیریی سیاسیدا؟

ئەنوەر حاجی ڕەشید، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:34:58 0:00

XS
SM
MD
LG