Accessibility links

بەریتانیا بە بەڵگەوە دەڵێت 2 کەسی ڕووسی لە پشت هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال بوون


کاربەدەستانی بەریتانیا دەڵێن 2 کەسی ڕووسی لە پشت هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیا بوون، ئەوەی لە مانگی سێ لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبەری ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا لەگەڵ کچەکەی بەهۆی ژەهراویبوونیان لە هۆش خۆیان چوون.

نێڵ باسو سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆری بەریتانیا گوتی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەیری زیاتر لە 11 هەزار کاژمێر ڤیدیۆی کامێرای چاودێریان کردووە و بە هاوکاری 250 لێکۆڵەر و شیکەرەوە لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدراون.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەڵێن هەردوو کەسەکە ڕووسین و بە پاسپـۆرتی ڕەسەن و ناوی ساختەی ئەلێگزاندەر پـێترۆڤ و ڕوسلان بۆشهیرۆڤ لە 2 ی مانگی سێ لە مۆسکۆوە گەیشتوونەتە لەندەن. پاشان دوو شەویان لە هوتێلێکی ڕۆژهەڵاتی لەندەن بەسەربردووە و بە دوایدا دوو ڕۆژ چوون بۆ شاری سالزبەری. ڕۆژی یەکەم بۆ دیدەوانی و ڕۆژی دووەم بۆ کوشتنی سێرگێی سکریپال. لە 4 ی مانگی سێ پاش چەند کاژمێرێک لەوەی سێرگێی سکریپال و یولیای کچی لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبەری لە هۆش خۆیان چوون بەهۆی ژەهراویبوونیان بە ژەهری دەماری جۆری Novichok لە لەندەنەوە گەڕاونەتەوە بۆ مۆسکۆ.

هەردوو تاوانبارەکە لە شاری سالزبەری
هەردوو تاوانبارەکە لە شاری سالزبەری

تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەو دوو کەسە ئەفەسەری دەزگای هەواڵگری لەشکری ڕووسیان، ئەوەی بە GRU ناسراوە.

پـۆلیسی بەریتانیا چەند پارچە ڤیدیۆ و وێنەی هەردوو کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چۆن گەیشتوونەتە لەندەن و پاشان چوون بۆ شاری سالزبەری و تاوانەکەیان ئەنجامداوە.

هەرچەندە سێرگێی سکریپال و یولیای کچی لە پاش چەند مانگێک لە چارەسەری پـزیشکی، مەترسی لەسەر ژیانیان نەما و لە نەخۆشخانە بۆ شوێنێکی نهێنی گواسترانەوە، بەڵام لە مانگی حەوت ژنێک بە ناوی دان ستەرگێس تەمەن 44 ساڵ لە شارۆچکەی ئەیمسبێری لە نزیک شاری سالزبەری گیانی لەدەست دا. لێکۆڵینەوەکان لە مەرگی ئەم ژنە گەیشتەنە ئەو ئەنجامەی ناوبراو شوشەیەکی عەتری جۆری nina ricci premier jour دۆزیوەتەوە و هەڵگرتووەتەوە کە هەمان ژەهری جۆریNovichok تیایدا هەبووە.

نێڵ باسوی سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆر دەڵێت هیچ گومانی تێدا نیـیە مەرگی ئەم ژنە و هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال پەیوەندیـیان پێکەوە هەیە.

کاربەدەستانی بەریتانیا دەڵێن داوا لە مۆسکۆ ناکەن ئەو دوو تاوانبارەیان ڕادەستبکات، چونکە دڵنیایان داواکەیان ڕەتدەکاتەوە، بەڵام تێرێزا مەی گوتی ئەگەربێت هەر کامێک لەو دووانە جارێکی دیکە ڕووسیا جێبهێڵن ئەوا هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ دەسـتگیرکردنیان و دادگاییکردنیان لە بەریتانیا.

XS
SM
MD
LG