Accessibility links

پێنج ڕۆژی ماتەمینی بۆ سیناتۆر جۆن مەککەین کۆتایی پێدێت


ماتەمینی پێنج ڕۆژی بۆ سیناتۆر جۆن مەککەین ڕۆژی یەکشەممە بە کۆتایی دێت لە کاتێکدا لە ئەکادمیای هێزی دەریایی لە ئەناپلسی مەریلاند نزیک واشنتۆن بەخاک دەسپێردرێت.

دووا ئارامگەی ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی نوێنەری ئەریزۆنا، کە ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد لە تەنیشت هاوڕێی دێرین و هاوپۆلی، ئەدمێراڵ چەک لارسنەوە دەبێت کە لە ساڵی 2014 کۆچی دوایی کرد.

مەککەین کە فڕۆکەوانێکی هێزی لەشکری و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵیش دیلی شەڕ بوو دوواین دەرکەوتنی گشتی لە مانگی دە لە هەمان ئەکادمیا بوو کە ئێستا دەبێتە دووا ئارامگەی. ئەو لەوێ بە خوێندکارەکانی گوت ئەو ئەکادمیایە ئامادەی کرد بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە کە لە ژیانیدا هاتنە ڕێگەی.

ڕۆژی شەممە لە مەڕاسیمێکی تایبەتی ڕێزلێنان بۆ مەککەین لە کڵێسای نیشتمانی لە واشنتۆن سەرۆکی پێشووی دیموکراتی ئەمەریکا باراک ئۆباما ستائیشی مەککەینی کرد و وەکو دۆستێک و بەرهەڵستێکی سیاسیش ناودێری کرد.

هەر لەو مەڕاسیمەدا سەرۆکی پێشووتری کۆماری ئەمەریکا جۆج بوشیش وتاری پێشکەش کرد. ئەو دوو سەرۆکەی پێشووی ئەمەریکا بانگهێشت کرابوون بۆ ئەو مەڕاسیمە لەسەر داواکاری خودی مەککەین لە کاتێکدا کە بەربەرەکانی شێرپەنجەی مێشکی دەکرد. مەککەین لە ساڵی 2000 لە هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی بە بوش دۆڕا و لە ساڵی 2008 یشدا وەکو کاندیدی کۆمارییەکان بە ئۆباما دۆڕا.

جگە لە چەندین کەسایەتی و سیاسەتمەداری ناودار لەناویاندا بل کلنتن و هیلاری کلنتنیش،سندی هاوسەری مەککەین و حەود منداڵەکەی لەگەڵ دایکە تەمەن 106 ساڵانەکەی لە مڕاسیمەکە ئامادە بوون.

XS
SM
MD
LG