Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان دەستلەکار کێشانەوەی سێ کاربەدەستی باڵای ئاسایشی ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی دەستلەکار کێشانەوەی سێ کاربەدەستی باڵای ئاسایشی ڕەت کردەوە.

گوتەبێژێکی حکومەت ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند داوای لە هەرسێ کاربەدەستەکە کردووە کە لەسەر کارەکانیان بمێننەوە و " کاربکەن لە پێناو باشکردنی باری ئاسایش".

وەزیری بەرگری تارق شا بەهرامی، وەزیری ناوخۆ وەیس ئەحمەد بارماک و کاربەدەستی باڵای دەزگای زانیاری ئەفغانستان ماسوم ستانکزای ڕۆژی یەکشەممە نامەی دەستلەکار کێشانەوەی خۆیان پێشکەش کرد.

داواکاری دەستلەکار کێشانەوەی ئەمان تەنها چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو کە ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی ئەفغانستان محەمەد حەنیف ئەتمار دەستی لەکارکێشایەوە و هاوکاتی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە سەرانسەری ولاتەکەو زیادبوونی قوربانی مەیدانی شەڕ لەگەڵ یاخیبوانی تالیبان.

محەمەد حەنیف ئەتمار ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان
محەمەد حەنیف ئەتمار ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان

ئەتمار لە نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەیدا کە دابوی بە دەنگی ئەمەریکاش، نوسیویەتی بەهۆی زیادبوونی جیاوازی ڕژد لەگەڵ ڕێبەرایەتی باڵای حکومەت لەسەر ڕێبازەکان و پرنسیپەکان دەستلەکار دەکێشێتەوە. ئۆفیسی سەرۆک ئەشرەف غەنی بەبێ دەنگی دەستلەکار کێشانەوەکەی پەسەند کرد و دەستبەجێ هەمدوڵا مۆهیبی باڵیۆزی ئەفغانستانی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شوێنەکەی دانا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە غەنی بە فەرمی مۆهیبی تەمەن 35 سالانی وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی نوێ لە مەراسیمێکدا ڕاگەیاند کە هەردوو وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆش لەوێ ئامادە بوون.

سەرۆکی ئەفغانستان سوپاسی ئەتماریشی کرد بۆ خزمەتەکانی و گوتی " پەسەند کردنی دەستلەکار کێشانەوەی هاوڕێی و هاوکاری دێرینم بڕیارێکی سەخت بوو بۆم، بەڵام بڕیارەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی درا".

ئەتمار لە نامەکەیدا نوسیویشیە ئەو نەیتوانیوە جیاوازییەکانی نێوان ڕێبەرە باڵاکانی حکومەت چارەسەر بکات کاتێک گرنگ بووە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی، نۆژەنگکردنەوەی ئاشتی و ئاسایش، هەڵبژاردن، بەرێوەبردنی باشتر و بەهێزکردنی پەیەوەندیە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان.

XS
SM
MD
LG