ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان و ڕوونه‌دانى گۆڕانكارى له ژماره‌ى كورسى لایه‌نه‌كانى كه‌ركوک، پێشهاتى نوێى له‌و پارێزگایه هێناوه‌ته ئاراوه، توركمان هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و یه‌كێتیش هه‌نگاو بۆ وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگار ده‌نێت.
یه‌كێتى ده‌یه‌وێت به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى، كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك رێكبخات و پۆستى پارێزگار یه‌كلایى بكاته‌وه، به‌و پێیه‌ى كورد له‌كۆى 41 كورسى، خاوه‌نى 26 كورسیه و له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌وه، تواناى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى هه‌یه.
رێبوار ته‌ها كاندیدى یه‌كێتى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"پۆستى پارێزگارى كه‌ركوک ئیستیحقاقى كورده و له‌نێو كوردیشدا هى یه‌كێتى یه، بۆیه ده‌بێت له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه پۆسته‌كه وه‌ربگرینه‌وه."
وتیشى"كاتێك ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كۆبوه‌وه و پارێزگارى نوێى هه‌ڵبژارد، حكومه‌تى عێراق مافى ڕێگرى كردنى نیه، چونكه ئه‌وه رێوشوێنى یاساییه و سه‌ڵاحیه‌تى ئه‌نجومه‌نى پارێزگایه."
پۆستى پارێزگارى كه‌ركوک له‌دواى 16 ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابرده‌وه له‌لایه‌ن راكان جبوریه‌وه به وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ده‌برێت، كه‌ناوبراو عه‌ره‌بى سونه‌یه و یه‌كێكیشه له‌كاندیده ده‌رچوه‌كانى كوتله‌ى عه‌ره‌بى بۆ په‌رله‌مانى عێراق.
ئیسماعیل حه‌دیدى سه‌رۆكى پێشوى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌كه‌ركوك، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد گرێدانى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ئاسان نیه، چونكه یه‌كێتى و پارتى ناته‌بان، وتى"گه‌ر توانیان كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن رێكبخه‌ن، ده‌توانن پۆستى پارێزگار ببه‌نه‌وه."
هه‌نگاونانى یه‌كێتى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار له‌دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان دێت، كه یه‌كێتى له كۆى 12 كورسى كه‌ركوك بووه خاوه‌نى 6 كورسى، كوتله‌ى توركمانیش سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ساخته‌كارى كراوه و هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌كات.
عه‌لى هاشم ئه‌ندامى كوتله‌ى توركمانى به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"له‌دادگاى فیدرالى تانه له ئه‌نجامى هه‌ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌كان ده‌درێت."
هه‌نگاونانى یه‌كێتى بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار، له‌كاتێكدایه كوتله‌ى عه‌ره‌بى ئاماده‌ى ده‌ستبه‌داربوونى پۆسته‌كه نیه و توركمانیش داوایده‌كات، بریاریشه كۆتایى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت.