Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئیسماعیل حەمە ئەمین


نوسین بە گشتی و نوسینی ئەدەبییش بە تایبەتی دەشێت وەک تواناییەکی تۆکمەی بیرکردنەوە لێی بڕوانرێت لە پێناو هێنانە ئارای مانا و ڕاڤە جوانەکاندا و یاریکردنێکی پڕ لە وزە بێت لەگەڵ خوێنەردا لە ڕێی بەکارهێنانەکانی زمانەوە بۆ باسکردن و شرۆڤەی بابەتیانەی ڕەهەند و چەمکەکانی بیرکردنەوە، بیرکردنەوەیەک کە پرسیارگەلێک بە دوای خۆیدا بێنێت.

ئەڵبەت ڕوانین و پێناسەکردن لەسەر ئەدەب زۆرن و هەندێک هەن بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە دەقە ئەدەبییەکان یاریکردنێکی لێهاتووانەیە بە خەیاڵ، هەندێکی تریش وەها لێکیدەدەنەوە کە ئەدەب درۆیە وەلێ ڕاستییەکان دەنوسێتەوە، لە کاتێکدا کەمیش نین ئەوانەی جەخت دەکەنەوە لەوەی دەقە ئەدەبیە باڵاکان بریتین لە تاووتوێکردن و ئاشکراکردنی ئەو شتەی پێی دەگوترێت واقیع لە ڕێی خەیاڵەوە، هەر بۆیە ئێستاشی لەگەڵدابێت لێکۆڵینەوەکان درێژەیان هەیە بۆ دیاریکردنی سنورەکانی ڕاستی و خەیاڵ لە دەقە ئەدەبیەکاندا و بەرەنجامیش چارەنوسی ئەم ڕاستی و خەیاڵە بە چی دەگەن و کامیان زیاتر لای خوێنەر دەمێنێتەوە و لە سۆنگەی مێژووییەوە چیی پێ دەبەخشێت.

کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنینەوە ناتوانین نکوڵی لەو ڕاستییە بکەین کە تێکست بەشێکە لە ژیان و بوونمان بە هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگە و سروشت و ئاسماندا، دەق ڕۆدەچیتە ناو خەون و بیرکردنەوە لە کاتێکدا دەزانین ئەو هەموو شتانە لە خەیاڵەوە نوسراون بەڵام ئێمەی خوێنەر دەبات بۆ دنیایەکی لێوان لێو لە ڕامان و بیرکردنەوە بەرامبەر بە بوون و دنیا.

لە هەموو کۆمەڵگە داخراو و کراوەکانیشدا هەر تەنها نوسەری ڕاستەقینە دەتوانێت بێ هیچ گرفتێک ئازادانە بنوسێت، لە مەودا بێسنورەکانی خەیاڵەوە ڕاستییەکانی ئێمەی خوێنەر ئاشکرا بکات. ئیسماعیل حەمە ئەمین، یەکێکە لەو ڕۆماننوسانەی حەز دەکەم بەردەوام بیخوێنمەوە، بەردەوام لەگەڵ دەقەکانیدا هەم شەڕ بکەم و هەمیش لە پەنایاندا پاڵبدەمەوە و بۆ تاوێک پشوو بدەم.

ئیسماعیل حەمە ئەمین لە ڕۆمانەکانیدا (ئەوانەی خوێندومنەتەوە) لەگەڵ بڕوابوونی تەواوی بەوەی ئازادە، بەڵام بە وریاییەوە سەر و سەودا لەگەڵ ئەو ئازادییەیدا دەکات و دەشزانێت کاتێک دەکەوێتە کارکردن لەسەر مێژوو لە دەقەکانیدا پێویستی بەوەیە لە ئاستێکی هەرە باڵادا دەست لە چەمکی مێژوو بدات و ترس و نیگەرانییەکەیشی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت نەبادا ئەو ئەزموونەی مێژوو لەژێر کاریگەرییەکانی خەیاڵدا ببێتە شتێکی نادروست، ئەمە بێ لەوەی ئیسماعیل لە هەندێک ئەزمونی نوسینیدا وەک ڕۆماننوسێک دەخوازێت ئەو ڕووداوگەلەش شەن و کەو بکات کە دەشێت لای زۆرێک لە ئێمە جا بە هەر هۆکارێک بێت فەرامۆش کرابێت، هەر بۆیە ئەم ڕۆماننوسەمان بەردەوام دەرگا و پەنجەرەکانی ڕۆمانەکانی بۆ واڵا کردووینەتەوە و پێمان دەڵێت ئێوەش ئازادانە لە دنیا و سروتی ئەم ڕۆمانەدا بێن و بچن و کاراکتەرەکانی هەمیشە ئامادەن تا بکەونە دیالۆگ و ململانێش لەگەڵتاندا، ئیسماعیل پێشمان دەڵێت بەڵام تکایە چییدی دڵیان مەشکێنن چونکە خۆیان لە مێژووی دڵشکانەوە هاتوونەتە بوون.

ئیسماعیل حەمە ئەمین، هەر ئەوە نییە بۆمان بنوسێت و تێکستەکانی هەر تەنها لە کۆڵانە نسرمەکانی کۆمەڵگەیەکی ئاینی و پیاوسالار و گیرۆدەی باری باوەوە سەرچاوە بگرن، نا، چونکە ئیسماعیل هەمیشە بەشی ئەوەی پێیە بۆ ئێستامان بدوێت و باس لە ئایندە دوور و نزیکەکانیش بکات و باشترین بەڵگەشم تێکستە شیعرییەکانی و ڕۆمانەکانیشیەتی..

ئایا کێشەکانی مرۆڤی کورد لە ڕۆمانی کوردیدا بەرجەستەکراون

ئایا گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان دەچنە خانەی ڕۆمانەوە؟

ئیسماعیل حەمە ئەمین بۆ ڕۆمان دەنوسێت؟ دەخوازێت چیمان پێ بڵێت؟

ئایا ڕۆمانی کوردی توانیویەتی پرسیارگەلێکی زیندوو لای خوێنەر بێنێتە ئاراوە؟

ئیسماعیل حەمە ئەمین، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:07 0:00

XS
SM
MD
LG