Accessibility links

یاریزانی دێرینی کرکێتی پاکستان براوەی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیەتی


سەرۆکی پارتی تەحریکێ ئینساف و یاریزانی دێرینی کرکێت عمران خان توانی لە هەڵبژاردنەکانی پاکستاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

عمران خان
عمران خان

ئەنجامە فەرمییەکانی دەنگدانەکەی ڕۆژی چوارشەممە نیشان دەدات پارتەکەی خان زۆرینەی بە دەست هێناوە و دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

عمران خان لە وتاری سەرکەوتنەکەیدا گوتی ئەمە ڕێکوپێکترین و شەفاف ترین هەڵبژاردنی پاکستان بووە. هەرچەندە باسی لەو سکاڵایانەش کرد کە گوایە فێل و تەڵەکە کراوە لە دەنگدانەکەدا و گوتی ئێمە هاوکاری لەگەڵ ئەو لایەنانەدا دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر سکاڵاکان.

شەهباز شەریف کاندید و سەرۆکی پارتی موسلم لیگ
شەهباز شەریف کاندید و سەرۆکی پارتی موسلم لیگ

کاندیدەکانی تری هەردوو حزبی پێشووی باڵا دەست لە پاکستان، شەهباز شەریفی کاندیدی پارتی موسلم لیگ و برای نەواز شەریفی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی لەگەڵ کچەکەی لە زیندانە، و بلاوەل بۆتۆ زەرداری کاندیدی پارتی گەلی پاکستان، کە کوڕی سەرۆک وەزیری پێشووتر بێنەزیر بۆتۆ و کوڕەزای زولفقار عەلی بۆتۆی دامەزرێنەری پارتەکەیە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان ڕەت کردۆتەوە و دەڵێن فێڵی تێدا کراوە.

ئەگەر ئەم حکومەتە دابمەزرێت ئەمە دەبێتە دووهەم جار بە شێوەیەکی دیموکراسی دەساودەتی دەسەڵات بکرێت لە پاکستاندا. لە ساڵی 1947 وە کە پاکستان دامەزراوە هەتا ساڵی 2013 هەمیشە حکومەتەکان بە کودەتای سەربازی گۆڕاوە.

بلاوەل بۆتۆ زەرداری سەرۆک و کاندیدی پارتی گەلی پاکستان
بلاوەل بۆتۆ زەرداری سەرۆک و کاندیدی پارتی گەلی پاکستان

پارتەکەی عمران خان ( تەحریکێ ئینساف) لە ساڵی 1996 دامەزرا، کە ئەو کات یەکەم هەنگاوی خان بوو بچێتە نێو سیاسەتەوە. لە سەرەتاوە کەس بڕوای نەدەکرد خان سیاسەتمەدارێکی سەرکوتوو بێت و ودەیان گوت ئەو وا دەزانێ گۆڕەپانی سیاسەت گۆڕەپانی یارییەکانی کرکێتە. بەڵام یەکێک بوو لە پارتانە کە بە شێوەیەکی زۆر زوو گەشەی سەند هەتا هڵبژاردنی ساڵی 2013 بوو بە سێهەم گەورەترین پارتی سیاسی لە پاکستان لە پاش پارتی موسلم لیگ کە زیاتر لە 50 ساڵە دامەزراوەو پارتی گەل کە لە سالی 1967 وە دامەزراوە.

خۆشحاڵی دەربڕینی لایەنگرانی تەحریکێ ئینساف
خۆشحاڵی دەربڕینی لایەنگرانی تەحریکێ ئینساف

دروشمەکانی پارتی تەحرێکی ئینساف یەکسانی کۆمەڵایەتیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، فەرق و جیاوازی کردن لەسەر بنەمای ئاینیە. و هەروەها ئەو دەخوازێت حکومەت بەرپرسیار بێت لە دابین کردنی پەروەردە و سیستەمی باشتری تەندروستی.

شارەزای کاروباری سیاسی ڕەسول بەخش ڕەیسی بنکە لە لاهور لە وتووێژێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەگەر عمران خان وەکو سەرۆک وەزیر بەڵێنەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت ئەوا پێگەی سیاسی خۆی بۆ دەیان ساڵی تر بەهێز دەکات."

ڕەیسی گوتیشی " خەڵکی بۆیە خانیان هەڵبژاردووە دەیانەوێت باری گوزەرانیان باشتر بێت و کەسێک هەبێت کە ڕووبەڕووی گەندەڵی لە وڵاتەکە بوەستێتەوە."

ئایشا ئیجاز خانمێکی تەمەن 32 ساڵانە لە ولایەتی پەنجابی پاکستان. عایشە دەڵێت ئەوەتەی من بیرمە باوک و باپیریشم هەمیشە دەنگیان بە موسلم لیگ دەدا و هەمیشە دەیانگوت ئەمان باشترن کەرامەتمان دەپارێزن. بەڵام عایشە لە وتووێژەکەیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " من ئەو نەریتەی خێزانەکەم شکاند پێم وایە تەنها کەسی کە دەتوانێت گۆڕانکاری بهێنت بۆ پاکستان عمەران خانە. ئەو کەسێکە کە شەڕی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ناوێت. ئاشتی دەوێت. ئێمە باری ئابوریمان باش نییە، باری ئاسایشی وڵاتمان باش نییە هەمیشە نیگەرانیمان هەیە جا شەڕ هیچمان بۆ ناکات پێویستە دەستی دۆستایەتی بۆ داوسێکانمان ڕاکێشین. "

عایشە کە دایکی سێ منداڵەو مامۆستای دوواناوەندییە لە شاری ڕاوالپندی، گوتیشی " هۆکارێکی تریش بۆ ئەوەی کە دەنگم بە عمران خان دا ئەوە بوو دەمویست ئیتر ئەوە ڕێچکەیە بشکێنم کە هەمیشە هەست بکەین تەنها موسلم لیگ و پارتی گەل کە هەردووکیان لەلایەن بنەماڵەوە بەڕێوە دەبرێن دەسەڵاتداری وڵاتەکەم بن."

نەواز شەریف سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان و سەرۆکی پێشووی پارتی موسلم لیگ
نەواز شەریف سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان و سەرۆکی پێشووی پارتی موسلم لیگ

شارەزایان دەڵێن ئاشکرابوونی دۆسێی پانامای نەواز شەڕیف سەرۆکی پێشوی حزبی موسلم لیگ کە ئێستا شێهباز شەریفی برای سەرۆکایەتی دەکات، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ شکستی پارتەکەی لەم هەڵبژاردنەدا.

عاسف عەلی زەرداری
عاسف عەلی زەرداری

پارتی گەلی پاکستانیش کە پارتەکەی بێنەزیر بۆتۆیە و لە ساڵی 1967 لەلایەن باوکی بێنەزیر زولفقار عەلی بەتۆ دامەزرا، پاش تیرۆر کردنی بێنەزیت بۆتۆ لە ساڵی 2007 کوڕەکەی بلاوەل بۆتۆ زەرداری کە ئەو کاتە تەمەنی تەنها 19 ساڵ بوو سەرۆکایتەی پارتەکەی گرتە دەست. لە هەڵبژاردنی 2008 توانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت بەڵام ڕەخنگران دەیانگوت کە پارتەکەو کوڕەکەش لەلایەن عاسف عەلی زەرداری باوکیەوە بەرێوە دەبرێن کە ئەوەیش زۆرجار تۆمەتی گەندەڵی خراوەتە پاڵی.

عمران خان جێگەی شاهد کاخان عەباسی دەگرێتەوە کە سەر بە موسلم لیگی نەواز شەریفە.

XS
SM
MD
LG