Accessibility links

ئەمەریکا وابەستەیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە


سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت باسی سوریا و ئێرانییشی کردووە لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ، بەر لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی سبەی دووشەممەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ڕووسیا.

مۆسکۆ هاوپەیمانی سەرەکی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریایە و پێشڕەویەکانی هێزە سەربازییەکانی سوریا بەرەو ناوچەکانی لەژێر کۆنترۆڵی سەرهەڵداوانی سوریاییدان، بوونەتە مانیەی نیگەرانی بۆ حکومەتەکەی بەنجامین نەتەنیاهۆ.

ڕوسیاییەکان بەردەوام لە وتووێژیشدان لەگەڵ ئێرانیەکاندا کە دژی ئیسرائیل و هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشن و هێزیشی هەیە لەناو سوریادا و شان بەشانی هێزە سەرباییەکانی حکومەتی سوریا دژی سەرهەڵداوان شەڕدەکەن.

لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا بەنجامین نەتەنیاهۆ بە کابینەی حکومەتەکەی وتووە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆژی شەممەیدا لەگەڵ سەرۆک ترامپ باسیان لە دۆسێ ئاسایشی و دیپلۆماتییەکان کردووە کە لە ئاکامی پەرەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە سەریان هەڵداوە وەک دەڵێت "بە هیچ گومانێک سوریا و ئێران لە نێو ئەو دۆسێیانەدا بوون کە باسمان کردوون."

نەتەنیاهۆ دەڵێت سوپاسی سەرۆک ترامپی کردووە بۆ ئەو هەڵوێستە توندانەی بەرامبەر ئێران هەیەتی.

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت " سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە روونی و ئاشکرایی وابەستەیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتکردۆتەوە و هەروەها جارێکی تریش خواستی خۆی دەربڕیوەتەوە بۆ کۆمەک کردنی ئیسرائیل لە زۆر بوار و ڕەهەندەوە."

بڕیارە سبەی دووشەممە سەرۆک ترامپ لەگەڵ ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا کۆببێتەوە لە پایتەختی فینلاند.

لە هەفتەی ڕابردووشدا بەنجامین نەتەنیاهۆ سەردانی مۆسکۆی کرد و لە میانەی کۆبوونەوەکەشیدا لەگەڵ پوتن سەنگیی خستە سەر داوای ئیسرائیل بۆ کشانەوەی ئێران لە سوریا.

XS
SM
MD
LG