بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند " په‌سه‌ندكردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌یوه‌سته به ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیه‌وه، چونكه دوای ڕێكه‌وتنه‌كه ده‌بێت ڕۆژی دواتر سه‌رۆكێكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت به‌ڵام هێشتا پارتی و یه‌كێتی ڕێك نه‌كه‌وتوون، ده‌شڵێت" تا ئه‌م ساته هیچ لایه‌نێك داوای ئه‌و پۆسته‌ی نه‌كردووه ته‌نانه‌ت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش، به‌ڵام ئه‌و پۆسته له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی-دا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه."
دوای نزیكه‌ی حه‌وت مانگ به‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی، به‌ڵام هێشتا په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی (د.یوسف محه‌مه‌د) سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان په‌سه‌ند نه‌كردووه، ئه‌گه‌رچی ناوبراو كاندیدی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانی عیراقه.
له‌باره‌ی هۆكاری په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی، بێگه‌رد تاڵبانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند" ڕاسته ئه‌و (د.یوسف محه‌مه‌د) ده‌رچووه بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌ڵام هێشتا نه‌بۆته په‌رله‌مانتاری عیراق تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سوێندی یاسایی ده‌خوات، به‌ڵێ ئێمه ئاماده‌ین ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی بخه‌ینه ناو به‌رنامه‌ی كار به‌ڵام ماده‌یه‌ك هه‌یه له‌ناو په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كه‌ده‌ڵێ "هه‌ر ڕۆژێك ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانت په‌سه‌ندكرد ده‌بێت ڕۆژی دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێریت، به‌ڵێ ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی كه‌می ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێگومان پێش سوێندخواردنی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی عیراق بابه‌تی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ده‌خرێته كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه و په‌سه‌ند ده‌كرێت."
سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وتیشی" ده‌بێت بابه‌تی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش كه‌می ماوه و زۆر نزیكه له‌به‌ر ده‌مماندا بۆیه پێمان وابووه په‌رله‌مان به‌م شێوازه‌ی ئێستا ده‌توانێت له‌كاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام بێت."
بێگه‌رد تاڵه‌بانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا ده‌بێت و وتی" ئه‌م دوو حیزبه له حكومه‌ت ماون ئه‌م دوو حیزبه پێكه‌وه په‌رله‌مان ئیداره ده‌ده‌ن، بۆیه بێگومان پێویستی به‌ڕێكه‌وتنی هه‌ردوو حیزبه‌كه هه‌یه."
سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد " كه‌س داوای نه‌كردووه بڵێ من پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانم ده‌وێت چونكه ماوه‌كه زۆر كه‌مه كه‌س بیری له‌وه نه‌كردۆته‌و بڵێ من پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانم ده‌وێت، ته‌نانه‌ت یه‌كێتیش بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت چونكه وه‌ك وتم ماوه‌كه كه‌مه له‌به‌رده‌مماندا و كه‌می ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان."
ڕۆژی ٢٦-١٢-٢٠١٧، دكتۆر یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق له پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوساندا له‌شاری سلێمانی نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی خوێنده‌وه و ڕایگه‌یاند" ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كردووه."