Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کامیل بۆکانی


کامیل بۆکانی
کامیل بۆکانی

وەرگێرانی دەقی فەرهەنگی جا لە هەر ژانرێکدا بێت دەکرێت وەک یەکێک لە ئەرکە هەرە قورس و گرنگەکان لێی بڕوانرێت لەو ڕوانگەیەوەی ئاڵوگۆڕێکی بابەتیانەی دید و بۆچونەکان و ئاشنابوونە بە بەها بەرزەکانی تێکستە ئەدەبی و هونەرییە جیهانییەکان.

ئەرکی وەرگێڕان یەکێکە لە ئەرکە قورسەکان و وەک زۆرێک لە وەرگێڕەکان جەختی لێدەکەنەوە هەر تەنها بە زانینی زمانی دایک و زمانێکی بیانی ناتوانرێت وەگێڕانێکی سەرکەوتووانە بەرهەم بهێنرێت بەڵکو پێویستی بە زانینێکی زۆری کولتورەکانی تریش هەیە پێویستیشی بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئیدیۆم و خوێندنەوەی شتە پەنهانەکانی نێوان دێڕەکان هەیە، ئەمانە بێ لەوەی کە دەبێت لە کاری وەرگێڕاندا ژینگەیەکی هاوشێوەی تێکستەکە دروستبکرێتەوە.

لەمڕۆی فەرهەنگی کوردیدا بەرهەمگەلێکی وەرگێڕدراو دەبینین، بەڵام هەندێکیان هێندە زمانێکی وشک و برینگ و بێزارکەری تیادا بەکار هاتووە، ئیدی خوێنەر وەها لێدەکات ئەو تێکستەی لەبەرچاو بکەوێت تەنانەت ئەگەر تێکستێکی جیهانیش بێت. وەرگێڕانیش هەن هێندە بە زمانێکی پاراو و بێ گرێ و گۆ نوسراون و ڕێک خوێنەر هەست دەکات نوسەرێکی باڵای کورد ئەم تێکستەی نوسیوە و خودی وەرگێڕ سروتێکی لە هەناوی ژینگەی تێکستەکەوە هێناوە و دەیخاتە بەردەم خوێنەران کە خوێنەر بە سانایی هەست بە یاریکردنە جوانەکان لە نێوان دوو زماندا دەکات و دەتوانێت پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی نێوان دیمەن و وشەکان بدۆزێتەوە و ئاماژە و هێماکانی نێوان کولتور و فەرهەنگە جیاوازەکان بە ڕوونی دەبینێت.

بۆ خوێنەر زۆر گرنگە لە دەقی وەرگێردراودا ڕایەڵەکانی نێوان هزر کە لە بیرۆکەکاندا وێنا دەکرێن لەگەڵ کردارەکاندا ببینێت لەو ڕووبەرە جوگرافیاییەی چنینە دراماییەکەی تیادا ڕوودەدات.

دەکرێت بڵێم هاوڕاییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئەگەر هاتبا وەگێڕانەکان نەبوونایە ئەوا دەمیک بوو ژانرە جیاوازەکانی فەرهەنگ و کولتور وەک ئەدەب، شانۆ، فەلسەفە، ڕەخنە، لیکۆڵینەوەکان لەسەر شارستانییەکان، نوسین لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبوونە جەستەیەکی سارد و سڕی ناو سنورێکی دیاریکراودا.

کامیل بۆکانی، نوسەر و وەرگێر یەکێکە لەوانەی لە کردەی وەگێڕاندا وەک نوسەر و هونەرمەندێکی بە ئەزمون و بەهرەدار دەبینم لەناو دەقە وەرگێڕدراوەکانیدا قاڵ دەبێتەوە، وەک لە وەرگێڕانی ئەم چامەیەی سەعدی شیرازیدا دەیبینین؛

"تۆی ئەوا یا سەوڵی بێستانە بە لەنجەولارەوە
یا مەلەک دەدوێ لە نێو جەستەی مرۆڤ ڕوخسارەوە

ئەو فریشتەی عومرێ پێوار بوو لەبەر چاوی خەڵک

وا دەبینم جارێ تر کەوتووەتە بەر دیدارەوە

گەر ئەتۆ مەنعی تەماشا کردنی جوانی دەکەی
من دەڵێم چاو ساز کراوە هەر بە هۆی ئەم کارەوە

سەعدی ئازا بە و مەناڵێنە لە دەست ئازاری یار
چون جیهان هەر وایە یار ئەمرێ بە دەستی یارەوە"

*ئەمە تەنها بەشێکە لەو چامەیەی سەعدی شیرازی کە کامیل بۆکانی وەریگێڕاوە.

هەر تەنها بە یەکجار خوێندنەوەی ئەو دەقە وەرگێڕدراوەی شیرازی، دەگەیتە ئەو بەرەنجامەی کە کامیل بۆکانی نەهاتووە وشە بە وشە چامەکە وەربگێڕێت بەڵکو ڕێک ئەوە دەبینین لە تەواوی مانا فەرهەنگییەکانی وشەکانی چامەکەی شیرازی تێگەیشتوە و لە دنیا و واڵایی شیعری سەعدی شیرازیدا قاڵ بۆتەوە و ئەوجا دەستیکردووە بە وەرگێڕانی ئەو شیعرە و شیعرەکانی تری شیرازی و شاعیرانی تری وەک مەولانای ڕۆمی؛

"من لە سوێت خۆم ڕادەژێنم ڕۆژ و شەو
سەر لەبەر پێت نابزوێنم ڕۆژ و شەو

شەرتە ڕۆژ و شەو وەکوو خۆم شێت بکەم
کوانێ وازیان لێ دەهێنم ڕۆژ و شەو

گیان و دڵیان گەر لە دڵداران دەویست
گیان و دڵیان بۆ دەهێنم ڕۆژ و شەو

نەشکێ ڕۆژووم گەر بە لێوی شەککەرت
تا قیامەت نایشکێنم ڕۆژ و شەو

گەر لە سفرەی لوتفی تۆ بەربانگ بکەم
نوێژی جەژنی بۆ دەخوێنم ڕۆژ و شەو

لەو شەوەی وا گفتی ژوانت دا بە من
چاوەرێی وادە و بەڵێنم ڕۆژ و شەو

هێندە کێڵگەی میهری گیانم تینووە
من بە چاوم ئەیڕشێنم ڕۆژ و شەو"

*ئەمە تەنها بەشێکە لەو چامەیەی مەولانای ڕۆمی کە کامیل بۆکانی وەریگێڕاوە.

هەرچۆنێکی دێنم و دەهێنم و لە زۆر کەسیشم پرسیوە و دەڵێن وەرگێڕانی شیعر لە هەموو جۆرەکانی تری وەرگێڕان قورسترە.، جا وەرگێڕانێکیش لە ئاستی ئەم وەرگێڕانانەی کامیل بۆکانیدا بن.

دەمێکە گوتراوە کە وەرگێڕ، یان نوسەر دەبات بۆ لای خوێنەر، یان خوێنەر دەبات بۆ لای نوسەر، لەم سۆنگەیەشەوە دڵنیام لەوەی کامیل بۆکانی نوسەر و وەرگێڕ، لە یەک کاتدا ئێمەی خوێنەری بردۆتە لای نوسەرەکان و نوسەرەکانیشی هێناوەتە لای ئێمەی خوێنەر، لەم هێنان و بردنەشدا تانوپۆیەکی ئاوریشمینی یەکتر ناسینی ڕەخساندووە.

ئایا دەشێت وەها لە وەرگێڕانی دەق بڕوانرێت کە لاسایی کردنەوەیە؟

ئایا وەرگێڕانی دەقێکی دیاریکراو بۆ هەموو زمانەکان وەک یەکە؟

ئایا زمانی کوردی هێندە زمانێکی بەهێزە تا بتوانێت دەقە بیانییەکان بەبێ کێشە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی؟

کامیل بۆکانی، نوسەر و وەرگێڕ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:42 0:00

XS
SM
MD
LG