Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: خەڵەف زێباری


ژیان لە فەرهەنگدا: خەڵەف زێباری

ڕۆژی نۆی مانگی دوازدەی ساڵی 1999، یەکەم ئاشنابوونی ڕاستەوخۆم بوو لەگەڵ خەڵەفی زێباری، دەڵێم ڕاستەوخۆ چونکە پێشتر ئاشنای دەنگە ناوازەکەی بووم بەڵام خۆیم نەدەناسی.

ئەو ڕۆژە یەکەمین ڕۆژی کارکردنم بوو لەم بەشە کوردییەی دەنگی ئەمریکادا.

بە کوردییەکی پاراو بەخێرهاتنی کردم، باش لە بیرمە بە یەکێک لە قسە خۆشەکانی خۆی بڕێکی باش نیگەرانییەکانی یەکەم ڕۆژی کارکردنمی هێورکردەوە.

ڕۆژ هات و ڕۆژ ڕۆیی، زیاتر یەکمان ناسی، قسەکردنمان ڕووبەر و پانتاییەکی زیاتری گرتەوە، لە کێشەکانی کورد و شەڕ و ئاشوبەکانی ناو ماڵی کوردەوە بۆ هەواڵی ڕۆژانە و بڕۆ بەرەو شیعر و نوسین و ڕۆژنامەوانی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و تایبەتمەندێتییەکانی ژیان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا و گۆرانی و ئاواز و هەڵڕشتنی خەمی ڕۆژانە و.....هتد.

یەکێک لە خەمە گەورەکانی ئەم پیاوە زمانی کوردی بوو، هەمیشە ڕێنوماییە بابەتییەکانی و بە گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگ و ڕیشەی وشەکان وانەیەکی جوانی زانستیانەی پێدەبەخشیم. لە ماوەی نزیکەی 12 ساڵی کارکردنمان پێکەوە، هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان هەستم بەوە نەکرد خەڵەفی زێباری بخوازێت وەک مامۆستایەک بئاخڤێت، یان وەهات نیشان بدات دەخوازێت وانەیەکت پێبدات، نا هەمیشە وەک هاوڕییەکی هاوتەمەن ڕەفتاری دەکرد، زۆر جاریش بۆ سەلماندنی ڕاکانی خۆی دێڕە شیعرێکی دەکردە بەڵگەیەکی زیندوو.

خەڵەف زێباری لەگەڵ چیمەن زێباری هاوسەریدا
خەڵەف زێباری لەگەڵ چیمەن زێباری هاوسەریدا

کاتێک هەواڵێکی بە دڵ نەبووایە، بە زمانێکی تەنز ئامێزەوە قسەی شوانێکی ناوچەی زێباریانی دەگوتەوە "ئێ جا ئەمە بۆ پەزەکان باشە."

خۆشەویستی خەڵەف زێباری بۆ نیشتمان ڕەهەندێکی سنوردار نەبوو، زۆر جار کە پرسیارم لەسەر شیعرەکانی لێدەکرد پێی دەگوتم "خۆشەویستی بۆ نیشتمان سنوری نییە، بەڵام سەرەتایەکی هەیە و ئەو سەرەتایەش ڕێک لەو جێیەوە دەستپێدەکات کە زێدی لەدایک بوونتە وەک گوندەکەی خۆم."

خەڵەف زێباری خۆشەویستی خۆی بۆ نیشتمان لە دڵسۆزی و لە نواندنی میهرەبانی بۆ بەرامبەر و یارمەتیدانی خەڵکدا دەبینی و لە پاش هەرەسەکەی ساڵی 1975 یشەوە کە هەواری گواستەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەوبڕوایەدام بۆ ساتەوەختێکیش چییە خۆی لە نیشتمان و خۆشەویستی نیشتمان و خەمی نیشتمان دوورنەخستۆتەوە و هەمیشە نیشتمانی لە دڵدا هەڵگرتبوو.

لە ساڵی 1992 کە کۆنگرێسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیار دەدات بۆ دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، خەڵەف زێباری یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی و تا ساڵی2012 لەم بەشەدا دەمێنێتەوە واتە تا ئەو کاتەی خۆی خانە نشین دەکات.

ناوبانگی خەڵەف زێباری لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاوە، بە ئەندازەیەک پێش چەند ساڵێک لە شاری ئامەد (دیاربەکر) شەقامێک دەکرێت بە ناویەوە.

ئێوارەی ڕۆژی 24 ی مانگی پێنجی 2018 خەڵەف زێباری پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا خەڵەف زێباری، نوسەر و شاعیر و میدیاکار کۆچی دوایی کرد.

پەیڤێکی تایبەت بۆ خەڵەف زیباری؛
پیاوێک لە نەسلی داربەڕوو، ورە بەرز وەک شاخ، لە نەوەی تیشک و بروسکە، بە ئەسپایی جێمان دەهێڵێت و دەڕوات بۆ سەفەرێکی دوور دوور، دوورتر لە ماوەی نێوان چرکە و هەزار ساڵ، دوورتر لە ماوەی نێوان دەریا و ئاسمان، ئەو هەر دەڕوات و دڵی لامانە، هەر هەنگاو دەنێت و چاوی لێمانە، هەر ڕێ دەبڕێت و بیری لامانە.

لەو ڕۆژەوەی ئەم پیاوە لەو سەفەرەدایە، هەر ئەستێرەیە و بەسەر سەرمانەوە دەکشێت، هەر تریفەیە و لە مانگی کۆچەوە هەڵدەورێت، هەر بارانە و هەناسەی تەڕی لێ دەتکێت، هەر دارستانە و گۆرانییەکی تر بۆ گوندەکەی دەچڕێت، هەر پاسارییە و بە ئاوازێکی نەرمەوە لە چریکە دەدات و بە خەمێکی وەنەوشەییەوە دبێژێ "خۆزی من تو دیتبای نەسرین" هەر گەشتێکی هەواڵەکانیشە ئەم کۆچە ناوادەیە سەردێڕیەتی.

دیمەنێکی ناو ستۆدیۆی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، کاتی پێشکەش کردنی ئەم بەرنامەیە
دیمەنێکی ناو ستۆدیۆی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، کاتی پێشکەش کردنی ئەم بەرنامەیە

ئێستاش ڕۆحی پاکیزەیی و لە بەفر سپی تری ئەو پیاوە لە جاران زیاتر لە نێوماندایە، ئەو نەمردووە، ئێ مەگەر ئەوە نییە هەموومان چواردەورمان داوە تا چیرۆکێکی تری ڕۆژانی شاخمان بۆ بگێڕێتەوە، ئێ مەگەر ئەوە نییە گوێمان بۆ شیعرێکی تری هەڵخستووە، ئێ مەگەر نابینن هەموو بە دیار چرای وشەیەکیەوە دانیشتوین، ئەی ئەوە نییە "موحەمەد شیخۆ" دەچێتە پێشوازی ئەو زاتە، ئەوەتا دەیبینم لەگەڵ "بروسک تۆغان"دا خەمیکی تر بەبا دەدەن و پێکەوە دەگەڕێنەوە و لە زەماوەندی مەم و زیندا سەرچۆپی دەگرن و هەناسەیەکی تری دایکە نیشتمان بە دیاری بۆ خانی دەبەن، ئێ ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین ئەو ئێستا لەوێ شیعرێکی تر بۆ هەناسەی دیاربەکر و پرچی سنە و برینی کۆبانی و ژانی گوندەکەی خۆی دەنوسێ، ئا ئەوە خۆیەتی، خەڵەفی زێباریە و بە دەستی خۆی لانکەی ژیانێکی تر ڕادەژەنێت.

ماڵاوا سەیدا خەڵەف زێباری؛چ هەواڵێکی دڵڕەق و چ ئێوارەیەکی خەمناک بوو ئەم سەفەرەت، تۆ پیاوێک بوویت یەکپارچە لە هیوا و کوردبوون، هەوراز و نشێویەکانی ژیانت پڕ بوون لە شیعری جوان، تۆ پیاوێک بوویت چرا ئاسا بۆ هەمووان دادەگیرسایت، هەر بۆیە دیاربەکر (ئامەد) شەقامێکی کرد بە ناوتەوە، سەیدا خەڵەف سەفەر سەلامەت، زۆر زوو بوو....

دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:29 0:00

XS
SM
MD
LG