وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات باری نائاسایی وڵات بە زووترین کات هەڵبگرێت.
هایکۆ ماس ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لوکسمبەرگ گوتی هەنگاوێکی لەو جۆرە ڕەنگە ببێتە هۆی باشکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەورپا.
ماس گوتیشی ئەڵمانیا ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەگرێت.
ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان بە ڕێژەی لە سەدا 52.6 سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بەدەستهێنا.
چاودێرانی نێونەتەوەیی ڕەخنە لە نابەرابەری لە هەڵبژاردن دەگرن و دەڵێن کۆتوبەند هەبووە لەبەردەم ژمارەیەک لە چاودێرانی کە هەوڵیان دەدا کاری خۆیان بکەن.
ئۆدری گلۆڤەر کە ڕێبەرایەتی شاندی OSCE دەکرد ڕۆژی دووشەممە گوتی میدیا بالانس نەبووە و زیاتر لە بەرژەوەندی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەیدا بوو.
ئەو گوتیشی تورکیا دەبێت کار بکات تا ئەوە مسۆگەر بکات هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ئاستی ستانداردی دیموکراتیکدا بێت.