Accessibility links

مێزگرد: دیموکراسی و سیناریۆکانی پاش هەڵبژاردنەکەی یەکشەممەی تورکیا


زیاتر لە سەد و هەشتا هەزار بنکەی دەنگدان ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرانسەری تورکیادا کرانەوە تا نزیکەی ئەو شەست ملیۆن کەسەی مافی دەنگدانیان هەیە سەرۆکی تورکیا و ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەش هەڵبژێرن.

شەش کاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە کە یەکێکیان "سەڵاحەدین دەمیرتاش" هاوسەرۆکی زیندانیکراوی هەدەپەیە و یەکێکی تریشیان "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی ئێستای تورکیایە.

جەهەپە ئۆپزسیۆنی سەرەکی تورکیا کاندیدی هەیە "موحەرەم ئینجە" کە بەپێی هەندێک لە ڕاوەرگرتنەکان ئەگەر گەڕی دووهەمی هەڵبژاردن هەبێت ئەوا شییانێکی زۆر هەیە ببێتە ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەردۆغان.

زیاتر لە 4850 کەسیش لە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە و کەسایەتییە سەربەخۆکانیش لە پێشەبڕکێدان بۆ پڕکردنەوەی شەش سەد کورسی پەرلەمانی تورکیا.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕۆژی شەممە جەختی کردوەتەوە لەوەی ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ یەکشەممەی تورکیا و بڕیاریشە تا کاتژمێر 12 ی شەو ئەنجامەکانیش ڕابگەیەندرێن.

میوانەکانی مێزگرد:

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شارەزای کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێژا دڵشاد، نوسەر و لێکۆڵەری تایبەتمەندی کاروباری تورکیا.

ئەگەرچی زۆرێک باس لە گەڕی دووهەم دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، بەڵام ئەگەر هەر یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی توانی 50 + 1 ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت ئەوا ئیتر پێویست بە گەڕی دووهەم ناکات. خۆ ئەگەر هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیتوانی ئەو ڕێژە یاساییە بەدەست بێنێت ئەوا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە گەڕی دووهەمەوە، کە بڕیارە ڕۆژی هەشتی مانگی حەوت دەنگدانی بۆ بکرێت.

سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانیش، دەبێت هەر یەکێک لەو لایەنانەی بەشدارن ڕێژەی لە سەدا دە تێبپەڕێنێت و ئەگەر نا، ئەوا ئەو لایەنە ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە و دەنگەکانیشی بە دەستی هێناون دەڕۆن بۆ لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن.

چاودێر کۆکن لەسەر گرنگی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ یەکشەممەی تورکیا لەو سۆنگەیەوەی لە یەک کاتدا دەنگ بۆ پەرلەمان و بۆ سەرۆکی وڵاتەکەش دەدرێت، ئەمە بێ لەوەی یەکەمین جاریشە کە سەرۆکی تورکیا لەپاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی دەنگدانەکە کار بە سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات، واتە ئەو سیستەمەی سەرۆکی کۆماری تورکیا باڵا دەست دەبێت بەسەر تەواوی دەسەڵات و دامەزراوەکانی وڵاتەکەدا.

کەواتە لێرەوە ئەوەی گومانی تیادا نییە ئەوەیە ڕۆژی 25 ی ئەم مانگە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی سیاسی کۆماری تورکیادا.

بەپێی ڕای زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکانی کاروباری تورکیا، یەکێک لە سیناریۆکانی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا کە ئەگەرێکی زۆری هەیە ئەوەیە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ببینین لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان بە پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشەوە نەبنە خاوەنی زۆرترایەتی لە پەرلەماندا. بێگومان ئەم سیناریۆیە بێ گرفتی ئایندەیی نابێت بۆ ئەو قۆناغە نوێ سیاسیەی وڵاتەکە.

یەکێکیش لە نیگەرانە سەرەکییەکان لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا ئەو بارە نا ئاساییەیە باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە و بە تایبەتیش لە ناوچە کورد نشینەکانی تورکیادا کە ئاوێتەیە لەگەڵ باری ناجێگیری ئاسایشیدا، نیگەرانییەکەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت دەسەڵاتداران بە پاساوی ئاسایشییەوە ڕیگە لە دەنگدانی خەڵک بگرێت لەو ناوچانەدا، یان بەکارهێنانی ڕێگەی تر بۆ دەستکاریکردنی دەنگەکان، بە تایبەتیش وەک دەگوترێت لە ڕێی بەکارهێنانی بنکە گەڕۆکەکان بۆ دەنگدان کە بە یاسا پەسەند کراون.

ئایا هەڵبژاردن لە تورکیا دەبێتە مایەی کرانەوەی دەروازەکان بە ڕووی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەدا؟

ئایا سیاسەتەکانی چەند ساڵی ڕابردووی سەرۆکی تورکیا چ ڕەنگدانەوەیەکی دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا؟

ئایا لایەنە ئۆپزسیۆنەکانی تورکیا دەتوانن لەپاش هەڵبژاردن ببنە خاون پڕۆژەیەکی هاوبەش؟

دکتۆر ڕێبوار فەتاح هەروەهاش هێژا دڵشاد لەم مێزگردەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:32 0:00

XS
SM
MD
LG