Accessibility links

ئەمریکا ئاگاهی دەدات لەسەر ڕەوشی دەرعا لە سوریا


چالاکوانانی سوریایی دەڵێن هێزە سەربازییەکانی حکومەتی وڵاتەکە بەردەوامن لە هەروادێ و زیادکردنی فشارەکان لەسەر ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری کردنی مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن دەڵێت لەشکری سوریا بە تۆپ و فڕۆکە بۆردومانی ئەو ناوچەیە دەکات و هەروەها بۆمبی بەرمیلیشی بەکار هێناوە.

لەو ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ هەینیدا ڕێکخراوەکە دەڵێت هەلیکۆپتەرەکانی لەشکری سوریا زیاتر لە 12 بۆمبی بەرمیلی بەکارهێناوە لە هەرێمی دەرعا.

ئەمەش یەکەمین جارە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەم جۆرە بۆمبانە بەکاربهێنرێن لەو ناوچەیەدا.

لە مانگی حەوتی ڕابردوودا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕوسیا، هەروەها شانشینی ئوردونیش وتووێژیان لەسەر ئاگربەستێک کرد لەو ناوچەیەدا کە هاوسنوری ئوردون و هەروەها بەرزاییەکانی گۆلانە بە دیوی ئیسرائیلدا.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕەوشی ئەو ناوچەیە سەقامگیری تیادا کەم بووەوە و ئەمەش وەهای کرد وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگاهی بدات سەبارەت بە دروستبوونی ڕەهەندی ترسناک لە ئاکامی ئەو ڕەوشە ناجێگیرەی هاتۆتە ئاراوە لەو ناوچەیە، بەڵام واشنتۆن هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەگەری ئەو ڕەهەندە ترسناکانەوە باس نەکردووە.

ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ڕۆژی سێشەممەوە تا ئێستا 16 کەس کوژراون بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی سوریاوە و نۆ منداڵ لە نێو کوژراوەکاندان.

XS
SM
MD
LG