Accessibility links

حکومەتی نوێ لە ئوردن ڕاگەیەندرا


عومەر ئەلڕەزاز، سەرۆک وەزیری نوێی ئوردن

پاشای ئوردن ئەو حکومەتەی پەسەندکرد کە لەلایەن عومەر ئەلڕەزاز شارەزای ئابوری پـێکهێنرا، ئەمەش پاش ئەو ناڕەزایـیانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوو ئەو وڵاتەی گرتەوە بەهۆی یاسایەکی نوێی باجدان.

ئەندامانی حکومەتی نوێ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆشکی ئەلحوسەینیـیەی عەمانی پایتەخت لە بەردەم شا عەبدوڵڵای دووەم سوێندی یاسایـیان ‌خوارد. حکومەتەکە کە عومەر ئەلڕەزاز سەرۆکایەتی دەکات، پـێکهاتووە لە 28 وەزیر، لەوانە حەوتیان ژنن. هەروەها 14 وەزیریان لە نێو حکومەتەکەی پـێشووبوون، ئەوەی هانی ئەلمولقی سەرۆکایەتی دەکرد.

ئەیمەن ئەلسەفەدی وەزیری دەرەوە و سەمیر مەبێضین وەزیری ناوخۆ لە پـۆستەکانیان ماونەتەوە.

ڕەجائی ئەلمعەشەر کە پـێشتر لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان لە پـۆستەکانی وەزیری ئابوری و پـیشەسازی و بازرگانی وڵاتەکە بوو، کراوەتە جێگری سەرۆک وەزیر.

ئەو ژنانەشی لە حکومەتە نوێـیەکاندان بریتین لە لینا عەناب وەزیری گەشت و گوزار و ئاسەوار، جومانە غنێمات (سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەلغەد) وەزیری ڕاگەیاندن، ماری قەعوار وەزیری پـلاندانان و هاوکاری نێودەوڵەتی، هالە زواتی وەزیری وزە و سەروەت و سامانە کانزایـیەکان. بەسمە ئەلنسور وەزیری ڕۆشنبیری، مەجد شوێکە وەزیری پەرەپـێدانی کەرتی گشتی، هالە نوعمان وەزیری گەشەپـێدانی کۆمەڵایەتی.

ئەم گۆڕانکاریـیەی ناو ئوردن پاش ئەوە دێت کە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی گەورە لەو وڵاتە بەڕێوەچوون وەک ناڕەزایی بەرامبەر زیادکردنی باج لە کاتێکدا خەڵکی بەدەست گرانی ژیانی و کەمی موچە دەناڵێنن.

XS
SM
MD
LG