Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: چارەنوسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق


ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکەی ڕۆژی 12 ی مانگی 5 ی عێراق بوونە مایەی سەرسوڕمانێکی زۆری عێراقییەکان.

لایەنەکەی موقتەدا ئەلسەدر کەسایەتی ئاینی ڕادیکاڵی شیعەکان بە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن دێت.

شەماڵ ئەحمەد
شەماڵ ئەحمەد

موقتەدا یەکێک بووە لەو کەسایەتیانەی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق خاوەنی پشتیوانییەکەی زۆری جەماوەرییە و هەر کاتێک ویستبێتی توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا بە سەدان هەزار کەس بڕژێنێتە سەر شەقامەکانی بەغدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو شتانەی موقتەدا ئەلسەدر بە "بەد ڕەفتاری و گەندەڵی سیاسی و دارایی و بەڕێوەبردن لە عێراقدا" ناودێریان دەکات.

میوانەکانی بەرنامە:
ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی.

ئەی بۆ لەمەودوا چۆن؟! ئایا لایەنەکەی سەدر کە دەشێت ببێتە پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەت دەتوانێت هەموو ئەو کەمتەرخەمی و کەموکوڕیانەی لە حکومەتی پێشوودا یانیش ئەوانی پێشتریشدا هەبوون بڕەوێنێتەوە؟! ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی وەڵامەکەی دەکەوێتە سەر ئەگەر و نەگەرەکانی چۆنییەتی بەشداری سەدر لە حکومەتی ئایندەدا.

یەکێک لە پرسیارەکانی تریش ئەوەیە ئەگەر لیستی سائرون ببێتە بڕیاردەر لە حکومەتدا ئایا دەتوانێت پارێزگاریی لە مانەوەی ئەو هێزە جەماوەرییەی هەیەتی بیکات؟!

ئارێز عەبدوڵا
ئارێز عەبدوڵا

ئەم هەڵبژاردنەی عێراق مشتومڕێکی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە بە تایبەتیش وەک ژمارەیەکی زۆری لایەنەکان بە عەرەب و کورد و تورکومانیشەوە گازەندەی زۆریان هەیە و دەڵێن فێڵ و تەڵەکەیەکی زۆر کراون و وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەی پێدەکەن زیاتر لە یەک هەزار سکاڵا تۆمارکراون لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق.

کۆمیسیۆن وادەیەکی داناوە بۆ وەرگرتنی تەواوی سکاڵاکان، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنەکان گلەیی ئەوەش لە کۆمیسیۆن دەکەن و دەڵێن وەک پێویست بە دەنگ سکاڵاکانیانەوە ناچێت.

لەم نێوەندەدا پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە سەبارەت بەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن و سەرۆکی عێراقیش دەڵێت ئەو بڕیارانەی پەرلەمان نا دەستورین.

ئەگەر ڕەوشەکە بەم شێوەیە بڕوات لە ناو عێراقدا و ئەگەریش دادگای باڵای وڵاتەکە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دا لەسەر تەواوی پرسەکە، ئایا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چۆن دەبێت؟!

ئایا هەر وڵاتانی دەوروبەر بەرپرسیارن لەفێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردنەکاندا؟ ئەی عێراقییەکان خۆیان؟

ئایا ئەوانەی وەک دەگوترێت سودمەند بوون لە فێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردندا دەتوانن ئەرکی یاسایی بگرنە دەست وەک پەرلەمانتار؟

چارەسەر بۆ ئەم ڕەوشەی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق چییە؟

ئایا چوونی کەسایەتییەکی ڕادیكاڵی شیعەکان وەک موقتەدا ئەلسەدر بۆ ناو دەسەڵات لە عێراقدا چ بەرژەوەندییەکی تیادایە؟

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و شەماڵ ئەحمەد، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:39 0:00

XS
SM
MD
LG