Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا کۆچبەرێکی نایاسایی خەڵات دەکات کە وەک سپایدەرمان منداڵێکی ڕزگارکرد


سەرۆکی فەڕەنسا هاوڵاتینامەی بەخشیـیە کۆچبەرێکی نایاسایی خەڵکی مالی پاش ئەوەی بوێرانە وەک سپایدەرمان توانی منداڵێکی تەمەن 4 ساڵ ڕزگاربکات.

ئیمانۆئێل ماکرۆن ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئیلیزێ پـێشوازی کرد لە مامادۆ گاسامای تەمەن 22 ساڵ، ئەوەی ڕۆژی شەممە وەک سپایدەرمان بەسەر بینایەکی پاریسی پایتەخت سەرکەوت و توانی منداڵێک ڕزگاربکات لەوەی لە نهۆمی چوارەمی بیناکەوە بەرببێتەوە.

سەرۆک ماکرۆن هەروەها مەدالیای ئازایەتی بە مامادۆ بەخشی و پـێی گوت " بوویتە نمونە بۆ ملیۆنان کەس، بۆیە شتێکی سروشتیـیە نیشتمان لە بەرامبەرتدا بەوەفابێت." پـێشنیاریشی کرد بچێتە ڕیزەکانی تیمی ئاگرکوژێنەوەی فەڕەنسا.

گوتیشی ئیدی بە شێوەیەکی یاسایی لە فەڕەنسا دەبێت و ئەگەر خوازیاربێت ئەوا لە ئەمڕۆوە دەستدەکرێت بە ڕێوشوێنەکانی پـێویست بۆ ئەوەی هاوڵاتینامەی پـێببەخشرێت.

پاشان ماکرۆن لەسەر تویتەرەکەی پارچە ڤیدیۆیەکی چاوپـێکەوتنەکەی لەگەڵ مامادۆ بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی" ئازایەتی لەو جۆرەی مامادۆ هەموو ڕۆژێک پـێویستمان پێی دەبێت."

ڤیدیۆی ڕزگارکردنی مامادۆ بۆ ئەو منداڵە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوبوویەوە و دەستخۆشیـیەکی زۆری لێکرا کە ئازایانە بەبێ گوێدانە ژیانی خۆی بەهانای ئەو منداڵە چووە.

مامادۆ کە لە مانگی نۆی ساڵی 2017 وە بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتووەتە فەڕەنسا پاش وەرگرتنی مەدالیاکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی ئەمە یەکەم جارە مەدالیایەکی لەو جۆرە وەربگرێت.

لە لایەکی دیکە خانم ئان هیدێلغو سەرۆکی شارەوانی پاریس لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مامادۆ کردووە و زۆر سوپاسی کردووە بۆ ئازایەتیـیەی نواندویەتی لە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو منداڵە. هەروەها نووسیویەتی مامادۆ بۆی باسکردووە کە ئاواتەخوازە ژیانی لە فەڕەنسا بەسەربەرێت، بۆیە ئەویش بەڵێنی پـێداوە وەک شاری پاریس بەهەموو شێوەیەکی بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی لێبکەن.

جێی ئاماژەیە منداڵەکە هی خێزانێکی فەڕەنسیـیە و باوکی، تەمەن 37 ساڵ، بە تەنیا لە ئەپارتمانەکەیان جێهێشتووە لە کاتێکدا دایکی لە دەرەوەی شار بووە. پـۆلیس باوکی منداڵەکەی دەسـتگیرکرد.

ڤیدیۆی ڕزگارکردنی منداڵەکە:

XS
SM
MD
LG