Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دانا غەنی


دانا غەنی
دانا غەنی

زۆرن ئەوانەی گۆرانی دەڵێن، وەلێ کەمن ئەوانەی دەکرێت وەک هونەرمەندێکی ڕاستەقینەی گۆرانیبێژ لێیان بڕوانرێت و بگوترێت هونەرەکەیان نەوە لە دوای نەوە هەر بە زیندویی دەمێنێتەوە.

ئەم دیاردەیە هەر لەناو کورددا نییە بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهاندا بوونی هەیە.

هەرچۆنێک بێت گۆرانی ئەگەر کەموکوڕییەک لە یەکێک لە سێ رەگەزە سەرەکییەکەیدا هەبوو (شیعر و ئاواز و دەنگ) ئەوا هیچ گومانێکی تیادا نییە ئەو سترانە ناتوانێت ڕێگەی خۆی بەرەو بە زیندوو مانەوە ببڕێت.

ئەوەی جێی سەرنجە لە زۆرێک لەو گۆرانیە کوردیانەی ئەمڕۆماندا بایەخێکی ئەوتۆ بەو سێ ڕگەزە نادرێت، بەلانیکەم یەکێکیان دەکرێتە قوربانی دووانەکەی تریان، یانیش نمونە زۆرن لەسەر ئەوەی هەندێک گۆرانی هەن هیچ ماندووبوونێکی پێوە نابینرێت و وەک شتێکی کرچ و کاڵ دەدرێت بە گوێی بیستەریدا.

سەبارەت بە ژانری گۆرانی ڕەخنەی جدیش هەن بە تایبەتیش ئەوەی پێی دەگوترێت پەنابردنە بەر ئاوازی بیانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاوازی کوردیدا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی هونەریی.

مەرجیش نییە ژمارەی گۆرانییەکان ببنە هۆکار بۆ دیاریکردنی پێگەی هونەریی هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ، چونکە زۆر جار گۆرانیبێژمان هەن لەوانەیە ژمارەی گۆرانییەکانی لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێنەپەڕن بەڵام بەهۆی بەرزیی ئاستی هونەرەکەیانەوە هەمیشە وەک ئەستێرەیەکی گەش لە نێوماندا دەدرەوشێنەوە.

دانا غەنی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی دەخوازم بەردەوام گوێی لێ بگرم، لەبەر یەک هۆی سادە، چونکە کاتێک دانا غەنی دەکەوێتە گۆرانی چڕین هەست دەکەم ڕۆح دەئاخڤێت و گۆرانییەکانیشی بۆنی نیشتمانیان لێدێت. دانا لەگەڵ ئەوەشدا کە ماوەیەکی باش لە هونەر دابڕا بەڵام هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە نێو هونەردا و کاتێک باس لە گۆرانی کوردی کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو دەکەیت ناکرێت باس لە دانا غەنی نەکرێت.

دانا نەک هەر بە گۆرانی خزمەتی هونەر دەکات بەڵکو خاوەنی هەوڵی پێشەنگیشە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فۆلکلۆری کوردی لە ڕێی پیکهێنان و دامەزراندنی تیپێکی تایبەتی موزیک بە ناوی "تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد.

دانا غەنی لەو بڕوایەدایە ناکرێت لە پێناو تازەگەریدا، ڕەسەنایەتی فەرامۆش بکرێت وەک لە وتووێژێکی پێشتریدا دەڵێت " مۆدێرن بون دەرمان نییە بخورێت، دەبێت بە پێی کات و قۆناغەکان هەنگاوی بۆ بنێین و بۆی تێبکۆشین، پێچەوانەکەیشی ژەهرێکی کوشندەیە و زەرەرمەندی یەکەم خۆمانین، هونەریش دەبێت هەمیشە لە تازەگەریدا بێت و هونەرمەند زیرەکانە بتوانێت جوانکاری و هەنگاوی بوێرانە بنێت، بە جۆرێک لە ڕەسەنایەتی خۆی و هونەرەکەی لانەدات."

ئایا دەکرێت دووبارەکردنەوەی ئاوازی بیانی وەک هەوڵێک بۆ بەرەوپێشبردنی گۆرانی و موزیکی کوردی لێی بڕوانرێت؟

ئایا هونەری گۆرانی توانیویەتی ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێت؟

ئایا دانا غەنی و هاوڕێ هونەرمەندەکانی چ شتێکیان بە هۆکارە ڕاستەقینەکە دەزانی بۆ دامەزراندنی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد؟

ئایا میدیای کوردی توانیویەتی بەشداری هەبێت لە پێگەیاندنی هونەرمەندی گۆرانیبێژدا؟

بۆچی ئەزموونی هونەرمەندانی کورد ناکرێنە میتۆدێک بۆ خوێندکاران لە کۆلیژ و پەیمانگا هونەرییەکاندا؟

دانا غەنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:07 0:00

XS
SM
MD
LG