Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا لەبەردەم هەڵبژاردندا


تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات بۆ سەرۆکایەتی و بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەش.

پێشتر بڕیار بوو ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا بکرێت بەڵام بە بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پێشخرا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

ئەردۆغان لە ساڵی 2002 خاوەنی دەسەڵاتە لە تورکیادا و ئێستاش لە هەوڵی بەدەستهێنانی پێنج ساڵی تری سەرۆکایەتیدایە، پاش ئەوەی لەو ڕیفراندۆمەی ساڵی پار کردی بۆ گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە تورکیادا، ئەردۆغان پشتیوانییەکی زۆری بەدەستهێنا.

هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکانی ئەردۆغان پشتیوانی خۆیان ڕاگەیاند بۆ پێشخستنی ئەو هەڵبژاردنانە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش
سەڵاحەدین دەمیرتاش

پێشتر سەرۆکی تورکیا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لە پێویستی کردبووەوە بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەکان و وتبووی "تورکیا پێویستی بە هەڵبژاردنی نوێ هەیە بۆ ڕزگاربوون لە نەخۆشییەکانی سیستەمی کۆن."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت پاش وتووێژەکانی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا، ئەوجا بڕیاری خۆی داوە.

میوانی بەرنامە:

هێژا دڵشاد، نوسەر و ڕۆژنامەوانی تایبەتمەند بە تورکیا

هۆکارەکانی پێشخستنی هەڵبژاردنەکان ڕای جۆراوجۆری لە تورکیادا هێناوەتە ئاراوە، هەندێک لە چاودێر دەڵێن ئەردۆغان دەخوازێت لە ڕێی ئەم هەڵبژاردنەوە بەرەنگاری ڕکابەرەکانی ببێتەوە و بە تایبەتیش میرال ئاکشەنەر، کە چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنێکی ڕاستڕەوی پێکهێنا.

موحەرەم ئینجە
موحەرەم ئینجە

لە ئێستادا باری ئابوری تورکیا خراپە، نرخی لیرەی تورکیا لە بازاڕە دراوییەکانی جیهانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و ئەگەری داڕمانی ئابوریش هەیە.

ئەمەش بێگومان ترس و نیگەرانی لای ئاکەپە دروستکردووە کە بەشێکی دەنگدەران ئەو هەنگاوانەی حکومەتی ئێستای تورکیا دەینێت وەک فێڵێک لێکی بدەنەوە و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سزای پارتی فەرمانڕەوای تورکیا بدەن هەر هیچ نەبێت بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابوری تورکیاوە.

میرال ئاکشەنەر
میرال ئاکشەنەر

لایەنگرانی ئاکەپە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش دەڵێن، پێشخستنی هەڵبژاردنەکان تەنها بە مەبەستی گۆڕینی سیستەمی وڵاتەکەیە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی.

هەدەپە لایەنی سەرەکی کورد لە تورکیادا دەچێتە هەڵبژاردنەوە و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی ئەم لایەنە کوردییە یەکێکە لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا و هەدەپەش دەخوازێت ژمارەیەکی زیاتری کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بەدەست بێنێت.

ئەم هەڵبژاردنانەی ڕۆژی 24 ی مانگی 6 لە کاتێکدایە هێشتا تورکیا لەژێر یاساکانی باری نا ئاساییدایە لە پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016.

ئایا لە پاش ئەم خراپییەی ڕەوشی ئابوری تورکیا، جارێکی تر ئاکەپە دەنگی پێویست بە دەست دێنێت؟

ئایا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا کاریگەری دەبێت بەسەر هەڵبژارنەکانی مانگی شەشی تورکیاوە؟

ئایا میدیا لە تورکیا دەتوانێت بەرچاوڕوونی بدات بە دەنگدەرانی تورکیا؟

ئایا پێشخستنی ڕۆژی هەڵبژاردن خەونی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی دێنێتە دی؟

هێژا دڵشاد، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:20 0:00

XS
SM
MD
LG