Accessibility links

تورکیا دەڵێت بەرپەرچی بڕیاری ڕاگرتنی فڕۆشتنی چەکی ئەمەریکا دەداتەوە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، تورکیا بەرپەرچی ئەو بەرنوسەی ئەمەریکا دەداتەوە کە فرۆشتنی چەک بە وڵاتەکەی ڕادەگرێت، ئەگەر بێتو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسادانەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وردەکاریەکانی ڕێبازی 717 ملیارد دۆلاری ساڵانەی بەرگریان بڵاو کردەوە، کە بریتیشە لەو ڕێوشوێنانەی فرۆشتنی چەک بە شێوەیەکی کاتی بە تورکیا ڕابگیرێت.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک، چاوشئۆغڵو گوتی ئەو بەندانەی بەرنوسەکە هەڵەن و لۆژیکی تێدا نییە و گونجاو نییە لە نێوان هاوپەیمانی تاتۆدا.

چاوشئۆغڵۆ گوتیشی " ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزا بخاتە سەرمان و یان هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێت، بێگومان تورکیا بەرپەرچی دەداتەوە."

یاسای پێشنیازکراوی دەسەڵاتی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا، کە چەند هەنگاوێکی تری ماوە بەرلەوەی ببێت بە یاسا داوا لە وەزارەتی بەرگری دەکات ڕاپۆتێک بخاتە بەردەم کۆنگرێس لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، و ڕێگە دەگرێت لە فرۆشتنی کەرەستەی سەرەکی بەرگری بە تورکیا تا ئەو کاتەی ڕاپۆرتەکە تەواوە نەبێت.

تورکیا بەرنامەی کڕینی زیاتر لە 100 فڕۆکەی جۆری F-35 ی هەیە و هەروەها لە وتووێژدایە لەگەڵ واشنتۆن لەسەر کڕینی موشەکی پاترۆیۆت.

تورکیا لە مانگی 12ی ڕابوردوو ڕێککەوتنێکی بۆ کڕێنی یەکەیەکی ئاسمانی دژە موشەکی جۆری S_400 لەگەڵ ڕوسیا مۆرکرد وەکو بەشێک لە پلانی ئانکەرە بۆ گەشەپێدانی توانایی بەرگری هاوکاتی هەڕەشەکانی چەکدارە کوردەکان و تیرۆرستانی دەولەتی ئیسلامی لەسەر وڵاتەکەی.

چاوشئۆغڵو گوتی لە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەم بارەیەوە لەگەل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ کۆدەبێتەوە بەڵام گوتیشی هیشتا کاتی سەردانەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG