Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئارام قەفتان


کاتێک باس لە ژانری ڕۆمان دەکرێت، ناشێت باس لە دووانەی بیرکردنەوەی نوێ و دنیابینی نوێ نەکرێت، ئەڵبەت لەگەڵ جیاوازی سەروەختەکانی ڕۆمان نوسین کە لەوانەیە بکرێت هەر بیرکردنەوە و تێفکرینێک لە سەروەختە جیاوازەکاندا بە دنیابینیە نوێیەکە دابنرێت.

چنینە دراماییەکەی ڕۆمان چەندێک گرنگ بێت، ئەوەندە و زیاتریش فەنتازیا لە ڕۆماندا گرنگە کە بتوانێت لە واقیعیەت بینییەوە گەشتێکی تەواوت پێبکات بتباتە دنیایەک پڕ لە جوانکارییەکانی خەیاڵ. ئەگەرچی خوێندنەوە بابەتییەکان بۆ ڕەهەندەکانی واقیع و خەیاڵ لە دنیای فەنتازیادا زۆر دەگمەنن لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک بڵێی لە خانەی نەبوودایە، بەڵام نوسەری کورد هێندەی توانیبێتی کەمتەرخەم نەبووە لە خوڵقاندنی دنیابینییەکی لێوان لێو لە فەنتازیا.

ئەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە نوسەری کورد لە خەیاڵدا دەژی، بەڵکو لەو سۆنگەیەوەی خەیاڵ دەخاتە نێو بۆتەی واقیعەوە و پەیامێکی لێ پێکدێنێت کە دەخوازێت جوانییەکانی لێبتکێت و خوێنەریش وەک دەقێکی باڵا سەیری بکات.

خۆ ناشکرێت نکوڵی لەو ڕاستییە بکەین کە بەشێک لە خوێنەران چێژێکی زۆر لە فەنتازیا وەردەگرن کە لە کاراکتەر یان ژینگە، یان هەر یەکەیەکی تری بەکارهێنراو لە دەقەکەدا بەرجەستەکراوە.

هەمیشە ئەو دەقە ئەدەبیانە دەچنە خانەی ئەدەبێکی سەرکەوتوو کە بتوانن کایە و جوڵە درامییەکەی خۆیان لە ناو واقیع و خەیاڵدا بەرجەستە بکەن، کە لە زۆر باردا ئەم جۆرە کایە کردنەی نوسەر بە پێوانەیەکیش بۆ داهێنان دادەنرێت. هەر بۆیە زۆرێک لە شیکەرەوە وەها دایدەنێن ناکرێت لە دەقێکی ئەدەبیدا یەکێک لەو دوو ڕەهەندە فەرامۆش بکرێت.

لە یەکەم ئەزمونی ڕۆمان نوسینیدا "وەهمی دونیایەکی تر" نوسەر ئارام قەفتان گەشتێکی وردمان پێدەکات بە دنیای گەڕانەکانی فریاد سەحەردا بەشوێن ڕووبەرێکی تری نادیاردا بۆ هەناسەدانێک و پشودانی حەسرەتەکانی، بۆ ژیانێک کە فریاد بتوانێت سەرەتایەک بۆ ڕووداوەکان دابنێت و ڕێک وەک بڵێی ئەم کاراکتەرە دەخوازێت لە جوگرافیایەکدا ئاڕاستەکانی ڕووداوگەلێکی ژیانی ڕابگرێت و هەر لەو جوگرافیایەشەوە جارێکی تر ئاڕاستەی ڕوودوەکانی ژیانی خۆی بکات تەنانەت بەبێ ئەوەی بزانێت چی دەکات یان ناکات وەک ئارام قەفتان دەنوسێت "وەهمێکی نەویستراو ژیانی فریاد دەگرێتەوە، هەموو خەون و یادەوەرییەکانی بەشوێن خۆیدا پەلکێش دەکات؛ وەک چۆن لەبەردەم حەزێکی گەورە پاڵدەنرێیت، هەر بەو جۆرە فریاد بە بێدەنگی هەنگاوی سست و کز دەنێت، بە حەزێکەوە ئاوڕ لە زەمەنی ڕابردوو دەداتەوە و دەست بۆ ئەو ڕەنگە سپیانە درێژ دەکات کە لەسەر تاڵە سپییەکان نەخشێندراون."

دەروازەی چوونە ناو ڕۆمانی"وەهمی دونیایەکی تر" دێڕێکی {لیۆن براون} ە و دەڵێت " مێژوو بۆ ئەو کەسانە دووبارە دەبێتەوە کە ڕووداوەکانی ڕابردوویان بۆ گرنگ نییە."ئارام قەفتان لەو دەروازەیەوە دەکەوێتە چنینی ڕووداوەکان و بە شێنەیی پێمان دەڵێت ئەگەر دەخوازیت بیزانیت ئەمە دیمەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو ناوچەیەیە کە لە نەخشەی ڕزیوی ئەم جیهانە بەرینەدا پێی دەگوترێت ڕۆژهەڵات و هەمیشە لەژێر بەزەیی و ڕەحمەتی نەفرەتەکاندا دەژی.

ئارام قەفتان، تەواوی چنینە دراماییەکەی ناو ڕۆمانەکەی لە ململانێیەکی سەرسەختی نێوان گومان و یەقین دەستپێدەکات، جۆرێکە لەو ململانێیانەی گومان تیایدا باڵا دەستە، گومان لە ڕووداوگەلێکی پێشتر کە دەشێت کاراکتەرەکان خۆیان بەشێک نەبووبن لێیان، ئەگەر بەشێکیش بووبن ئەوا بەبێ خواست و بەرنامەڕێژی خۆیان بووە، وەک چۆن دەگوترێت لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو کات و ساتێک ڕووداوی گەرموگوڕ هەن بەڵام خەڵکی پارچە زەویەکانی ئەو مەملەکەتانەی ئەوێ بەشێک نین لە دروستکردنی ڕووداوەکان.

لەم یەکەم ئەزمونی ڕۆمانەیدا ئارام قەفتان دەمانخاتە بەردەم سکرینێکی گەورە گەورەی سینەمایەکی تایبەت بۆ فلیمی ژیان و ململانێ و سەرکێشییەکانی مرۆڤ لە نێو جەجاڵییەکی تەپوتۆزاویدا و بە زمانێکی سادە و ڕەوان پێمان دەڵێت تەنانەت ئەگەر ناشزانیت بۆ کوێ دەڕۆیت و سەرکێشییەکانت چین، هەنگاوەکانت بنێ و بڕۆ ئەو جیهانە بدۆزەرەوە بەڵام لە بیرت نەچێت، وەک لە دوا پەیامیدا پێمان دەڵێت "ترسی من لە دونیایەکی تر هێندەی لە ڕێگاکانی گەیشتنە بە تروسکایی فیردەوس، هێندە لە تاریکی دۆزەخ نیە."

کە ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە هەستم دەکرد موسافیرێکم بە نێو سەروەخت و قۆناغە جیاوازەکانی کات و شوێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، سەفەرێک بوو لە ڕابردووی خودەوە بۆ ئایندە، وەلێ کام ئایندە ئەوە بۆ بڕیاری خوێنەری ڕۆمانی "وەهمی دونیایەکی تر" هێڵراوەتەوە، ئەو بڕیارەش دەبێتە باری گرانی خەیاڵێک بۆ پێشوازیکردن لە بیرۆکەی نوێ و ژیان و سەفەرێکی نوێتر.

ئایا لە ڕۆماندا گێڕانەوە دەبێتە چەمکە سەرەکییەکەی؟

ئایا گێڕانەوە لە چیرۆکدا جیاوازە لە گێڕانەوە لە ڕۆماندا؟ بۆچی؟

ئایا دەکرێت ڕۆمان و مێژوو لێک جودا بکرێنەوە؟

ئایا پەیوەندی دەروونی کاراکتەرەکان لە ڕۆمانێکدا زیاتر کاریگەرە یان بەشداری کاراکتەرەکان لە ڕووداوەکاندا؟

ئایا لە فەرهەنگی کوردیدا ڕۆمان توانیویەتی جێ بە شیعر لەق بکات؟

ئایا ئارام قەفتان لە ڕۆمانی "وەهمی دونیایەکی تر" دەخوازێت بمانبات بۆ کام دونیا؟
ئایا ڕۆمانی "وەهمی دونیایەکی تر" تەواو بووە یان خوێنەر چاوەڕوانی ڕۆمانێکی تر بێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی؟

ئارام قەفتان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:41 0:00

XS
SM
MD
LG