Accessibility links

کۆریای باکور: سزاکانی ئەمەریکا هۆکار نەبوون بۆ ئەوەی کیم وتووێژ بکات


لە کاتێکدا تەنها چەند هەفتەیەک ماوە بۆ کۆبونەوە چاوەڕوان کراوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی کۆریای باکور کیم جون ئون، پیونگیانگ ڕۆژی یەکشەممە ڕەخنەی لەو دەنگۆیانە کرد کە ڕێبازی ئەوپەڕی فشاری ترامپ و سزاکان وایان کردووە کۆریای باکور بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆکردن و بە " فریودان" ناودێڕی کرد.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی کۆریای باکور ڕۆژی یەکشەممە لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە هۆشداری دا کە ئەو قسانە " هەوڵێکی مەترسیدارە" بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی ساوای نیمچە دوورگەی کۆریا پاش کۆبونەوەکەی مانگی ڕابوردوو لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشور مون ژێ ئین.

لەو کۆبونەوە لوتکەییەدا کیم ڕازی بوو بە ژمارەیەک ڕێوشوێن بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان باکور و باشور و ئاماژەی بەوەش کرد خواستی وتووێژکردن لەسەر داماڵینی چەکی هەیە لە دورگەکە، هەرچەندە ڕوون نییە مەبەستی لەمەدا چی بووەو مەرجەکانی کۆریای باکور چی دەبن.

سەرۆک ترامپ و کاربەدەستە باڵاکانی ئەمەریکا چەند جارێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێبازی توندی واشنتۆن لەسەر کۆریای باکور هاوشانی فشارەکان بۆ سەر چین کە هاوبەشی سەرەکی بازرگانییەتی، ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە گۆڕینی بارودۆەکە.

XS
SM
MD
LG