Accessibility links

ئەمەریکا بەیانـنامەیەکی لە بارەی دەستپـێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا بڵاوکردەوە


هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە لە بارەی دەسـتپـێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا، ئەمەش پاش ئەوەی بەهۆی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕاگیربوو.

دەقی بەیاننامەکە:

"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی جیهانی و هاوبەشە خۆجیـیەکان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیشەوە دەستیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ناوچەکانی کە دوا مۆڵگەکانی داعشیان لێـیە لە سوریا. شەڕێکی قورس دەبێت، بەڵام ئێمە و هاوبەشەکانمان هەر سەردەکەوین. بەرگری دەکەین لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان ئەگەر هاتوو و هێرشیان کرایەسەر. ئەو ڕۆژانەی کە تیایاندا داعش دەستیگرتبێت بەسەر خاک وە خەڵکی سوریا بتۆقێنێت وا بەرەو کۆتایی دەچن.

لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ و هاوبەشەکانمان ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و لوبنان کاردەکەین بۆ زامنکردنی سنوورەکانیان لە داعش. هەوڵ دەدەین بەشداریەکی زیاتر بەدەستبهێنین لە هێز و کەلوپەل و سەرچاوەکان لە لایەن هاوبەشە هەریمیـیەکانمان و هاوپەیمانانمان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا. هەر وەک چۆن سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا باسی کرد کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی جێ دەستێکی بەهێز لە سوریا جێبهێڵین بە شێوەیەک کە داعش نەتوانێت بگەڕێتەوە و هەروەها ئەو خەڵکەی لە دەستی داعش ڕزگارکراون چیتر نەکەونەوە ژێر ڕکێفی ڕژێمی بەشار ئەسەد یان ئێرانیـیە هاوکارەکانی. پـرۆسەی ئاشتی جنێڤ وەگەڕدەخەینەوە بەپـێی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەڵەک وەرگرتن لە سەرچاوە نێودەوڵەتیـیەکان بۆ چارەسەرکردنی پـێداویستیـیە بە پەلەکانی مرۆیی و سەقامگیری لە سوریا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وابەستەی دڵنیابوونە لە چارەسەرێکی سیاسی لە ئایندە کە تیایدا ڕێز لە تەواوی خەڵکی سوریا بگیرێت، لەوانە عەرەبە سووننەکان و کورد و کرستیان و تورکمان و هەروەها کەمینەکانی دیکە."

XS
SM
MD
LG