Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کامەران سوبحان


"لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ"

کتێبێکە، خوێندنەوەی بۆ هەموو تەمەنێک دەشێت.

لەم کتێبە نوێیەیدا کامەران خەونە جوانەکان و خەیاڵێکی تا بڵێی بەرین و گێڕانەوەیەکی بە ئەمەک کە دڵۆپ دڵۆپ هەستی لێدەتکێت، دەنوسێتەوە و لەڕێی کاراکتەرە منەوەرەکانی نیشتمانەوە بە مێژووی خۆمان نەک هەر ئاشنامان دەکات بەڵکو ئاشتیشمان دەکاتەوە.

کامەران سوبحان لەم کتێبە نوێیەیدا سەدەکانی مێژوو پێکەوە دەبەستێتەوە، کەلێنەکانی نێوانیان بە زمانی گوڵ پڕ دەکاتەوە، وەهای لێکردوون نەتوانرێت بگوترێت کاراکتەرەکان پەیوەندییان نییە بە یەکەوە، نا بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەم سەدەیە ناتوانێت لەوەی سەدەی پێشوو خۆی جیا بکاتەوە، وەهای کردووە یەک ئەوی تریان تەواو بکات و یەک بێ ئەوی تریان دەنگێکی نزم و ڕەنگێکی کاڵی هەبێت.

مەولانا خالیدی نەقشبەندی و نوربەخشی و مەستورەی ئەردەڵانی و زێوەر و تۆفیق وەهبی و حاجی قادری کۆیی و عەرەبی شەمۆ و عەبدولڕەحیم رەحمی هەکاری و شیخ نوری شێخ ساڵح و جەمیل سائیب و وەلی دێوانە، فایەق بێکەس، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و چەندانی تریش "لە خەیاڵەوە ..بۆ خۆڵ' دا هەریەکە و بە زمانی خۆی پێناسەیەکی بە بڕشتی ڕاستگۆیانەی خۆی دەنوسێتەوە و سەیرەکەش لەوەدایە هەر هەمووشیان پێکەوە بە قوڵی گوێیان بۆ شمشاڵەکەی قالە مەڕە ڕاگرتووە و ئەمیش سۆزی شمشاڵە ناوازەکەی لەم کتێبەی کامەران سوبحاندا دەنوسێتەوە.

ئەم کتێبەی کامەران سوبحان کتێبێکی ئەفسوناویە و کە خوێندمەوە زانیملەو کتێبانەیە، هەر خامەی تریفە دەزانێت چۆنیان بنوسێت، هەر ئێوارانی نیشتمان دەتوانێت ڕەنگیان بکات، کتێبێک لەو جۆرەی تەنها قومرییەکانی باخچەکانی ڕۆح دەتوانن دایبڕێژن، ئا لەم کتێبەدا منەوەرەکانی ئێمەیش و ئەوانیش زەماوەندێکی ئەزەلییان دەستپێکردووە، هەڵپەڕکێیەکی سەیرە، هەر هەموو سەرچۆپییان گرتووە!!

ئالەم کتێبەدا خەیاڵ مێژووی خۆڵمان بۆ دەنوسێتەوە، سوختەیەکی بە ئەمەک دێت و لە خانەقاکەی مەستورەی موکریانەوە لە چریکەی سترانێکی نەرم دەدات و دەڕوا تا ئەوپەڕی سنورە پەنهانەکانی بوون.

لێرە و لەوێی ئەو ڕێگەیەیدا تاوێک لای بێکەس و تاوێکیش لای بێکەسی کوڕ لادەدات، شەوێک لەگەڵ کالیگۆلاکەی کامۆدا دەمێنێتەوە و باسی خەمە گەورەکانی مەلیک مەحمودە نەمرەکەی لەمەڕ خۆمانی بۆ دەکات، ئەم کتێبە بە سۆزی شمشاڵەکەی قالە مەڕە گەشتەکەی خۆی پڕ دەکات لە هەناسە.

" لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ" کتێبە نوێیەکەی کامەران سوبحان، بۆ بەندە دەستپێکە، چونکە هەرچۆنیکی دێنم و دەبەم و هێندەی ئاشنای نوسینەکانی ئەم نوسەرەشمانم، پێم وانییە کامەرانیی کامەران تەنها لە بەرگی یەکەمی "لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ" بێت، وەلێ نازانم لە خەیاڵەکانی پیرەمێردەوە، یان لە خەونەکانی نالییەوە یان لە ڕامانەکانی مەحویەوە، یان لە خەمەکانی مەولەویەوە، یان لە لاسارییەکانی ڕامبۆوە، یان لە سەرکێشییەکانی دالییەوە و یان و یان و یان...... درێژە بەم زەماوەندە ئەزەلییە دەدات؟!

سەرەتای ناسینی دوور بە دوورم بۆ کامەران سوبحان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نوسینانەی لەسەر بابەتە شانۆییەکان بڵاوی دەکردنەوە، دواتر کە لە نزیکەوە ناسیم زانیم، دەرچووی بەشی شانۆیە، هەر بۆیە ئێستا و پاش خوێندنەوەی "لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ" دەزانم کامەران چۆن توانیویەتی سێ ئەزموونی گەورە (نوسین، ڕۆژنامەوانی، شانۆ) تێکەڵ بە یەکتر بکات لە بەرهەمە نوێیەیدا بیخاتە بەردەستمان.

پێویستە ئاماژەش بەوە بکرێت کە کامەران سوبحان داهاتی ئەم بەرهەمە نوێیەی تەرخان کردووە بۆتووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشە درێژخایەنەکان."

ئایا کتێبی "لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ" بەرگی تری بە دوادا دێت؟

ئایا کامەران سوبحان لەسەر چ بنچینەیەک کەسایەتییەکانی ناو هەردوو کتێبی"ساتێک پێش بیرچوونەوە" و "لە خاکەوە.. بۆ خۆڵ" ی هەڵبژاردووە؟

ئایا "لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ" هەر تەنها نوسینەوە و داڕشتنی خەیاڵە؟

ئایا لە "خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ" وەک نوسین و بەکارهێنانەکانی زمان چەند کاریگەریی تایبەتمەندێتی شانۆیی کامەران سوبحانی بەسەرەوەیە؟

نوسەر کامەران سوبحان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

ژیان لە فەرهەنگدا: کامەران سوبحان
please wait

No media source currently available

0:00 0:30:55 0:00


XS
SM
MD
LG