Accessibility links

دکتۆر ئەلمەشهەدانی: دەستکاری کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە نێوەندە باڵاکانی کۆمیسیۆندا دەکرێت


دکتۆر عەبدولرەحمان ئەلمەشهەدانی

لەگەڵ ئەوەشدا کە ناو و لیستی نوێ بەشدارییان هەیە لەم هەڵبژاردنانەی مانگی پێنجی عێراقییەکاندا، بەڵام وەک زۆرێک لە شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن چاوەڕوان ناکرێت ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا بێنێتە ئاراوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی حامورابی بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەڵێت دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکان یەکێکە لەو هۆکارانەی دەگوترێت ئەم هەڵبژاردنانە گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا ناهێنێت چونکە دەشێت لەپاش هەڵبژاردنەکان بکەونە دیالۆگی نوێ یانیش گەڕانەوە بۆ ماڵە کۆنەکانیان و لەوێوە هاوپەیمانی و هاوبەندی نوێ پێکبهێنرێت، وەک دەڵێت " بۆ زیاتر لە هەفتەیەکە ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ کراون لەسەر ئەم جۆرە هاوپەیمانێتیانە و هەر ئەمەشە وەها دەکات گەشبینیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت بۆ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پاش هەڵبژاردنەکان."

یەکێک لەو خاڵانەی تر کە دکتۆر ئەلمەشهەدانی ئاماژەی پێدەکات ناو و لیستە نوێیەکانی ئەم هەڵبژاردنانەن وەک دەڵێت بیروڕای ئەو ناوە نوێیانەشیان کۆنترۆڵ کردووە و دەشڵێت زانیارییشی لەلا هەن لەوانە " کاندیدەیتە نوێیەکان پەیماننامەیان پێ مۆرکراوە و ئەگەر بێتوو سەرپێچی بکەن لەو بەرنامەیەی لایەنەکەی بۆ لیستی هەڵبژاردن دایناوە، یانیش لێی لابدەن ئەوا سزای دارایی دەسەپێندرێنە سەریان بڕی ئەو سزا داراییەش 500 هەزار دۆلار یان یەک ملیۆن دۆلارە."

دکتۆر عەبدولڕەحمان ئەلمەشهەدانی دەڵێت ڕێبەرانی 15 ساڵی ڕابردوو شتێکی ئەوتۆیان بۆ عێراق نەکردووە و هەموو لایەکیش ئەو ڕاستیە دەزانن "ئەوەش کە جارێکی تر خۆیان ئامادە دەکەنەوە تا لە چوار ساڵی ئایندەدا ڕۆڵیان هەبێت، هەست کردنیانە بەو هەڵە و کەموکوڕی و کەمتەرخەمیانەی پێشتر کردویانە و هەوڵێکە دەیدەن تا لە چوار ساڵی ئایندەدا هەر هیچ نەبێت بڕێک متمانە بە دەست بێننەوە."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵدکتۆر عەبدولڕەحمان ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی ڕێکخراوی حامورابی بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی کە چاودێری هەڵبژاردنەکانیش دەکات، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:21 0:00

XS
SM
MD
LG