Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا


هەڵبژاردنی عێراق- ئەرشیف

هەڵمەتەکانی هەڵبژرادن لە عێراق دەستیان پێکرد و لایەنە سیاسییەکان نزیکەی حەوت هەزار کاندیدیان ئامادەکردووە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە.

ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنی گشتی عێراقە لەپاش ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتن بە شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، هەروەهاش لە نێوەندی قەیرانەکانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵاتەکەدایە (شیعە و کورد و سوننە)، ئەمانە بێ لەو ئاڵۆزیانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەر یەکێک لەو پێکهاتە سەرەکییانەی وڵاتەکەدا هەن.

ئاستی متمانەی خەڵکیش هەم بە هەڵبژاردنەکان و بە سیاسییە فەرمانڕەواکانیش گرفتێکی ترە لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا.

دکتۆر هەڵمەت غەریب
دکتۆر هەڵمەت غەریب

زۆر جار ئاماژە بەوەکراوە کە پێویستە ئەو عێراقە نوێیەی لە پاش ساڵی 2003 وە پێکهێنراوە عێراقێک بێت لەسەر بنچینەی دیموکراسی و پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام ململانێکانی لەسەر دەسەڵات و داهات دەکرێن لە عێراقی دەوڵەمەند بە نەوتدا، بوونەتە مایەی دابەشکردنی شەقامی عێراق و هەروەهاش لە زۆر باردا لە ماوەی ئەم 15 ساڵەی ڕابردوودا ئەو کێشانە وەرچەرخاون بۆ شەڕی چەکداری و لە ئاکامیشدا هەزاران کەسی بێتاوان کوژراون و برینداربوون.

میوانەکانی بەرنامە:
دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسایی، زانکۆی سەڵاحەدین.

بەکر سدیق، پسپۆڕی یاسایی، زانکۆی ڕاپەڕین.

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێران، چونکە هەڵبژاردنەکانی پێشتر کراون گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بە دوای خۆیدا نەهێناوە و بەردەوامیش گرفت هەبووە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و هەروەهاش دەنگدان بە پۆستی سەرۆکی عێراق، هەر بۆیەشە وەک وەها چاوەڕوان ناکرێت ڕۆژی 12 ی مانگی پێنج گۆڕانکارییەکی گەورە لەو وڵاتەدا بێتە ئاراوە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە.

بەکر سدیق
بەکر سدیق

هەندێک شیکەرەوەش لەو بڕوایەدان هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا تەنها ڕێگەیەکە بۆ گۆڕانکاری و جەختیش دەکەنەوە لەوەی پێویستە دەموچاوی نوێ بێنە بوارە سیاسییەکەوە تا گۆڕانکارییە بنچینەییەکان دەستپێبکەن.

کێشەکانی نێوان کورد و بەغدا، شیعە و سوننە لەگەڵ کورددا و شیعە و سوننەش لە لایەک، شیعە و شیعە، سوننە و سوننە، کورد و کورد، یانی لە هەر لایەکەوە دەڕوانیتە عێراق، کێشە و گرفتەکان زۆر زیاترن وەک لە زەمینەی هاوبەش بۆ پێکەوە ژیان.

ئەمانە بێ لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری عێراقدا، کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا. ئانکەرە و تاران وەک دەڵێن خوازیاری بارێکی جێگیری ئاسایشین لە عێراقدا و هەر یەکەیان ژمارەیەک بیانوو دەهێننەوە، بەڵام وەک شیکەرەوە باسی دەکەن ڕەهەندی ئاینزایی ئەو دوو وڵاتە وەک جەمسەرەکانی شیعەگەرا و سوننەگەرا لە ناوچەکەدا هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ئەو دەستتێوردانانەن.

ئایا هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی عێراق کاریگەری دەبێت بەسەر ئاڕاستەی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی عێراقەوە؟

ئایا هەڵبژاردن لە عێراق هەر تەنها لە پێناو هەڵبژاردن کردنە یان بۆ گۆڕانکارییە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا؟

ئایا پێویستە کورد بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکات؟

بەکر سدیق و دکتۆر هەڵمەت غەریب، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:03 0:00

XS
SM
MD
LG