Accessibility links

هەمیشە بە گرنگییەوە باس لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی میدیا دەکرێت بۆ دروستکردنی ڕای گشتی، جا لە هەر بوارێکدابێت، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، فەرهەنگی، و هتد.

میدیا یەکێکە لە کۆڵەکە تۆکمەکانی دیموکراسی و دەشکرێت بگوترێت کە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە بەبێ هەبوونی میدیا ناکرێت.

پسپۆڕ کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا هەر تەنها پەیوەست نییە بە ئازادی لە دەنگداندا و زانینی چۆنیەتی دەنگدان، بەڵکو پەیوەندیشی هەیە بە پرۆسەی بەشداریشەوە لەو ڕوانگەیەوەی دەنگدەران ببنە بەشێک لەو وتووێژ و دیالۆگانەی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دێنە ئاراوە.

لە ئێستادا دەکرێت میدیای کوردی پۆلێن بکرێت بەسەر میدیای لایەنە سیاسییەکان، میدیای تاکە کەسەکانی ناو حزب و میدیای سێبەر و هەروەهاش میدیایەک وەک پێی دەگوترێت میدیای ئەهلی و بە سەربەخۆ ناودێر دەکرێت. هەر یەکێکیش لەم میدیایانە بەشی خۆی ئامادەیی لە کۆمەڵگەدا هەیە، بەڵام نازانرێت کاریگەرییەکانیان چەندە، چونکە هێشتا لیکۆڵینەوەیەک یان ڕاوەرگرتنێکی ئەوتۆی گشتی لەبەردەستدا نییە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ زانینی ئەو زانیاریە.

وەک چۆن دەگوترێت بانگەشەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە کرۆک و سیمای پرەنسیپەکانی پەیوەندییە سیاسییەکان دادەنرێت، هێندە و بگرە زیاتریش پەیوەندی بە ڕەوشی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەهەندە ڕۆشنبیرییەکانیشەوە هەیە.

بانگەشەکانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پەیامەکان جێگیر دەبن، میدیا لێرەدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە، چونکە بەرنامەڕێژییەکان ئەرکی لایەنەکان و کاندیدەکان خۆیانن، بەڵام لێرەدا ئەرکی میدیا لە کارکردنیدایە لەگەڵ دەنگدەردا تا بەرچاوی ڕوون بکاتەوە و بیگەیەنێتە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان.

بێگومان لێرەشدا پێکدادانی میدیاکان و بە تایبەتیش میدیا حزبی و سێبەرەکانیشیان دەستپێدەکات و ئەمەش دەبێتە بەشدارێکی بەرچاو لە چەواشەکردن و خۆڵ کردنە چاوی دەنگدەرانەوە.

بانگەشەکردنی هەڵبژاردنەکان بەبێ تەگەرە نین بۆ میدیاکان، هەندێک جار دەشێت ئەو تەگەرانە لە خودی میدیاکانەوە بن لە کاتێکدا بەشە گەورەکەی ئەو تەگەرانە هۆکاری ترن لە دەرەوەی دەزگا میدیاییەکەوە دادەڕێژرێن و بە تایبەیتیش لەو شوێنانەوەی تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندییە بچوکەکانیان پارێزراوە لەگەڵ دیموکراسی و پرەنسیپەکانی ئازادیە سیڤیلیەکاندان.

ئایا هاوکاتی نەبوونی میدیایەکی نیشتمانی ڕۆڵی میدیا چی دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا؟
ئایا میدیا ڕەنگدانەوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییە یان بە پێچەوانەوە؟

ئایا میدیای کوردی دەتوانێت ڕای گشتی دروستبکات یان هەر هیچ نەبێت کاریگەری هەبێت بەسەریەوە؟

ئایا دەکرێت تۆڕەکانی سۆشیال میدیا کە سانسۆریان لەسەر نییە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەکاربهێنرێن؟

دانا هەڵەبجەیی، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:08 0:00

XS
SM
MD
LG