Accessibility links

ئیسماعیل زایر: میدیای لایەنەکان دەبنە کۆتکردنی زیاتری بیرکردنەوەی دەنگدەر نەک بەرچاو ڕوونی


ئیسماعیل زایر
ئیسماعیل زایر

لە نێوەندی قەیرانە سیاسییە ئاڵۆزەکانی ناو عێراق و هاوکاتی پەڕتەوازەیی سیاسی لە شەقامی عێراقیدا بەهۆی کێشە و ململانێکانی نێوان شیعە و سوننە ئاینزاکان، لەگەڵ هەروادێ و زۆربوونی ناڕەزاییەکانی عێراقییەکان بەرامبەر بە چۆنییەتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان لەلایەن حکومەتەکەیانەوە، ڕۆژی یەکشەممە جارێکی تریش هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا دەستپێدەکەن.

سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئەلسەباحولجەدید دەڵێت میدیا لەناو ئەو هەموو دەنگ و ڕەنگە سیاسییەدا ئەو کاریگەرییەی نامێنێت بە تایبەتیش کە لایەنە سیاسییەکان هەر یەکە و بۆخۆی بەلانی کەم ڕۆژنامەیەک بۆ ئەم سەروەختی هەڵبژاردنە بڵاودەکاتەوە.

ئیسماعیل زایر دەڵێت بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڕۆژنامانە دوو ڕەهەندیان هەن؛ یەکەمیان بڕوانەبوونە بە میدیای نیشتمانی و دووهەمیش کەمی کاریگەرییەکانی میدیای نیشتمانییە لەسەر ڕای گشتی و دەشڵێت ئەم دیاردەیە لە عێراقدا هیوابەخش نییە چونکە خوێنەر و دەنگدەریش دەکەونە بەر لێشاوێکی زۆری ڕۆژنامەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنانە.

سەبارەت بە فێڵ و تەڵەکەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا ڕۆژنامەنوس ئیسماعیل زایر دەڵێت دەشێت بەکارهێنانی سیستەمی بایۆمیتری ڕێژەی فێڵ و تەڵەکەکان بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کەمتر بکاتەوە.

وەک ئیسماعیل زایر ئاماژەی پێدەکات لە دواترین هەڵبژاردندا نزیکەی هەشت ملیۆن دەنگدەری عێراقی لەسەرجەم ئەوانەی مافی بەشدارییان هەبووە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان نەکردبوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی مانگی هەشت چۆن دەبێت؟ هێشتا نەزانراوە بەڵام دەڵێت "دەنگی هەشت ملیۆن کەس نەک هەر حکومەت دەگۆڕێت بەڵکو ئاڕاستەی سیاسی وڵاتەکەش دەگۆڕێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ ئیسماعیل زایر، سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئەلسەباحولجەدید، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:18 0:00

XS
SM
MD
LG