Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: فرمێسک و میدیا لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا


فرمێسک موستەفا و میدیا بێگەرد

لە مانگی شەشی ساڵی 1961 دا بوو ڕۆژێک بۆ شانۆ دیارکرا و ناونرا ڕۆژی جیهانی شانۆ.

لە پاش کۆبوونەوەیەکی ئەو ساڵەی نێوەندی نێونەتەوەیی شانۆ، هەموو ڕۆژی 27 ی مانگی سێیەک ئاهەنگ و بۆنەی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە دەکرێت و لە هەموویشی گرنگتر پەیامی ڕۆژی جیهانی شانۆیە.

ئەو پەیامەش هەر ساڵە لەلایەن کەسایەتییەکی دیار پێشکەش دەکرێت کە خاوەنی کاریگەرییەکی جیهانی بێت لە بواری شانۆدا و نێوەندی نێونەتەوەیی شانۆ دەستنیشانی دەکات. ئەو پەیامەش بریتییە لە گرنگییەکان و بەهاکانی شانۆ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

نێوەندی نێونەتەوەیی شانۆ، گەورەترین دامەزراوەی شانۆییە لە جیهاندا و لە ساڵی 1948 دا دامەزراوە و یۆنیسکۆش بەشداری هەبووە لە دامەزراندنیدا.

ئەم نێوەندە شانۆییە تا ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، داوا دەکات چالاکییە جۆراوجۆرە هونەرییەکان بکرێن و مەودای هاوکارییەکانی نێوان ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و خۆجێیەکان فراوانتربن و کردنەوەی ئۆفیسی نێوەندی نێونەتەوەیی شانۆ لە هەموو وڵاتێکدا و ژمارەیەک داوای تریش.

ئەم ڕۆژە جیهانییە لای زۆرێک لە شانۆکارانی کورد جێی بایەخە و بە تایبەتیش بۆ ئەو هونەرمەندانەی شانۆ بە ماڵە گەورەکە دادەنێن.

ئا لەم ڕۆژەدا هونەرمەندانی شانۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەیان چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە دەگرن و سیمینار لەسەر ئەم هونەرە باڵایە پێشکەش دەکەن و دەیان کتێب جا ئایا دەقی شانۆیی بن یان لێکۆڵینەوەی وردی هونەری، بە چاپ دەگەیەنن و دەیانخەنە بەردەم خەڵکەوە.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شانۆی کوردی توانیویەتی بە شیوەیەکی بابەتیانە قۆناغەکانی خۆی ببڕێت و لەم ڕێباز بۆ ئەو ڕێباز هەنگاوی خۆی بنێت.

زۆرێک لە هونەرمەندانی شانۆ بە پێویستی دەزانن شانۆی کوردی ببێتە خاوەنی بنەمایەکی تیۆری تابتوانێت هەنگاوی بەرەوپێش بنێت و جەختیش دەکەنەوە لەوەی هەبوونی ئەو بنەما تیۆرییە پێویستی بە ڕۆشنبیریی شانۆیی هەیە، لەو سۆنگەیەوەی ئەم دووانەیە پێکەوە دەبنە زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ پێشکەوتنی شانۆ.

هێشتاش لێکۆڵەروەکانی بواری شانۆی کوردی هاوڕا نین لەسەر ئەوەی ئایا کورد خاوەنی شانۆیەکە بە تایبەتمەندێتی کوردییەوە، یان تەنها دووبارەکردنەوەی ئەزموونی نەتەوەکانی ترە بە زمانی کوردی. پرسیارگەلێکی زۆر هەن سەبارەت بەوەی هێشتا شانۆی کوردی بەهۆی کارکردنی بەردەوامیەوە لەسەر کلتور و مێژوو وەهای کردووە نەتوانێت برەو بە مۆدێرنەیی خۆی بدات، بەڵام هەندێکیش دەڵێن بە پێچەوانەوە شانۆ بە بەرنامەڕێژیی و بە دروستیش کاری لەسەر کلتور و مێژوو نەکردووە، هەر بۆیە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە خوێندنەوەیەکی ڕژد لەسەر بنچینەی دیدێکی هاوبەش بۆ شانۆ و تەگەرە گەورەکانی بەردەم شانۆ بکرێت و پلانی چارەسەرکردنی بۆ دابنرێت.

ئایا نومایشتکردنی شانۆییەک بە زمانی کوردی، بە مانای ئەو تایبەتمەندێتییە دێت کە شانۆییەکە کوردییە؟

ئایا قۆناغەکانی شانۆ پەیوەستە بە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا یان شانۆ و سیاسەت هەر یەکە لە دنیای خۆیدا کار دەکات؟

ئایا شانۆ دەتوانێت لەبەر کۆت و بەندە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت سیاسەتیش بەرهەمهێنانی چێژ و جوانکارییە هونەرییەکان فەرامۆش بکات؟

ئایا شانۆی کوردی بۆتە خاوەن تایبەتمەندێتی کوردانەی خۆی تا هەوڵ بۆ بەرەو بەجیهانی بوونی خۆی بدات ؟

ئایا شانۆی کوردی دەتوانێت بینەرانی خۆی ئاشت بکاتەوە؟

چی پێویستە بکرێت تا شانۆ باڵایی و شکۆی خۆی لەناو بینەردا لەدەست نەدات؟

هونەرمەندان "میدیا بێگەرد و فرمێسک مستەفا" لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:39 0:00

XS
SM
MD
LG