Accessibility links

مامەند ڕۆژە: مەرج نییە هەموو جارێک بەرەنگاربوونەوە فاکتەری یەکلاکەرەوە بێت و هاوکێشەکان بگۆڕێت


مامەند ڕۆژە
مامەند ڕۆژە

هێزە سەربازییەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانیشی لە ئۆپزسیۆنی سوریا چوونە ناو شاری کوردنشینی عەفرینەوە لە سوریا.

سەرۆکی تورکیا دەڵێت کۆنترۆڵی تەواوی شارەکە کراوە.

لە ڕۆژی 20 ی مانگی یەکی ڕابردووەوە لەشکری تورکیا بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی و تانک و زرێپۆشەوە هێرشی ئاسمانی و زەمینییان بۆسەر عەفرین دەستپێکرد.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل واتە یەپەگە بەشێکی سەرەکییەتی بۆ زیاتر لە 55 ڕۆژی لەسەر یەک بەرەنگاری هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئانکەرەش بوونەوە.

سوتاندنی موڵکی خەڵک لە عەفرین
سوتاندنی موڵکی خەڵک لە عەفرین

مامەند ڕۆژە، لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی دەڵێت پێدەچێت دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەبووبێت بۆ چۆڵکردنی شارەکە، چونکە شیوازی دەستبەسەرداگرتنی شارەکە نیشانەیە کە بڕیاری پێشوەخت دراوە تا بەرەنگاربوونەوەی تیادا نەکرێت و دەشڵێت ئەگەر هاتبا و بەرنگاربوونەوەی تیادا بکرایە ئەوا عەفرین بە مانگێکی تریش نەدەگیرا و ئەو بڕیارەش لەو سۆنگەیەوە بووە تا کوشتار و کۆمەڵکوژی لە شارەکەدا نەکرێت و عەفرینیش وێران نەبێت.

مامەند ڕۆژە ئاماژەش بەوە دەکات تەنانەت ئەگەر شەڕیش بکرێت لەناو عەفریندا بەڵام ئەنجامەکەی سەرکەوتنی کۆتایی نابێت لەم قۆناغەدا و دەڵێت نیگەرانییەکە لەوەدایە کە ئێستا نزیکەی دەهەزار جەنگاوەر لە باکورەوە ماونەتەوە ئەگەر گەمارۆ بدرێن، ئەوا یانی ماوەیەکی زۆر کەرەستە و پێداویستییەکانی جەنگ و خواردەمەنیشی پێناگات، هەر لەبەر ئەوەش ناتوانێت چیتر بەرگری بکات.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، مامەند ڕۆژە باس لە ژمارەی سەربازە تورکەکان و چەکدارە هاوپەیمانەکانیش دەکات و دەڵێت لەو کردە لەشکرییەی تورکیادا دژ بە عەفرین و دەڵێت سەد هەزار سەربازی تورکیا و لەشکری ئازادی سوریا بەشدارن لە بەرامبەر هێزی کورد کە لە دە بۆ پازدە هەزار جەنگاوەر بوون.

دیمەنێکی تری ئەمڕۆی عەفرین
دیمەنێکی تری ئەمڕۆی عەفرین

پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی ئاگربەستی 30 ڕۆژی لە سوریادا پەسەندکرد و داواشی کرد ئەو ئاگربەستە لە هەموو سوریادا جێبەجێبکرێت، بەڵام تورکیا بۆ یەک ڕۆژیش چییە هێرشەکانی خۆی ڕانەگرت.

مامەند ڕۆژە دەڵێت ' گەلەکۆمەکییەک کرا، هەرچی پێشیلکاری هەیە کرا، نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبوو، ئەنجومەنی ئاسایش هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبوو، دامودەزگاکانی مافی مرۆڤی لێ بەدەربێت، ئەویش بە شێوەیەکی شەرمنانە باسیان کرد هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، ڕوسیا عەفرینی هەر فرۆشتووە لە هاوکێسەیەکی گەورەتردا، سوریا نەیتوانی بێتە دەنگ، ئێران جۆرێک لە ڕێککەوتنی هەبوو، یەکێتی ئەوروپا هیچ دەنگێکی لێوە نەهات، ئەمرکا خۆی بێدەنگە."

سەبارەت بە هەڵوێستی کوردیش لەسەر دۆسێی عەفرین،مامەند ڕۆژە دەڵێت کورد لە عێراق تا ئێستاش نەیتوانیوە قۆناغی کەرکوک تێبپەڕێنێت و لایەنەکان بەیاننامەیان بڵاوکردۆتەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین وەک دەڵێت لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هاوسۆزییەکی زۆر گەورە بۆ عەفرین هەیە بەڵام بگوترێت ئەوەی لایەنەکان بکاتە خاوەنی گوتارێکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوە، ئەوە نەبووە. سەبارەت بە (ئەنەکەسە) ش مامەند ڕۆژە دەڵێت نەبووەتە بەشێک لەو پلانەی بۆ پاش عەفرین دانراوە و دەڵێت تەنانەت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی غازی عەنتابدا کە بۆ دیاریکردنی ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردن بووە بۆ عەفرین، ئەنەکەسە بانگ نەکراوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:04 0:00

XS
SM
MD
LG