Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عومەر ڕەسوڵ


عومەر ڕەسوڵ
عومەر ڕەسوڵ

لە ڕووی تیۆرییەوە دەشێت بگوترێت هونەری شێوەکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە بە بەراورد بە کارە هونەرییە شیوەکارییەکان.
هونەرمەندانی شێوەکاریش خۆیان گلەییان هەیە لەو کەمی لێکۆڵینەوە و هەروەهاش ڕەخنەی ڕژد و بابەتیانە.

بەڵێ هونەری شێوەکاری توانیویەتی هەنگاوی گەورە بنێت بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە؛ ئەم هەنگاوانە لەگەڵ وروژاندنی پرسیارگەلێکی بابەتیانە و زانستیانەدا و بەرهەم هێنانی پرسیاری نوێدا، وەک دەگوترێت وەڵامێکی قوڵی هاوچەرخانە و ڕاستەقینە بۆ ئەو پرسیارانە نەهاتوونەتە ئاراوە.

هەندێک لە هونەرمەندان لەوبڕوایەدان دەشێت هۆکارە سەرەکییەکە لە لاوازی پەیوەندیەکی ئۆرگانی هونەردا بێت لەگەڵ جومگەکانی تری کۆمەڵگەدا و نەبوونی دیدی هاوبەش لە نێوانیاندا.

لەگەڵ هەموو باسکردنێکی هونەردا، ناکرێت گرفت و کێشە و تەگەرەکانی بەردەم هونەرمەندان فەرامۆش بکرێن، بەڵام ئەمەش هەر تەنها وەک قسەکردن ماوەتەوە و هەنگاوێکی کردەیی بۆ نەنراوە.

نکوڵی ناکرێت لەوەی هونەرمەندانی شێوەکار لەگەڵ هەموو گلەییەکانیاندا هەنگاوی گەورەیان ناوە و هەندێکیشیان توانیویانە لە نێوەندە نێونەتەوەییەکاندا بوونی خۆیان بسەلمێنن، ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردی دابەشبووە بەسەر چوار وڵاتدا و ئەم دابەشبوونەش وەک چۆن ژمارەیەکی بێشومار کێشەی بۆ خودی کورد دروستکردووە، ئاوەها و زیاتریش گرفتە بۆ هونەرمەندانی کورد لە هەر یەکێک لەو پارچانەی کوردستاندا، لە سەرو هەمووشیانەوە ڕێگەگرتن لە دیالۆگی نێوان دوو تابلۆی هونەری دوو پارچەی کوردستان.

زۆریی تەگەرە و کێشەکان نەبوونەتە مایەی ڕاگرتنی هەوڵەکانی هونەرمەندانی کورد، بە پێچەوانەوە هێندەی لە توانایاندا بووە سودیان لە پاشخانی هونەریی نەتەوەکەیان وەرگرتووە و بەکاریشیان هێناوە لە کارە هونەرییە نوێیەکانیاندا هاوکاتی قاڵبوونەوەی زیاتر لە ڕێبازە جیهانییەکانی هونەردا و تەواوی ئەم پرۆسەیەشیان خستۆتە خانەی ڕەسەنایەتی و هاوچەرخیبوونەوە.

بەهۆی ڕەوشی سیاسییەوە لەو وڵاتانەی کوردیان تیادایە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان زێدی خۆیان بە ناچاری جێدەهێڵن، بەڵام ڕەنگەکانی نیشتمانیش لەگەڵ خۆیان دەبەن و هیچ کەلێنێک جێناهێڵن لە نێوان ژینگە دێرین و نوێیەکانی کارکردنی هونەرییاندا.

هونەرمەندانی کورد لە هەندەران لە هەوڵێکی بێ وچاندان بۆ ناساندنی ناسنامەی هونەری ڕەسەنی کوردی.

هەندەران ژینگە ئاسانەکە نییە بۆ هونەرمەندان. لە زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکارم بیستووە کاتێک گەیشتوونەتە هەندەران، جۆرێک لە شپرزەیی بە تابلۆکانیانەوە دیاربووە و وەک دەڵێن لەوانەیە هۆکارەکەی، بیرکردنەوە قوڵەکەیان بووبێت لەو بەراوردانەی لە نێوان هەردوو جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەیکەن و خۆ نەدۆزینەوە لەوەی ببێتە هونەرمەندێکی داهێنەر لە کام یەکێک لەو جیهانانەدا. ئەمانە بێ لەوەی شێوازی کارکردنیش بۆیان قورس دەبێت لەو ڕوانگەیەوەی پێشتر لە دۆخێکی چەقبەستوودا کاری کردووە و ئێستاش لە ڕەوشێکی کراوەی ڕەهادا کاری هونەری دەکات.

هەردوو هونەرمەندی شێوەکار، عومەر ڕەسوڵ و عومەر دەروێش
هەردوو هونەرمەندی شێوەکار، عومەر ڕەسوڵ و عومەر دەروێش

ئایا تابلۆیەکی هونەری سەبارەت بە هەڵەبجە یان هەر کارەساتێکی تری نەتەوەیی، دەتوانێت سەرسامی لای بینەر دروست بکات؟

ئایا بەرواردکردنی هونەری شیوەکاری لە نێوان جیهانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بەراوردکردنێکی بەرابەرە؟

ئایا هونەری شێوەکاری کوردی توانیویەتی ببێتە بەشێک لە چەمکی ڕۆشنبیری؟

ئایا بەکارهێنانی هەردوو ڕەنگی ڕەش و سپی لای هونەرمەند عومەر ڕەسوڵ چ ڕەهەندێکی هەیە؟

ئایا نیشتمان چەندێک ئامادەیی هەیە لە تابلۆکانی عومەر ڕەسوڵدا؟

ئایا بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بۆ شێوەکاران گرنگە؟

عومەر ڕەسوڵ، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:22 0:00

XS
SM
MD
LG