Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: 8 ی مارس


ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژێکە بۆ ڕەنگدانەوەی ئەو بەرەوپێشچونانەی لە بواری دابین کردن و پاراستنی مافەکانی ژناندا هاتوونەتە ئاراوە.
ڕۆژێکە بۆ داواکردنی گۆڕانکاری و بەرز ڕاگرتنی ئازایەتی و سوربوونی ژنان لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان لە کۆمەڵگە و لە وڵاتەکانیانیشدا.

ڕۆژی هەشتی مارس، دەرفەتێکە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کارنامەی "ئامانجی گەشەکردنێکی بەردەوام" کە ژمارەیەک خاڵی لە خۆ گرتووە لەوانە؛ گەیشتن بە یەکسانی جێندەری و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و کچان، دابین کردنی بەرنامەی خوێندن و پەروەردە بۆ ژنان و کچان و دڵنیابوون لەوەی تا ساڵی 2030 تەواویکچان و کوڕان ئازاد بن و کۆتاییهێنان بە هەموو شێوازەکانی جیاوازیکردن لە نێوان ژنان و پیاواندا.

ئێستا یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە، ئایا هەشتی مارس، هیوایەکە بۆ ژنان و کچانی کورد؟

بەهۆی کاری ڕژدی چالاکوانان و ئەو ڕێکخراوانەی داکۆکییان لە مافەکان و یەکسانی دەکرد، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1977 دا ڕۆژی 8 ی مارسی دیارکرد وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژنان.
دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بووە جێی هیوایەکی گەورە بۆ چالاکوانان لە کۆمەڵگەکاندا کە بتوانن لەڕێی یەکسانیەوە بگەنە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەرەتایەکی گرنگیش بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافەکانی ژنان دەکرێن لە کۆمەڵگە و لە وڵاتانیشدا.

بۆ زۆرێک لە چالاکوانانی مافەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، وێڕای ئەو بەرەوپێشچوونانەی هەن بەڵام وەک دەڵێن هێشتا کاری زیاتر و زیاتر ماون بکرێن بۆ گۆڕینی ئەو جۆرە هزرانەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کار دەکەن لەسەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و کۆت و بەندکردنی ئازادییەکانی تاکە کەس و گەورە کردنی کەلێنی جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاو و هەروەهاش نانەوەی دوبەرەکی لە کۆمەڵگەدا.

میوانی بەرنامە:
شلێر باپیری، ڕۆژنامەوان و چالاکوان

پێدەچێت لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەی کوردیان تیادا دەژی، جیاوازی هەبێت لە ڕەوشی کێشەکانی ژناندا.

دەشێت بگوترێت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا تا ئەندازەیەک ڕەوشی ژنان هەندێک هەنگاوی بەرەوپێشچوونی بە خۆوە بینیبێت، بەهۆی ئەو ڕەوشەی لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ەوە هاتۆتە ئاراوە.
لە دوای ڕاپەڕینەوە دەرفەت ڕەخسا ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن، ئاشکرایانە کار بکەن و برەو بە ئەرکەکانیان بدەن، هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو ڕێکخراوانە لە ژێر سێبەری حیزبە باڵادەستەکانی هەرێمدا بوون و یانیش کاریگەرییەکانی حیزب بە ئاشکرایی پێیانەوە دیاربووە.

هەندێک لەو ڕێکخراوانە دانانی سیستەمی کۆتا بۆ بردنی ژن بۆ ناو پەرلەمانی هەرێم، یان پۆستە باڵاکانی تری حیزبی و ناحیزبی بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانن بۆ ئەو خەباتەی کردوویانە، بەڵام بەشێکی تر پێیان وایە سیستەمی کۆتا دەرهاوێشتەیەکی تری کۆمەڵگەی پیاوسالارییە کە حیزبەکانیش ڕەوایی ئەو پیاوسالاریەیان لە کۆمەڵگەوە وەرگرتووە و دەشڵێن ئەو کۆتایە بەمەبەستی ئەوەیە ژنان لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبە پیاوسالارەکاندا بمێننەوە و دەنگ و ڕەنگی خۆیان نەبێت.

ئایا هەشتی مارس، هیوایەکە بۆ ژنان و کچانی کورد؟

ئایا دەکرێت دانانی سیستەمی "کۆتا" بۆ ژنان، بە هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی مافەکانی ژنان دابنرێت؟

ئایا ڕەواندنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان هەر تەنها لە ئەستۆی پیاوە؟

ئایا ڕیکخراوەکانی ژنان توانیویانە متمانەی ژنان و کچان بەدەستبێنن؟

شلێر باپیری، ڕۆژنامەوان و چالاکوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:34:45 0:00

XS
SM
MD
LG