Accessibility links

پێنج پەنابەری کۆنگۆلی لە ڕواندا دەکوژرێن


پێنج هاووڵاتی کۆنگۆلی ڕۆژی هەینی کوژران لە کاتێکدا پۆلیسی ڕواندا و لەشکر چەکیان دژ بەو پەنابەرانە بەکار هێنا کە بۆ سێ ڕۆژ بوو لە دەرەوەی ئۆفیسی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژئاوای ڕواندا مانیان گرتبوو.

پۆلیسی ڕواندا بەیاننامەیەکی دەرکردووەو تیایدا دەڵێت " ئێمە هێزی تایبەتیمان بەکارهێنا کە بوو بە مایەی بریندار بوونی 20 ئاژاوەگێڕ و حەوت پۆلیس. دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. بە داخەوە پێنج کەس لە ئاژاوەگێڕەکان بەهۆی برینەکانیان گیانیان لە دەست دا."

پۆلیس دەشڵێت 15 پەنابەریان دەستگیر کردووە و بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی، گرتنی خەڵکی بە بارمتەو ئاژاوە نانەوە تاوانبار کراون.

پەنابەرەکان دەڵێن ژمارەی کوژراویان ڕەنگە لەوە زیاتر بێت کە پۆلیس ڕایگەیاندووە.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دان بەخۆداگرتنی کرد دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتانەی کە خۆپیشاندانی توندوتیژ لە کەمپی پەنابەرانی کازیبای ڕواندا ڕوویدا.

کەمپەکە لە ناوچەی کارۆنگییە کە زیاتر لە 17 هەزار پەنابەری کۆماری دیموکراتی کۆنگۆی لێیە.

بە پێی ڕاپۆرت پەنابەرەکان توڕە بوون لەوەی لە سەدا 25 ی هاوکاری خواردنیان کەمکراوەتەوە.

بەرپرسی UNHCR لە ڕواندا ئەحمەد بابا فال ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی پەنابەران ئەرکی سەرەکی ئەوانە.

XS
SM
MD
LG