Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پاش هەڵبژاردن لە عێراق


دوابەدوای شەڕەکانی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و ڕاگەیاندنەکانی سەرەک وەزیری عێراق بەوەی شکست بە داعش هێنراوە لە وڵاتەکەیدا، ئێستا عێراق لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ هەڵبژاردنێکی گشتی.

ئەم هەڵبژاردنەی مانگی پێنجی عێراقییەکان وەک سەختییەکی ئاڵۆزی سیاسی لێی دەڕوانرێت لە ڕوانگەی ململانێی سیاسی نێوان لایەنە شیعەکان بە تایبەتیش لە نێوان نوری ئەلمالیکی سەرەک وەزیری پێشوو و هەروەهاش حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری ئێستا.

ڕێبەرانی عێراق دەڵێن ئێستا وڵاتەکەیان لەبەردەم قۆناغی پەرەسەندن و گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەدایە، بەڵام چاودێر دەڵێن هیچ یەکێک لەوانە ناکرێت بەبێ ڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری ڕاستەقینە بەرامبەر بە گەندەڵی، هەروەهاش دڵنیاکردنەوەی خەڵکی وڵاتەکە لەوەی ئەم شەڕە ڕژدە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدایە نەک بەرژەوەندی سیاسی.

ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراقدا هیچ بەهایەکی بۆ شکۆی دامەزراوە دەوڵەتییەکان نەهێشتۆتەوە.ڕەنگدانەوەی ئەو ناکۆکیانەش وەهایان کردووە هێشتاش ئەو زەمینەیە بوونی هەبێت کە داعش و ڕێکخراوە توندڕەوەکانی تریشی لەسەر دروست بوون لە عێراقدا و هەروەهاش لاوازبوونی پێکهاتەکانی دەوڵەت بە شێوەیەک هەندێک لە عێراقیەکان خۆیان دەڵێن وەهایان کردووە سیما و تایبەتمەندێتییەکانی دەوڵەتبوونی خۆیشی بەرەو هەڵوەرین ببات.

ئەم هەڵبژاردنەی مانگی پێنج لە کاتێکدایە زۆربەی لایەنە سیاسییە شیعەکان خاوەنی هێزی چەکدارن (حەشدی شەعبی) و لە پەرلەمانیشەوە ڕەوایی یاساییان دراوەتێ.

عەرەبی سوننە لە ساڵی 2003 وە واتە لە پاش ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق بە گومانێکی زۆرەوە لە دەسەڵاتی شیعەکان دەڕوانن لە بەغدا و بەردەوامیش ناکۆکی نەک هەر سیاسی بەڵکو چەکداریشیان هەبووە.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دێرینی کورد

کوردیش لە عێراقدا، بە شێوەیەکی ڕێژەیی،بە تایبەتی لە پاش ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی نۆی ساڵی 2016 ەوە ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدادا گەیشتۆتە ئەوپەڕی.

لەم هەڵبژاردنەشدا هێشتا دۆسێی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلانەبوونەتەوە، کورد کێشەی ناوخۆیی زۆرن و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت گوتارێکی هاوبەش و ستراتیژیەتی بەرنامەڕێژییەک کە کۆدەنگی لەسەربێت بەدی ناکرێن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانیدا بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق.

کورد لە عێراقدا هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە ئایا لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن دەکرێت یان نا.

بە گشتی عێراق لە باکوریەوە بۆ باشور، و لە رۆژهەڵاتیەوە بۆ ڕۆژئاوای لە ڕەوشێکی ناجێگیری سیاسی و ئاسایشیدایە و بە گشتیش خەڵک ئەزموونێکی باشی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ فەرمانڕەواکانیاندا و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری نەرێنی کردۆتە سەر پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا.

دەستێوەردانەکانیش لە هەڵبژاردندا لەولاوە بوەستێت، کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لەناو لایەنە شیعەکاندا هەیە و دەیانجوڵێنێت، عەرەبستانی سعودیە و تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یاریە سیاسییەکانی خۆیان لەناو لایەنە عەرەبە سوننەکان و تا ئەندازەیەک کوردیشدا دەکەن.

هەرێمی کوردستانی عێراقیش دابەش بووە بەسەر هەردوو جەمسەری شیعەگەرایی و سوننەگەاری ناوچەکەدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئێران، پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا.

ئایا خەڵک لە عێراق متمانەیان بە هەڵبژاردن ماوە؟

ئایا هەر دەسەڵاتێکی نوێ لە عێراقدا هاتە ئاراوە دەتوانێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و کۆتایی یان هەر هیچ نەبێت گەندەڵی کەم بکاتەوە؟
ئایا پێویستە کورد بەشداری بکات لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا؟
ئایا پاش هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنج دەروازەکان بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە عێراقدا دەکرێنەوە؟

ئایا هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنجی عێراق گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دێنێت یان ڕەوشە سیاسییەکەی وڵاتەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
ئایا لە عێراقدا هەڵبژاردن دەتوانێت مافەکانی خەڵک دابین بکات؟
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دێرینی کورد لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:57 0:00

XS
SM
MD
LG