Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: زاهیری عەبە ڕەش


زاهیری عەبەڕەش
زاهیری عەبەڕەش

بەردەوام هەوڵ هەن لەسەر نۆژەنکردنەوەی ژانرە فەرهەنگیەکان و لەوانەشە ئەم هەوڵانە بەشێک بن لە شکاندنی ناو بەو مەبەستەی ڕووبەری سەیرکردن و وردبوونەوەی فەرهەنگی فراوان بێت و تیشک بخاتە سەر ئەو مەعریفەیەی خۆی لە نێویدا حەشار داوە.

نەک هەر تەنها لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا پێویست بە زانیارییەکی زۆر هەیە، بەڵکو گرنگیشە بۆ ڕەخساندنی ئەو زەمینەیەی گۆڕانکارییەکەی لەسەر بونیات دەنرێت. بە بێگومان ئەمە بۆ هەموو ژانرە فەرهەنگییەکان پێویستە بە شانۆشەوە.

زۆرێک لە هونەرمەندان و لێکۆڵەرەوەکانی بواری شانۆ نەیانشاردۆتەوە و دانیشی پیادا دەنێن کورد خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند نییە بە شانۆ لەو ڕوانگەیەوەی توێژینەوەی تێر و تەسەل کرابن لەسەر ڕەهەندە هونەرییەکانی دەقێک یان نومایشتێکی شانۆیی.

کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان ئێستا کات بە بەریەوە نەماوە بۆ ئەو جۆرە لێکۆڵینەوە هونەریانە لەسەر شانۆ، وەک دەڵێن دراما تەلەفزیۆنییەکان و سینەماش جێیان بە شانۆ لەق کردووە.

ئەڵبەت ئەم جۆرە ڕوانینە مشتومڕێکی زۆری لەسەر هەیە و ئەوانەی داکۆکی لە شانۆ دەکەن جەخت دەکەنەوە لە گرنگیەکانی ئەم هونەرە و مانەوەشی وەک هونەرێکی زیندوو لە فەرهەنگی کۆمەڵگەکاندا.

ئەگەرچی دەگوترێت زیزبوونێک لە نێوان شانۆ و بینەراندا هەیە، بەڵام هەمیشە هونەرمەندان هەوڵی ڕژدیان هەبووە بۆ ئاشتکردنەوەی بینەران. نوسەر و لێکۆڵەر "نیهاد جامی" لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەنوسێت " لەڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ئەگەرچى شانۆ لەژێر هەڕەشەدایە، ئەوەى نەیهێشتووە ئەو شانۆیە بمرێت ئەوە دەزگاكانى شانۆ و ناوەندەكانى نەبوون، بەڵكو هەوڵى چەند گروپێكى شانۆیى بووە، كە لەهەر شارێك ژمارەى ئەو گروپە شانۆییانە لە دوو گروپ تا سێ گروپ تێناپەڕێت، هەندێكجار تاكە گروپێك لەشارێكدا ئومێدى شانۆیى پێداوینەتەوە."

زاهیری عەبەڕەش لەگەڵ هونەرمەند عەبدولکەریم بەرشید
زاهیری عەبەڕەش لەگەڵ هونەرمەند عەبدولکەریم بەرشید

ڕەخنە ئەو دەروازەیەیە شانۆ دەبات بەرەو کامڵ بوونی تەواو کە پەیوەندییەکی زیندووی هەیە بە چالاکییە شانۆییەکانەوە و کار لەسەر هەموو پێکهاتەکانی شانۆییەکە دەکات وەک جوڵە، دەنگ، ڕوناکی، موزیک، جلوبەرگ، سینۆگرافیا، دەق و هتد.

خوێندنەوە ڕەخنەییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لە بەرەوپێشبردنی شانۆدا بە تایبەتیش کاتێک دێتە سەر ڕوونکردنەوەکان و وردەکارییەکانی پەیوەندی هەموو ئەو پێکهاتانەی ئاماژەی پێکراوە.

ناکرێت لێرەدا ڕۆڵی هونەرمەند و تێگەیشتنی خودی هونەرمەند بە هێند وەرنەگرین لەو سۆنگەیەوەی هونەرمەندی ڕەسەن بەردەوام لە گەڕان و گەشتدایە بۆ پێشکەشکردنێکی باشتر بە بەراورد لەگەڵ کارێکی پێشتریدا، لێرەشدا دەتوانم بە ڕاشکاوی هونەرمەند "زاهیری عەبە ڕەش" بە نمونە بێنمەوە.

زاهیر بەردەوام لە تاقیگەی شانۆدا لە تاقیکردنەوەی نوێدایە و دەگەڕێت بە شوێن ئەو شێوازەی بە باشترین شێوە پەیامی شانۆ بگەیەنێت. ئەم پیاوە هونەرمەندە ئەو کاتەی لە نیشتمانیش بوو هەر وابووە و ئێستەش کە لە هەندەران دەژی هەر بە هەمان شێوەیە.

هونەرمەند زاهیری عەبەڕەش گەشتێکی دوور و درێژی دەستپێکردووە و لەو گەشتەشیدا هەر شتێکی نوێ دەدۆزێتەوە، لەگەڵ خۆیدا دەیباتەوە بۆ نیشتمان و تەختی شانۆکانی پێ دەبوژێنێتەوە. کارە هونەرییەکانی زاهیر هەر تەنها لەسەر تەختی شانۆ نییە، دەخوازێت لە شوێنە جیاوازەکاندا شانۆنامە پێشکەش بکات، وەک خوێندنگاکان، هۆڵی پەرلەمان، سەندیکاکان، ئۆفیسی رێکخراوە سیڤیلیەکان و هتد.
زاهیر میتۆدی شانۆی سەکۆ بەکاردەهێنێت بۆ ئاخاوتن لەگەڵ بینەرانیدا و کردنیان بە بەشێکی سەرەکی لە نمایشتە شانۆییەکە.

زاهیر لە پەرلەمانی وڵاتی سوید میتۆدی شانۆی سەکۆی بەکارهێناوە، وەک دەڵێت "گۆڕانکاری بەسەر هەموو ژیانی مرۆڤدا هاتووە، شانۆش بەشێکە لە چالاکییە هزری و هەستیەکان کە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە."

*ئایا جیاوازییەکانی شانۆی سەکۆ لەگەڵ شانۆی ئاساییدا چین و کاریگەرییەکانیشی چۆن دەبن؟

*بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بایەخێکی ئەوتۆ بە شانۆی خوێندنگاکان نەدراوە و ناشدرێت؟

*ئایا پرۆژە هونەرییە هاوبەشەکەی زاهیری عەبە ڕەش و عەبدولکەریم بەرشید بە کوێ گەیشت؟

*جیاوازی چییە لە نێوان نومایشتکردنی دەقێکی شانۆیی لە کوردستان یان لە وڵاتێکی هەندەراندا؟

*ئایا دەتوانرێت وەها لە ڤێستڤاڵە شانۆییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن بڕوانرێت کە ئیدی ئەوەیە ئاستی شانۆ؟

*ئایا جیاوازی لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شانۆدا هەیە لە کۆمەڵگە داخراو و کۆمەڵگە کراوەکاندا؟

هونەرمەند زاهیری عەبەڕەش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:17 0:00

XS
SM
MD
LG