Accessibility links

تورکیا و یۆنان بەنیازن لە ڕێگەی وتووێژەوە گرژیـیەکانی نێوانیان لە دەریای ئیجە چارەسەربکەن


سەرۆک وەزیری تورکیا بینالی یڵدرم دەڵێت وڵاتەکەی و یۆنان رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی گرژیـیەکانی نێوانیان لە رێگای دیالۆگەوە، ئەمەش رۆژێک پاش ئەوەی لە دەریای ئیجە کەشتیەکی پاسەوانی کەنار دەریای یۆنان لەگەڵ کەشتیەکی گەڕۆکی تورکیا بەیەکیان دا.

یڵدرم وتی ئەو لە درەنگانێکی رۆژی سێشەممەدا لە رێگای تەلەفۆنەوە بە سەرۆک وەزیری یۆنانی ئەلیکسیس تیسپراس وتووە نابێت یۆنان کارێک بکات کە کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانی نێوانیان دروستبکات. دەشڵێت دەبێت دەریای ئیجە دەریای دۆستایەتی بێت.

وتیشی ئەوان بە رێکەوتنێک گەیشتن کە گرژیـیەکان لە رێگاێ رامیاری و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بکرێن و لە رێگایەکی هێورترەوە بە تێگەیشتنی دوو لایەنە و هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی.

بریارە وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ناتودا لە مانگی پێنج لە برۆکسڵ وتووێژبکەن.

XS
SM
MD
LG