Accessibility links

لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەکی زۆری پەیکەر دەبینرێن، بەڵام لە هەماندەمیشدا پرسیارێکی زۆر لەسەر ئاستی هونەری ئەو پەیکەرانە دەکرێن، یان لەسەر شوێنی دانانیان، یانیش لەسەر بەرزی و نزمی ئەو ستونانەی پەیکەرەکانیان لەسەر دانراون.

دەکرێت بگوترێت لە فەرهەنگی کوردیدا پێناسەیەکی تایبەت بۆ هونەری "پەیکەرتاشین" نییە و وەک هونەرمەندان خۆشیان دەڵێن پێناسەکردنەکە گشتییە و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوون یان کەمی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی تایبەت لەسەر ئەم هونەرە.

بە درێژایی مێژووی خۆی، هونەری پەیکەرتاشی لە گەشەکردندا بووە بەپێی قۆناغە جیاوازەکان و شوێن و بەکارهێنانی مەتریاڵەکان.

ئەم هونەرە بەردەوام بەرەنگاری هەموو ئاستەنگەکان بۆتەوە و خۆی گەیاندۆتە ئاستی ئافراندنەکانی ئەوڕۆی، وەک هەندێک لە هونەرمەندان باسی دەکەن تەنانەت دەکرێت سروشتیش بە ئاستەنگێک بهێننەوە لە بەرامبەر پاراستنی پەیکەرەکاندا و لێرەدا ئەو پەیکەرانە بە نمونە دەهێننەوە کە ئافریکاییەکان لە سەروەختێکی پێشوودا بە چیلکە دروستیان دەکرد و بەرگەنەگرتنی ئەم مەتریاڵە لە بەرامبەر هۆکارە سروشتییەکاندا وەهای کردووە نەتوانن درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن تا بینەرانی ئەمڕۆیان چێژ لەو کارە هونەریانە وەربگرن.

ئاین ئاستەنگێکی تر بووە لەبەردەم پەیکەرەکاندا، بە شێوەیەک لە سەرەتادا هەوڵی سڕینەوە و شکاندنی ڕەهەندەکانی ئەم هونەرەی داوە، وەلێ دواتر کە زانیویەتی بۆی ناکرێت، کەوتۆتە چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی خۆی تا ئەم هونەرە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە گشتی کورد، خۆی خاوەنی هیچ شارێک یان شارۆچکەیەکی خۆی نییە، تەنها لە هەرێمی کوردستان نەبێت کە دەکرێت بگوترێت لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ەوە کورد تا ئەندازەیەک بۆتە خاوەن، هەر بۆیەشە بۆی ئاسان نەبووە بتوانێت هونەری خۆی نومایشت بکات لە مەیدانەکاندا. لە باشوری کوردستان لە پاش ڕاپەڕینەوە دەشێت ئەم دەرفەتە هەبووبێت بەڵام گرفتەکە لەوەدا بووە کە زمانی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان بەرپرسان و کاربەدەستانی شارەکاندا لەگەڵ هونەرمەندان و بە تایبەتیش هونەرمەندە پەیکەرتاشەکاندا نەبووە، ئەمەش بێگومان کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە لەسەر پەیکەرەکان، لەو ڕوانگەیەوەی پەیکەرێکی هونەریی کە گیانی داهێنانی تیادا پارێزراوە، بەڵام لە شوێنێکدا دادەنرێت هەموو بەهای هونەریی ئەو پەیکەرە دەکوژێت، یان پەیکەرەکە لە شوێنێکدا دادەنرێت کە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان پەیکەرەکە و شوێنی دانانەکەیدا نادۆزرێتەوە.

هونەرمەند زاهیر سدیق، یەکێکە لەو هونەرمەندە دەستڕەنگینانەی هەمیشە لەو بڕوایەدایە گرنگیدان بە هونەر بەشێکە لە ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان، هەر بۆیەشە هونەر دەکاتە شا ڕیگەی ژیانی لە پێناو هونەردا نەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان.

زاهیری هونەرمەند بەردەوام لە بەرهەمە هونەرییەکانیدا دەخوازێت بەشداری هەبێت لە نوسینەوەی مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەکەیدا بە گیانێکی هونەریانە، وەک ئەوانەی لە پەیکەرەکانی شێخ مەحمودی نەمر و عومەری خاوەر، یان لە و دیواربەندییەکەی بەردەقارەماندا دەیبینین. لەم پڕۆژە هونەریانەیدا زاهیر سدیق نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردیش دەخوێنێتەوە.

لە هەر یەکێکیش لەو کارە هونەریانەیدا زاهیر سدیق گرنگییەکی باشی داوە بە هاوچەرخێتی، وەک دکتۆر زاهیر لەتیف کەریم لەسەر ئەم هونەرمەندەمان دەنوسێت " زاهیر سدیق لەڕێگەی ناوەڕۆك وكارێكتەری پەیكەرەكەیەوە ڕۆڵی پێكەوەلكاندنی هەر دوو جەمسەری زەمەنی دەبینێت ولەهەمان كاتدا زەمەنی ڕابردوو وەك كەرەستە وسەرچاوەلێگرتنێك(مرجع) بەكار دەهێنێت. بەمەش هونەری هونەرمەند بەشێوەیەكی گشتی و پەیكەرە ئاماژەپێكراوەكەی بەتایبەتی،لەیەك كاتدا،دەبنە ستراتیژیەتی كردارە گوتارییەكەی هونەرمەند و لێرەشەوە چەمكی بونیادی خوڵقێنەری بەدەردەكەوێت كەهەر وەك زانای كۆمەڵناسی ئینگلیزی جۆن ڕسكن ئاماژەی پێكردووە، بریتییە لەكۆكردنەوەی شت ومەسەلە زەمەنییەكان لەنێو چوارچێوە و ڕووبەرێكی دیاریكراوی كاركردندا كەئاماژەیە بۆ بابەتێكی فیكری ومەعریفی و ڕۆشنبیری دیاریكراوی كاریگەر."

ئەم نوسینەی دکتۆر زاهیر بەشێکە لە نوسینێکی درێژ لەسەر پەیکەری شێخی نەمر یەکەم پادشای کوردستان، کە هونەرمەند زاهیر سدیق دروستی کردووە.

زاهیری هونەرمەند هاوڕایە لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندانی تر کە هونەر کەوتۆتە بەر مەترسییەوە لەو ڕوانگەیەوەی هەوڵ هەن بۆ لەباربردنی خەونە هونەرییەکان نەک یارمەتیدان و کۆمەک کردنی هونەرمەندان بۆ هێنانەدی خەونە هونەرییەکانیان.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا هونەری پەیکەر تاشی مێژوویەکی دێرینی خۆی هەیە بەڵام ئەم مێژووە بێبەش نەبووە لە دابڕان.

ئایا لە هونەری پەیکەر سازیدا، گەیاندنی "پەیام" ئاسانە؟
ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا تێگەیشتن بۆ پەیکەر و هونەری پەیکەرتاشی لە ئاستێکی گونجاودایە؟

ئایا جیاوازی چیە لە نێوان کایەی هونەری و کایەی سیاسی، هونەرو سیاسەت چۆن لەیەک جیا دەکرینەوە؟

هونەرمەندان چۆن دەتوانن پەیامی کاری هونەری نەکەنە پەیامی سیاسی ؟

ئایا هونەرمەندی پەیکەساز بۆخۆی دەتوانێت پێناسەیەکی ئەم هونەرە بکات؟

زاهیر سدیق، هونەرمەندی پەیکەرتاش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:13 0:00

XS
SM
MD
LG