Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕەئوف بێگەرد


ڕەئوف بێگەرد
ڕەئوف بێگەرد

هەمیشە نوسین ئەو گەشت و گەڕانە بەردەوامەیە بۆ دۆزینەوەی شتە پەنهانەکان و پێشکەشکردنی بە خوێنەر بە شێوەیەک چێژ ببینێت لە خوێندنەوەیان و هەروەهاش ئاشنا بوون پێیان.

دەکرێت بگوترێت گێڕانەوە زمانێکی هاوبەشە لای هەمووان، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کەس نییە بتوانێت بە سەلیقەیەکی لێوانلێو لە جوانکاری و پاشخانێکی ڕۆشنبیری و گیانێکی نەرمەوە وەک نوسەری ڕاستەقینە دایبڕێژێت و سەرگوروشتەکەمان بۆ بگێڕێتەوە.

بۆ ئافراندن لە نوسیندا، چیرۆک بە نمونە پێویست بە خوێندنەوەی زۆر هەیە، پێویست بە شەن و کەوکردنی ئەزموونەکانی پێشتر هەیە، پێویست بە نۆژەن کردنەوەی دنیابینی هەیە تا بتوانرێت ئیش لەسەر واقیعە نوێیەکان بکات و بیانکاتە دەروازەیەک بۆ ئەو جۆرە فەنتازیایەی خوێنەری خۆی سەرسام بکات.

وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکانی ژانرە فەرهەنگییەکان ئاماژەی پێدەکەن مانا بە واتا بابەتییەکەی کاریگەری سەرەکی دەبێت لە هێنان و بردنی خوێنەر کە زۆربەی جار ماناکان لە جەستەی پرسیاردا دەردەکەون ئەو پرسیارانەی چیرۆکنوس لە خوێنەرانی خۆیانی دەکەن.

لەگەڵ گەشەکردنی هەر ژانرێکی فەرهەنگیدا پێویست بە پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەکانیش هەن تا هەر هیچ نەبێت بەرچاو ڕوونییەک بە خوێنەران بدات، بەڵام یەکێک لە گرفتەکانی لە فەرهەنگی کوردیدا هەن، کەمی ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانەن و ئەو ئەندازەیەش کە هەیە وەک زۆرێک لە نوسەران خۆیان باسی دەکەن بێ کەموکوڕی نیین و لە هەندێک باریشدا باس لە کەمتەرخەمی ڕەخنەگریش دەکرێت لە خوێندنەوەکانیدا.

ئەگەرچی بە بەراورد بە شیعر، چیرۆک تەمەنێکی کەمتری هەیە بەڵام دەکرێت بگوترێت لەگەڵ ئەو تەمەنە کورتەیشیدا ئامادەییەکی تۆکمە و سەنگینی هەیە و خوێنەری خۆیشی هەیە.

ڕەئوف بێگەرد
ڕەئوف بێگەرد

دەمێکە ڕەئوف بێگەرد دەناسم لە ڕێی چیرۆکەکانیەوە و لەو کاتەشەوە کە لە چایخانەی شەعب یەکمان ڕووبەڕوو ناسی، دەرفەتێکی ئەوتۆ نەبوو تا دانیشتنێکی تێر و تەسەل بۆ قسە کردن لەسەر چیرۆک و ئەزموونی چیرۆک نوسینی بێگەرد بکەین، ئیدی ژیان ئاوەهابوو، کاتێک دەکەوتینە ئاخاوتنێکی ڕژدەوە، دنیا خۆی لە ئێوارەدا دەشاردەوە و ئەو کاتەش وەهابوو، دەبووایە بەر لەوەی شەو دابێت لە ماڵەوە بیت، بە تایبەتیش بۆ کەسێکی وەک ڕەئوف بێگەرد کە جگەرگۆشەیەکی ئەوسا پێشمەرگە بوو.

ڕەئوف بێگەرد، هاوشێوەی چیرۆکەکانی، بە ئارامی دەدوێت و هێدی هێدی پەیڤەکانی باس دەکات بە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە و ئاگاداریشە لەوەی چ وشەیەک لە چ شوێنێکدا بەکار دەهێنێت.

حوسەین پاڵەوانی یەکێک لە چیرۆکەکانییەتی و گەر بە تەواوەتی لە یادم بێت بە هاوڕێکەی دەڵێت " چیی دی لە خەمی قۆڵە بڕاوەکەیدا نییە بەڵکو دەخوازێت بزانێت لە پێناوی چیدا ئەو قۆڵەی لە دەستداوە؟!"

ئەم پرسیارەی حوسەین لەو چیرۆکەی ڕەئوف بێگەردا، هێندەی کارەسات و تراژیدیاکانی شەڕ، گومانی خستە سەر کۆی جەنگەکان و لەو کاتەشەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەندەی خوێنەر پرسیاری هەر تەنها لە سەر قۆڵە بڕاوەکەی حوسەین نییە هێندەی ئەوەی پرسیارم لەسەر لۆرد و سەرکردەکانی جەنگەکانە.

ئەم چیرۆکنوسەمان مرۆڤ دۆستانە و ژیان دۆستانە چیرۆک و نوسینەکانی دادەڕێژێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی خۆی پڕ بووە لە هەڵکشان و داکشان بەڵام لە هەموو داکشانێکدا چاوی لەو ڕێیە بووە بەرەو هەڵکشانی دەباتەوە

ڕەئوف بێگەرد، وەرگێڕانی شاکارە فەرهەنگییەکانیشی لە ئەستۆ ناوە، وەک شاکارەکانی دستۆیۆفسکی و چەندانی تریش.

دستۆیفسکی
دستۆیفسکی

ئایا چیرۆکی کوردی هەر تەنها لە خولگەکانی گێڕانەوەدا بوونی هەیە؟

ئایا ڕەئوف بێگەرد وەک زۆرێک لە نوسەرانی تر بە شیعر ژیانی نوسینی خۆی دەستپێدەکات؟
ئایا ڕەئوف بێگەرد چەندێک ئازادانە لە چیرۆکەکانیدا باس لە حەرامکراوەکان دەکات؟

ئایا نەوەی نوێی چیرۆک، بڕوا و متمانەیان بە ئەزمونەکانی چیرۆکنوسینی نەوەی پێش خۆیان هەیە؟

ئایا ڕەئوف بێگەرد لە نوسینی هیچ چیرۆکێکی خۆی پەشیمان بۆتەوە؟ بۆچی؟

چیرۆکنوس ڕەئوف بێگەرد، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:36 0:00

XS
SM
MD
LG