Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: تەرمی کچە شەڕڤانێکی کورد لە عەفرین بە دەستی هێزەکانی سەر بە تورکیا شێوێندراوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فایلی ڤیدیۆیی پـێگەیشتووە کە تیایاندا نیشان دەدرێت تەرمی کچە شەڕڤانێکی کورد لە میانەی شەڕی عەفرین لە لایەن ژمارەیەک چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا سووکایەتی پـێدەکرێت و دەشێوێندرێت.

کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕی خۆی دوو پارچەی کورتی ڤیدیۆکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت جلەکانی بەشی سەرەوەی کچەکە لێکراونەتەوە و چەکدارەکان کەوتوونەتە شێواندنی تەرمەکە و لێکردنەوەی چەند پارچەیەک لە تەرمەکە. دەشڵێت ئەم ڕووداوە خەڵکی عەفرینی بێزارکردووە.

بەپـێی کۆمەڵەکە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەشدارن، گوتویانە ئەمە لە تۆڵەی ئەو کارەی هێزە کوردیـیەکانە کە لە مانگی چواری ساڵی 2016 ، دەیان تەرمی چەکداری ئەوانیان لەسەر ماشێنکی بارهەڵگر بە نێو شاری عەفریندا گەڕاند.

لە لایەکی دیکە سەرچاوە کوردیـیەکان هەواڵەکەیان پـشتڕاستکردەوە، دەڵێن ئامینە عومەر کە بە بارین کۆبانی ناسراوە لە میانەی شەڕەکانی ڕۆژی 30 ی مانگی یەک لە گوندی قورنەی ناوچەی بلبلە گیانی لەدەسـتداوە و تەرمەکەی کەوتووەتە دەستی چەکدارانی سەر بە تورکیاوە.

کاربەدەستێکی کوردی سوریا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ئاشکراکردووە بارین بەشداری شەڕی داعشی لە کۆبانی کردبوو.

هەروەها مستەفا بالی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات گوتویەتی " بیخەنە بەرچاوتان ئەم داگیرکەرانە ئەمە بە تەرمی کچێکمان بکەن، دەبێت چی بکەن ئەگەر ئێمەیان بە زیندوویی بکەوێتە بەردەست؟"

XS
SM
MD
LG