Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عەفرین لە سەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا


نزیکەی دوو هەفتە بەسەر هێرشەکانی تورکیادا بۆسەر ناوچەی عەفرین لە کوردستانی سوریادا تێدەپەڕێت و هیشتاش شەڕ قورسە.

تورکیا دڵنیایی داوە بە حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد لە سوریادا سەبارەت بەوەی کردە لەشکرییەکانی "چڵە زەیتون" تەنها بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکەیەتی، لە کاتێکدا دیمەشق زۆر بە توندی ناڕەزایی هەبووە بەرامبەر ئەو شاڵاوە لەشکرییەی تورکیا وەک دەڵێت بۆسەر سەروەری سوریا.

هەندێک لە میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە گوایە بەڕێوبەرایەتی کانتۆنی عەفرین داوای هاوکاری و کۆمەکی لە حکومەتی سوریا کردووە، بەڵام "هێڤی موستەفا" هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا نکوڵی کردووە لەوەی دانوستاندن هەبێت سەبارەت بەوەی کانتۆنی عەفرین بخرێتەوە ژێر دەستی لەشکری سەر بە حکومەتی سوریا.

ئایا حکومەتی سوریا بەم ڕەوشەی ئێستایەوە دەتوانێت داکۆکی لە سەروەری وڵاتەکەی بکات؟

پەلامارە لەشکرییەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری، دووابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەشق و ڕاهێنان پێکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیان پێکرد کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشی هەرە سەرکییەتی. ئەو مەشق و ڕاهێنانەش بە مەبەستی پێکهێنانی هێزێکی 30 هەزار کەسی بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا و عێراقدا.

ئانکەرە نەک هەر بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو جۆرە هەوڵە بوو، بەڵکو بەر لە پێکهێنانیشی ئەو هێزە ئاسایشیەی بە لەشکری تێرۆر ناودێر دەکرد.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

فەڕەنسا دۆسێی عەفرینی بردە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ هیچ بڕیارێک کۆتایی پێهات.

پاش ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئانکەرە کەوتە هەڕەشەکردنیش لەو هێزە سەربازییەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە شاری مەنبجە.

ئایا ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر شاری کوردنشینی عەفرین پشتیوانی نێونەتەوەیی لەگەڵدایە؟

سەرۆکی فەڕەنسا لە دواترین لێدوانیدا لەسەر ئەم قەیرانە دەڵێت نابێت تورکیا هێرشەکانی بۆسەر یەپەگە بکاتە بیانویەک بۆ داگیرکردنی وڵاتێکی تر، وە دەشڵێت ئەگەر دەرکەوت ئەوە مەبەستی ئانکەرەیە ئەوا دەبێتە کێشە بۆمان!

وەزیری دەرەوەی تورکیا ناڕەزایی لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا سەبارەت بە لەشکرکێشی ئەنکەرە بۆ سەر عەفرین دەردەبڕێت و دەڵێت نە فەڕەنسا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە مافی ئەوەی نیـیە لەم بارەیەوە ئامۆژگاریـیان بکات.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئەنکەرە بە ڕۆژنامەوانانی گوت "ئێمە وەکو فەڕەنسا نین کە جەزائیر و وڵاتەکانی دیکەی عەرەبی داگیرکرد، ڕەفتارەکانیان لە کیشوەری ئەفریکا بۆ هەموو لایەک ڕوونە، بۆیە فەڕەنسا مافی ئەوەی نیـیە وانەمان لەم جۆرە پـرسانە پـێبدات."

پاشان سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی و گوتی ئەنکەرە هەموو لایەنەکانی لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی سەر عەفرین ئاگادارکردووەتەوە، لەوانە فەڕەنسا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد خودی خۆی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای ئاگادارکردووەتەوە لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە، وە هەروەها ئەردۆغانیش بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ ماکرۆن ئەنجامداوە.

گوتیشی" بە داخەوە ئەم جۆرە لێدوانانە لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە نیشانەی دووفاقی ئەوروپایـیەکانە، کاتێک بۆ ڕای گشتی لێدوان دەدەن ئەم جۆرە قسانە دەکەن و کاتێکیش لەگەڵ ئێمە قسە دەکەن دەڵێن ئێوە مافی خۆتانە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن."

بۆچی تا ئێستا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەڵوێستێکی ئەوتۆی بەرامبەر عەفرین نییە؟

ئایا جیهان دەتوانێت خۆی بخاتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتیەی کارەساتە مرۆییەکان لە عەفرین بە بەشێک لە شەڕی دژی تێرۆریزم ناودێر بکات؟

ئایا کورد لە سوریادا بۆتە بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران لە سوریادا و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕوسیا؟

لە حەوت ساڵی ڕابردوودا شەڕی ناوخۆی سوریا ژمارەیەک ڕەهەندی بە خۆیەوە بینی، لە سەرەتادا دەربڕینی ناڕەزایی گەلانی سوریا بووە لە فەرمانڕەوایانی وڵاتەکەیان و درێژەی ئەو بەهارە عەرەبییە بوو کە لە وڵاتی تونسەوە سەریهەڵدا، ئەوجا یەکێک لە دەرهاویشتەکانی ئەو بەهارە عەرەبییە دروستبوونی ڕێکخراوە توندڕەوە ئاینییەکان بوو کە ستراتیژیەت و ئامانجیشیان تەواو جیاواز بوو لە پرەنسیپەکانی بەهارە عەرەبیەکە. ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانە لەلایەن بەشێکی بەرچاوی وڵاتە سوننەگەراکانی ناوچەکە پشتیوانیان لێدەکرا و کارئاسانی زۆریشیان بۆ دەکرا.

شیکەرەوە نکوڵی ناکەن لەوەی بوونی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانە لە سوریادا وەک ئەحرار ئەلشام و بەرەی نوسرە کە دواتر یەکیان گرت و بوونە (جەیشی ئەحراری شام)، ئەلقاعیدە لە سوریا، جەیشی سوننە، ئەنسارولدین و چەندان ڕێکخراوی تریش کاریگەرییان هەبووە لەسەر وەرچەرخانەکانی ڕەوشی شەڕە ناوخۆییەکەی سوریا، بەڵام دەرکەوتنی ڕێکخراوە توندڕەوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بە خاڵیکی گەورەی گۆڕانکاری ئاڕاستەکانی ئەو شەڕە ناوخۆییەی سوریا دادەنرێت لەو ڕوانگەیەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە وڵاتانی ناوچەکەشەوەی ناچارکرد دەستی ڕاستەوخۆیان بخەنە ناو قەیرانەکان و شەڕەکانی سوریاوە.

ئایا هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کورد لە سوریادا بەشێکە لە شەڕی ناوخۆی سوریا؟

دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:12 0:00

XS
SM
MD
LG