Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هونەری فۆتۆگراف و بەرەنگاربوونەوەی جەنگەکان


ڕەوەند جەواد - شانۆ ئیبراهیم مەتۆ

"کاتێک جەنگ هەموو شتێک وێران دەکات" ناونیشانی ئەو پێشانگا هونەریە فۆتۆگرافیەیە کە هەر نەک فۆتۆگرافەر بەڵکو نومایشتکاریش تیایدا بەشدارن.

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین پێشانگای هونەرمەندی فۆتۆگرافەر (ڕەوەند جەواد) ە کە هونەرمەندی شانۆیی (شانۆ ئیبراهیم مەتۆ) بەشداری تیادا کردووە.

خەڵکی سیڤیل و قوربانیان لە ناو خەڵکی سیڤیلدا لە ئاکامی مەرگدۆستی شەڕەکان بەردەوام جێگەیەکی تایبەتیان هەبووە لە وێنە فۆتۆگرافییەکانی ڕەوەنددا.

ئەم هونەرمەندە تەنانەت ناوی پێشانگاکانیشی لە هەناوی کارەساتە مرۆییەکانەوە دەنێت و لە پێشانگاکانیشیدا لە ناو جەنگەکانەوە ماناکانی ژیان و جوانییەکانی ژیان دەنوسێتەوە و دەخوازێت ئازارەکانی منداڵان و خەمەکانی ژنان و کچانی نیشتمان بڕەوێنێتەوە و دەشخوازێت لەوێوە گەشتە هونەرییەکانی خۆی دەستپێبکات و بە مرۆڤەکان بڵێت ئێمە ئاوەها دەژین.
ڕەوەند، پێشتریش وەک ئێستای لە پێشانگاکانیدا گوزارشتێکی باشی لە جل و بەرگی دێرینی کورد کردووە و توانیویشیەتی لەو ڕێیەوە سەرنجی بینەرانی خۆی بەلای ئەو جل و بەرگە دێرینانەدا ڕابکێشێت و وەک بەشێک لە کلتور بیانهێڵێتەوە.

پێشتر ئەم هونەرمەندەمان ڕووبەڕووی گرفت و ئاستەنگ بۆتەوە لە لایەن کەسایەتییە ئاینیەکان و لایەنە سیاسییە ئاینیەکانیشەوە بەهۆی شکاندنی بارە باوەکان لە وێنەگرتندا و کەم نەبوون ئەو تەگەرانەی لە بەردەمیدا بوون.

ئەو جۆرە گرفتانە هەر تەنها خودی هونەرمەندەکان یان نوسەرانی نەگرتۆتەوە بەڵکو زیاتر براوەتە ناو کۆمەڵگە و ناو ماڵەکانیشی گرتۆتەوە و لە هەندێک باردا هەڵواسینی تابلۆیەک یان وێنەیەکی فۆتۆگرافی، نومایشت کردن لە دەقێکی تایبەتی شانۆییدا، نوسینی شیعرێک یان گێڕانەوەیەکی پڕ لە جوانکاری چیرۆکێک، داڕشتنی پەخشانێک و هتد، دەخرێنە خانەی ئەو حەرامانەی نابێت قسەیان لەسەر بکرێن.

ئەزموونی ئەمجارەی ڕەوەند جەواد جیاوازە لە جارەکانی پێشووی، پاش زیاتر لە دوو ساڵ ژیان بەسەربردن لە وڵاتێکی ئەوروپادا پێنجەم پێشانگای دەکرێتەوە.

ڕەوەند چیرۆکەکانی بە وێنەی فۆتۆگراف دەگێڕێتەوە، نەهامەتی قوربانیانی جەنگەکان باس دەکات کە زۆربەیان منداڵ و خەڵکی تری سیڤیلن و شەڕەکان ژیانیان لە دەسەندنەوە.

ئایا لە ماوەی ئەم زیاتر لە 150 ساڵەی تەمەنیدا، فۆتۆگراف توانیویەتی بیسەلمێنێت کە هونەرە؟

ئایا لە پێشانگای "کاتێک جەنگ هەموو شتێک وێران دەکات" ژیان نیشانی بینەران دەدرێت یان هەر تەنها شێوە و جوانکاری شتەکان؟

ئایا مەرجە لە هونەری فۆتۆگرافدا کاراکتەرەکان هەر تەنها هونەرمەندانی شانۆیی بن؟

ئایا هونەری فۆتۆگراف دەتوانێت مێژووی سەرکەوتن و شکستەکان بگێڕێتەوە؟

ئایا بۆ گێڕانەوەی بابەتێک بە وێنەی فۆتۆگراف، پێویستە بەرنامەڕێژی و پلانی پێشوەخت هەبن؟

ئایا هونەر، بە تایبەتیش هونەری فۆتۆگراف، چەندێک کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تێرۆر؟

ئایا هونەر بە گشتی دەتوانێت بە جوانکارییەکانی خۆی جێ بە دیاردە نەخوازراوەکان و ناشرینەکانی ناو کۆمەڵگە لەق بکات؟

هەردوو هونەرمەند، ڕەوەند جەواد و شانۆ ئیبراهیم مەتۆ، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:45 0:00

XS
SM
MD
LG